عیراق بە رەسمی بانگهێشتنامەی بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی، رادەستی سەرۆکی سوریا دەکات، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە بەغدا رێکبخرێت.
دوێنێ، ئەحمەد فەکاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عیراق رایگەیاند: بانگهێشتنامەی رەسمیی پێشکەش بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کردووە بۆ ئەوەی لە لووتکەی عەرەبی ئامادەبێت، کە رۆژی 17ی مانگی داهاتوو لە بەغدا رێکدەخرێت.
بەدرانی لەلێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عیراق بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆك کۆمار، بانگهێشتنامەکەی پێشکەش بە سەرۆکی سوریا کردووە.
راشیگەیاندووە: لووتکەی عەرەبی ئاڵنگارییەکانی بەردەم نەتەوەی عەرەب تاووتوێ دەکات.
ئەو بانگهێشتنامەیە لەدوای دیدارێکی خێرا و کتوپڕ و نهێنی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دێت، کە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە قەتەر بەڕێوەچوو.
لە بەرانبەر ئەو بانگهێشتنامەیە و پرسی ئامادەبوونی سەرۆکی سوریا لە لووتکەی عەرەبی لە بەغدا، هەفتەی رابردوو یوسف كیلابی پەرلەمانتاری عیراق داواكارییەكی بە ناو و ئیمزای 58 پەرلەمانتارەوە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و داوایان دەکرد نووسراوێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە و حكومەتی عیراق بكرێت بۆ ئەوەی ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا نەكات و بەشداری لووتكەی عەرەبی نەكات.
لە نووسراوی 58 پەرلەمانتارەكەدا ئاماژە بۆئەوە كراوە، كە هۆكاری داواكەیان پەیوەندیی بە تۆماری تاوانكاریی سەرۆكی ئێستای سوریاوە هەیە لە عیراقدا و وەفایەكیشە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیان.
هەروەها، یوسف كیلابی لە لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆكی سوریا لەلایەن دادگای عیراقییەوە داواكراوە و مامەڵەكردن لەگەڵیدا شكاندنی سوێندی یاساییە.
بە رادەستکردنی بانگهێشتنامە رەسمییەکە، کۆتایی بەو داواکارییانە هێنراوە و عەباس جبوری ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت «عیراق وڵاتێکی سەربەخۆیە لە بڕیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و هەرێمایەتییەکانی، لەم چوارچێوەیەشدا کراوەیە بەڕووی هەموو دەوڵەتاندا بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیی و سەروەریی وڵات، بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریاش، بڕیاری روخسار و دەست و زمانی عیراقییە، نەك دەرەکی».