سەرۆک بافڵ پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق دەکات

03:07 - 2025-04-24
کوردستان
51 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق کرد.

لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە پابەندبوونی هەموولایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەرۆشانە پێویستی پەلەکردن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دووپاتکردەوە، بەشێوەیەک ببێتە مایەی بوژاندنەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی ماڵی کورد و یەکگوتاری سیاسی بەرامبەر پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.

رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.

لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بافڵ سەرنجی خۆی خستەڕوو و وتی، هەوڵەکان بۆ یەکهەڵوێستی کورد بەردەوامن و یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو ئەم ئامانجە نیشتمانییە بەدیبێنێت و بە یەک ستراتیج لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا گفتوگۆ بکرێت بۆ پاراستنی مافی گەلی کورد و سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان