بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی كەمئاویی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا گرتووەتەبەر و چاوەڕوانیشن ئاوی پێویستیان بۆ دابینبكرێت.
ئیدارەی نوێی پارێزگای كەركوك، بۆ دروستنەبوونی كێشەی ئاوی خواردنەوە، پلان و بەرنامەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا بە بڕیاری رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بڕیاردرا بە راكێشانی هێڵی ئاو لە ناحیەی تازەوە لە خوارووی كەركوك بۆ گەڕەكی پەنجاعەلی، پرۆژەكەش هەنگاوی باشی بڕیوە و بە تەواوكردنی؛ كێشەی كەمئاویی ئەو گەڕەكەش چارەسەر دەبێت.
هیشام زەنگەنە، دەڵێت: هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە كردووە و ئەوەندەی پێشبینی دەكەن مەترسیی كەمئاویی لەئارادا نابێت، وتیشی: لە هەردوو پرۆژەی ئاوی دووبز و كەیوان ئامادەباشیی تەواو كراوە و لە هەردوو پرۆژەكەوە دەتوانرێت لە سەعاتێكدا 30 هەزار مەترسێجا ئاو دابینبكرێت.
سەبارەت بە گەڕەكەكانی كوردستان و پەنجاعەلی و دەروازە، كە لە ساڵانی رابردوودا و لە وەرزی هاویندا گرفتی كەمئاوییان هەبووە، ئەوەی خستەڕوو كە لە گەڕەكی كوردستان چەندین تانكی گەورەی ئاو دانراوە و كێشەكەیان چارەسەربووە، لە گەڕەكی پەنجاعەلیش 10 بیری ئیرتیوازی لێدراوە، ئەگەر گرفتێك نەیەتەڕێگە، كێشەی ئاو لەو گەڕەكانە نابێت.
یەكێك لە هۆكارەكانی كەمئاوی لە چەند كۆڵان و گەڕەكێك، كۆنی سیستمی ئاو و شكانی بۆرییە، لەوبارەیەوە ئامانج عاسی میراوی گەڕەكی دەروازە، دەڵێت: لە چەند رۆژی رابردوودا گرفتی كەمئاوییان هەبووە بەهۆی شكانی بۆریی گەڕەكەكەیانەوە، دوای ئەوەی رۆژی 19/5، تیمەكانی فەرمانگەی ئاو سەرجەم بۆرییە شكاوەكانیان چاككردەوە، ئێستا گرفتیان نەماوە.
كەركوك- هێمن ئەحمەد