ستار ئه‌حمه‌د
زامه‌كانی گه‌ڵای عومرم
له‌گوڵدانی مه‌زرای دڵما
به‌سه‌ر هێشووی به‌های ژینا
بارانی خوێن ده‌بارێنن
له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی عه‌شقا
ساتێك ده‌بنه په‌یامی مه‌رگ
بۆتاوێكیش مێژووی بوونت ده‌نووسنه‌وه
ئه‌و ساتانه‌ی رێمان بۆ قوڵپه‌ی كانیاو
سه‌مفۆنیای رووباره‌كان ده‌كرده‌وه
تۆ بۆ وه‌رینی پرچی گوڵ
هه‌ڵواسینی به‌ژنی سێ‌و
كوژرانی چڵێك ده‌گریای
بۆ ناسینی كه‌ناریه‌ك
چه‌ندین ته‌لبه‌ندت ده‌شكان
ئێستا له‌پاڵ خه‌رمانی ژانی حه‌سره‌تا
بۆ باده‌یه‌ك خوێنی خۆت و
هه‌ڵواسینی ترێی رازێك
په‌نجه‌ره‌ی خۆزگه ئه‌دوێنی
رووپۆشی باخچه‌یه‌كی بێوه‌ژن و
تارای ره‌زێكی قه‌یره هه‌ڵئه‌ده‌یته‌وه
نه‌له‌گه‌ڵ نسێی ره‌هابووندا
نه له وێستگه‌ی عیشقا ده‌ژی
ده‌مێك ده‌بی به جۆگه‌ی خوێن
تاوێك وه‌ك ره‌هێڵه‌ی باران
بناره‌كان ده‌شۆیته‌وه
ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌یته نیگای رامان‌و
گه‌واڵه‌یه‌ك ده‌كه‌یته به‌ر
دوامده‌كه‌وی وه‌كو نه‌گبه‌تی رۆژگار‌و
چوون تارمایی خه‌م‌و سێبه‌ر
تۆ كسپه‌ی ژانێكی تاڵ و
كۆرپه‌ی حه‌زێكی بێنه‌وای
هێلانه‌ت په‌یڤی شیرین و
ئاسمانت په‌ڕه‌ی ره‌نگینه
شیعر نه‌بێ
له هه‌ناوی گڵا ده‌مری
لووتكه‌یه‌ك نابێته ماڵت
نیشتمانێك باوه‌شت بۆ ناكاته‌وه
به‌سه‌ر هه‌ر دڕكێكا ده‌ڕۆیت
مینێك له‌ڕێت چێنراوه
باوه‌ش له‌هه‌ر دارێك ئه‌ده‌یت
سێداره‌یه‌ك له‌به‌ژنی جوانت ئاڵاوه
گه‌ڵایه‌ك مێژووت ده‌سڕێته‌وه
چڵێك زامه‌كانت دائه‌گیرسێنێ
جگه له سووتووی ئازارێك
به‌روارێ جێناهێڵیت و
مێژوویه‌ك بۆ ته‌م نانووسی
تۆ برینی عومری مه‌زرای
تۆ وڵاتی خاك‌و گوڵ بووی
له‌گه‌ڵا به‌هار‌و ئه‌وینا
هه‌ر زوو دزرای