گرێبەستێك بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی بازیان ئیمزاكرا

قوباد تاڵەبانی: كۆمپانیا گەورەكانی جیهان دەتوانن بەشداربن لە گەشەپێدانی كوردستاندا

11:43 - 2025-04-28
کوردستان
34 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای تۆرەس ئینێرجی و جێنراڵ ئەلیكتریكی ئەمریكی، بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی بازیانی سلێمانی، رایگەیاند: ئەم گرێبەستە نامەیەكی روونە بۆ هەموو جیهان كە كوردستان دەرگای بەڕووی كۆمپانیا گەورەكانیاندا كراوەیە تا بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا خۆماڵییەكان بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی كوردستاندا.
لە رێوڕەسمەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، راشیگەیاند: لەڕێگەی ئەم گرێبەستەوە، دەتوانرێت یەك لەسەر سێی كارەبای هەموو كوردستان بەرهەمبهێنرێت و بەدڵنیاییەكی زیاترەوە كارەبای 24 سەعاتی دابین بكەین. ئاماژەی بەوەشكرد كە لایەنێكی گرنگی ئەم گرێبەستە راهێنانی ئەندازیار و كادرە هونەرییەكانی ناوخۆیە لەسەر نوێترین پرۆگرام و تەكنەلۆژیای سەردەم لە بەرهەمهێنانی كارەبادا و بەشێوەیەكی گشتیش سیاسەتی حكومەتی هەرێم لە بەرهەمهێنانی كارەبادا ئەوەیە پشت بە وزەی پاك و ئەو جۆرانە لە وزە ببەسترێت كە زیانی كەمتر بە ژینگەی هەرێمەكەمان دەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی، وتیشی: قسەیەك هەیە لە ناخی دڵمدا، نەیڵێم دڵم دەتەقێت، دەمەوێت لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو كۆمپانیایانە بكەم كە چەندین ساڵە ئیشی جوان و بەهێزیان كردووە لە سلێمانی و لەم دەڤەرە بەتایبەتی، نەیانهێشت ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایەی كە لەسەر سلێمانی دەكرا، ئەو هەموو ریكلام و پڕوپاگەندەیەی لەلایەن میدیای ئۆپۆزسیۆن و لەڕێگەی هەواڵی درۆ بە ئاڕاستەیەكی خراپی سیاسی دەكرا بەرامبەر بە سلێمانی، كاریگەرییان لەسەر دروست بكات و لە ئیشوكارەكانیان خاویان بكاتەوە.

«بە هەموو شێوەیەك
هاوكار و پشتیوانتان دەبین»

لەبارەی گرێبەستەكەوە، قوباد تاڵەبانی، لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسیویەتی:
هەرێمی كوردستان دەرگای كراوەیە بەڕووی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان و بەتایبەتیش كۆمپانیا ئەمریكییەكان. ئەو گرێبەستەی ئەمڕۆ لەنێوان كۆمپانیای تۆرەس ئینێرجی و جەنەرال ئەلیكتریك ئیمزاكرا، هاندەرێكی بەهێزە بۆ كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا خۆماڵییەكان بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی كوردستاندا و ئێمەش بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پشتیوانیان دەبین.
لە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا سوپاسی هەموو ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەم كرد كە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرباری ئەو هەموو هێرشە ئامانجدار و سیاسی و میدیاییەی دەكرایە سەر سلێمانی، ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی خۆجێیی بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان و سلێمانییان كردە پێشەنگی وەبەرهێنان لە هەموو عیراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان