راپۆرتی / ئیبراهیم قامشلو
یەحیا سلۆ نیگارکێش و كاریكاتێرستێکی خه‌ڵكی رۆژئاوای کوردستانە و تابلۆکانی له‌گه‌ڵ تابلۆكانی شێوه‌كارانی دیکەی جیهان نمایش و بەراورد ده‌كرێن.
یه‌حیا سلۆ شێوه‌كار و كاریكاتێرست له شاری دوسلدۆرفی ئه‌ڵمانیا، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە منداڵییەوە دەستم بە هونه‌ری نیگارکێشی کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەمان، بەردەوام بووم لە خوێندنی ئامادەیی و زانکۆ له پارێزگای حه‌له‌ب. لە ساڵانی هه‌شتاكانی سەدەی رابردوودا لە شاری حەلەب به‌رده‌وام بووم له هونه‌ری نیگاركێشی، بەتایبەت لە ناوەندێکی هونەری له حەلەب و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كاره‌كانی خۆم پێشخست. هەر لە سەرەتاوە زۆربەی به‌رهه‌مه هونەرییه‌كانم کوردی و کوردستانی بوون.
وتیشی: لەم ساڵانەی لە ئەڵمانیا ده‌ژیم، هونەری نیگارکێشی و کاریکاتێره‌كانم بەشێوەیەکی مۆدێرن گه‌شه پێداوە، بەرهەمەکانم لە ئەوروپا و جیهان ناسراون، هه‌روه‌ها تابلۆ و کاریکاتێر بۆ چەند رۆژنامە و ماڵپەڕێكی ئەڵمانیا و ئەوروپا و كوردستانی ده‌نێرم.
روونیشیكرده‌وه، دەبێت کاری هونەری خاکی بێت و پێویستی بە گەشەپێدان و ته‌كنیكێكی نوێوە و دەشێت بناغەیەکی بەهێزی هەبێت، پاشان لە هەرکارێکدا، مرۆڤ ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندیی و جیاوازی هه‌بێت بۆ گەشەكردن.
ئەوەشی خستەڕوو: كاره‌كانم لە سوریا زیاتر لۆكاڵی بوون، بەڵام لە ئەوروپا تەکنیك و شێوازی خۆمم هەیە، هاوکات توانیومە بەشێوازی خۆم کاربكه‌م و سنوورە کلاسیکییەکان ببڕم و گه‌شه بە کارەکانی بده‌م، لە گوندەکەماندا چەندین شوێنەواری رۆمانی کۆن هەبووه و سودێکی زۆرم لێ وەرگرتووە، بەتایبەت لە هونەری نیگارکێشیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە وه‌ك شێوه‌كار كارده‌كه‌م، به‌ڵام لە ئەوروپا زیاتر بە هونەری کاریكاتێر ناسراوم. زۆرێک لە رۆژنامە و ماڵپەڕەكانی ئەڵمانیا و جیهانیش وێنه‌ی کاریكاتێری من بڵاودەکەنەوە، له كاتێكدا هونەره کاریكاتێرییه‌كان زۆر گرنگن و فۆڕمێكی گەلەرییان هەیە، هەرچەندە پێشتر لە پارێزگای حەلەب وێنه‌ی کاریکاتێریم دروست دەکرد، بەڵام هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نەبوو بڵاویان بکاتەوە، هەربۆیە خەڵک سوودی لێ نەده‌بینی، بەڵام لە ئەڵمانیا، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا زۆر گرنگی پێده‌درێت.
یه‌حیا سلۆ له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: کاریكاتێر هونەرێکی گرنگە و میدیا و رۆژنامەكانی کورد ده‌بێ بەهایەکی تایبەتیان پێبدەن، چونکە تایبەتمەندی کاریكاتێری ئەوەیە کە هونەرێکی رەخنەگرانه‌یه و کۆمەڵگەش ناتوانێت به‌بێ ره‌خنه گەشە بکات.
دەشڵێت: ساڵانە له ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌وروپا پێشانگەیەک بۆ تابلۆکانم دەکەمەوە و ژماره‌یه‌كی زۆر لە تابلۆ و كاریكاتێر نمایش ده‌كه‌م. ئێمه ده‌مانه‌وێت له ئه‌وروپا و جیهاندا كه‌لتور و هونه‌ری كوردی پێشبخه‌ین و له‌ڕێگه‌ی تابلۆكانمانه‌وه خزمه‌ت به گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین و په‌یامی هونه‌ری كوردی و كورده‌واری به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن بگه‌یه‌نینه جیهان.
یەحیا سلۆ جگەلەوەی کاریکاتێر و شێوه‌كارێكی ناسراوی كورده، نووسەر و رۆماننووسە و خەڵکی گوندی ئەحراس-ی سەر بە باکووری پارێزگای حەلەبە، کە ژمارەیەکی زۆری کورد لەوێ ژیاون به درێژایی مێژوو و شوێنی ره‌سه‌نی میلله‌تی كورده. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامه له کاره هونەرییه‌كانی.