پچڕانی كارەبا، چۆن ژیانی لە ئیسپانیاو پورتوگال پەكخست؟

11:09 - 2025-04-29
جیهان
50 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پچڕانی كارەباوە لە تەواوی ئیسپانیا و پورتوگال و چەند ناوچەیەكی فەرەنسا، بەشێكی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و دامەزراوە ژیارییەكانی ئەو وڵاتانە، بۆ ماوەیەك پەكیانكەوت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەكانی هەواڵ، لە پاشنیوەڕۆی دوێنێوە كارەبا پچڕاوە و كاریگەریی لەسەر ژێرخانی هاتوچۆی ئەو وڵاتانە هەبووە، بەتایبەتیش كە بووەمایەی وەستانی شەمەندۆفێر و میترۆ و هەموو ئەو ئامرازانەی هاتوچۆ كە بە كارەبا كاردەكەن. جگەلەوە، چالاكییە وەرزشییەكانیش وەستێنران و كوژانەوەی ترافیكلایتەكانیش بووەهۆی داخستن یان جامكردنی رێگەوبانەكانی ئەو وڵاتانە بەتایبەتی لە شارە گەورەكانی وەك مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و لیشبۆنەی پایتەختی پورتوگال. بەشێكی زۆری سێكتەرەكانی تریش لەو وڵاتانە پەكیانكەوت، بۆ نموونە پارەدانی ئەلیكترۆنی لە بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەكان و پارەڕاكێشان لە ئامێرەكانی (ATM) و لەوانەش گرنگتر چەند بەشێكی هەندێك لە فڕۆكەخانەكانیش وەستان لە كاركردن و بەشێكیش لە گەشتە ئاسمانییەكان دواخران. بەهەمان شێوە، كۆمپانیاكانی پەیوەندییكردن و مۆبایل بەهۆی نەمانی كارەباوە بۆ ماوەیەك پەكیانكەوت و خەڵكی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەك لە پەیوەندییكردنیشدا دابڕان، بۆ ئەو مەبەستەش پێدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا داوای لە هاووڵاتیان كرد مۆبایل بەشێوەیەكی بەرپرسانە و تەنها بۆ كاری زۆر پێویست بەكاربهێنن. 
سەبارەت بە هۆكارەكانی پچڕانی كارەبا، تا درەنگانی دوێنێ شەو، نە كەناڵەكانی میدیا و نە سەرچاوەكانی حكومەت لە ئیسپانیا و پورتوگال هیچ زانیارییەكی تەواویان نەدا و لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەشیدا، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا دوێنێ ئێوارە هەر ئەوەندەی وت كە نازانرێت لەبەرچی كارەبای سەرتاسەریی وڵات پچڕاوە، وتیشی: وڵات بە كاتێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ژمارەی هێزەكانی ئاسایشی وڵات لە شەقامەكان و شوێنە گشتییەكان زیاد دەكەین.
لەلایەكی ترەوە، ماڵپەڕی رەسمیی حكومەتی ئیسپانیاش پەكیكەوت و هەر بەپێی راپۆرتەكانی رۆژنامەنووسان، بەهۆی پچڕانی كارەباوە بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەكاندا، رادیۆ وەك تاكە سەرچاوە یان سەرچاوەی سەرەكیی بەدواداچوون و بەئاگابوون لە دوایین هەواڵی كارەبابڕانەكە و پێشهاتەكانی تری وڵات بەكارهاتووە.
لەلایەكی ترەوە، بەپێی راپۆرتێكی (BBC English)، هیچ شارەزایەكی وزە لە ئیسپانیا و پورتوگال، زانیاریی تەواویان لەسەر هۆكارەكانی كارەباپچڕانەكە نییە و هەندێ لە شارەزایانیش پێیانوایە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی سیستم و تۆڕی كارەبای نیشتمانی، بەڵام پرۆفیسۆر كەیت بێڵ لە زانكۆی گلاسكۆ لەلێدوانێكیدا بۆ (BBC) ئاماژەی بەوەدا كە رەنگە بەهۆی یەك هەڵەی بچووكەوە ئەو پێشهاتە روویدابێت. 
كوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان