سێ سەرچاوە، کە یەکێکیان لێپرسراوێکی حکومییە، بە رۆژنامەی «الشرق الاوسط»یان راگەیاندووە، دانوستانی ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤ ئەکادیمی روسی-ئیسرائیلی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و هیچ نەماوە تەنها ئازادکردنی نەبێت.
تسورکۆڤ رەگەزنامەی ئیسرائیلی و روسی هەیە و لە مانگی ئاداری ساڵی 2023وە لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا رفێندراوە و دەوترێت تائێستا بە شاراوەیی لە عیراقدا ماوەتەوە.
سەرچاوە حکومییەکە باسی لەوەکردووە، دانوستانەکان دوورودرێژ و سەخت بوون، بەڵام بە رێککەوتنێك کۆتاییهاتووە، کە پێدانی پارەش لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەیەکی تری ئاگادار لە دانوستانەکان باسی لەوەکردووە، لایەنی رفێنەر رازی بووە کچە ئیسرائیلییەکە ئازادبکات بەوپێیەی دەستپێشخەرییەك کراوە بۆ ئازادکردنی چەند کەسێك کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.
تسورکۆڤ توێژەرە لە زانکۆی برینستۆن و بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی عیراق، بە ئەرکێکی ئەکادیمی و بەشێوەیەکی یاسایی هاتووەتە وڵاتەکەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە رفێندراوە و هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو کارە رانەگەیاندووە.
کوردستانی نوێ