من بیری دەکەم، ئەو نا

12:52 - 2022-10-11
دووتوێ
384 جار خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم هەورامانی

(1)
هەور،
پێکهاتەیەکە لە دووری تۆ و
تەنیایی من.
بەشوێن تۆدا،
دەبێتە باران!

(2)
پاییز،
وەرزی  یەکەم و
دووەم و
سێهەم و
چوارەمینی ساڵە.
کە ئینسان عاشق دەبێت!

(3)
چاوەڕێی،
مانگی مارس نیم،
تا بەهار بێت.
بێ گومانم،
لەوەی،
تۆنەیەیت،
بەهار  نابێت.

(4)
ئەمەیە،
چیرۆکی وێرانبونی دونیا.
هەبوو، نەبوو
من هەبووم و
تۆ نەبوویت!

(5)
کە دەڵێیت،
شەوباش.
مانگ هەڵدێ،
ئاسمان پڕدەبێ لە ئەستێرە.
حەزناکەم،
هیچ کات رۆژ بێتەوە.

(6)
من گوڵێک،
شک دەبەم.
بەهار،
هەزار
هەزار
هەزاران گوڵ!

(7)
دڵم،
خاڵی 
خاڵیە.
چەند قەترە خوێنێ نەبێت.
خاڵی ،
خاڵیە،
دڵم.
نە رەنگی تۆ،
نە دەنگی تۆ کە دێت.
خاڵی،
خاڵیە،
دڵی من!
        
(8)
گوڵەکانی،
وەرزی بەهار،
هەمە چەشنن،
زۆرن،
هەمەڕەنگن.
بەڵام،
ناگەنە ئاست،
جوانی،
گوڵی تەختی کراسەکەی تۆ!
        
(9)
تامی،
نیگای چاوانی تۆ،
تا دوای مردنیش دەمێننەوە.
هێند شیرینن!

(10)
نەمانگ،
نەخۆر،
نە ئەستیرە و باران.
نە درەخت،
نەگوڵ،
نە زەردەپەڕی ئێواران.
هەر خۆت،
بەتەنیا،
لەخۆت ئەچیت.

(11)
کە دێیت،
دڵ،
لێنادات،
دەلەرزێ!

(12)
دڵ،
زمانی هەیە.
کەنیت،
دێتە گۆ!

(13)
رۆشتنی تۆ،
پایزی نەبڕاوەی دەوێت.

(14)
هاتنت،
جێگۆڕکێ بە مانگەکان دەکات.
بۆ نموونە:
نیسان،
دەباتە شوێن،
تشرینی یەکەم.

(15)
هەندێک،
رێگا هەن نابڕێنەوە،
هێندە دورن.
وەک،
دوری نێوان من و تۆ!

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان