ته‌یب جه‌بار
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
ده‌ست ده‌كه‌مه‌وه:
به ته‌ته‌ڵه‌ی قسه‌ی نه‌سته‌ق،
به بژاری په‌ندی پێشینان،
به گسكدانی سێبه‌ر،
به لولدانی خۆره‌تاو،
به رادانی هه‌ور،
به كۆكردنه‌وه‌ی بۆنی باران.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
به ره‌شه‌با هه‌ناسه‌م خۆشه ده‌كه‌م،
سووره فیكه‌یه‌ك لێده‌ده‌م و...
فوو ده‌كه‌مه تۆپی زه‌وی،
وه‌ك میزه‌ڵدان به‌ره‌ڵای ئاسمانی ده‌كه‌م.
***
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
خه‌ریكی ئیش و كاری خۆم ده‌بم:
به رۆژ تیشكی خۆر كز ده‌كه‌م،
به شه‌و تۆنی تاریكی تۆخ ده‌كه‌م.
دا‌و بۆ ئه‌ستێره ده‌نێمه‌وه،
مانگ له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستم ده‌خولێنمه‌وه.
به چه‌قۆی نه‌رم،
ورد ورد نووكی بێده‌نگی تیژ ده‌كه‌م.
به په‌نجه‌ی مۆسیقا،
گه‌رووی ده‌نگ هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه.
كه‌فاوێك له تێكه‌ڵه‌ی تام و بۆن ده‌گرمه‌وه،
ده‌موچاوی ره‌نگی پێ ده‌شۆم.
له شیله‌ی قریوه و لیكی پڕمه،
ده‌رمانێك بۆ چاره‌سه‌ری (په‌له‌په‌ل) ده‌دۆزمه‌وه.
به رۆنی جریوه،
شان و ملی به‌ره‌به‌یان ده‌شێلم.
به ده‌رزی و ده‌زووی زمانه‌وانی،
جلوبه‌رگ بۆ شیعری دڕا‌و ده‌دورم.
بۆ شه‌وچه‌ره‌ی زستان،
هه‌ندێك قسه‌ی هاوینه پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌م.
***
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
جلوبه‌رگی تازه له‌به‌رده‌كه‌م:
پانتۆڵ له قوماشی هاژه،
چاكه‌ت له قرچه‌ی گه‌رما،
جلی ژێره‌وه له هه‌ناسه‌ی یار،
كراس له تریفه‌ی مانگ،
بلوز له كزه،
پێڵاو، چه‌رمی په‌پووله
پاڵتۆ، وژه‌ی دارستان
ملپێچ، په‌لكه‌زێڕینه.
***
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
خواردنی خۆمانه ده‌خۆم:
به‌یانیان شیعر و رۆن.
نیوه‌ڕوان چیرۆكی سوره‌وه‌كراو.
ئێواران شۆربای رۆمان.
رۆژانی هه‌ینیش یاپراخی ره‌خنه‌مێو،
به هه‌وراوی خه‌سته‌وه.
***
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
ئیتر هاتوچۆی كافتریای كه‌فاو ناكه‌م.
ناچم بۆ مه‌زادی بازاڕی گرێ كوێره.
ناچم بۆ پیاسه‌ی پاركی تاك مه‌ودا.
گوێ له ده‌نگوباسی ته‌نگه‌به‌ر ناگرم.
ره‌شنووسی هیچ كوده‌تایه‌ك ناخوێنمه‌وه
ئیتر وازدێنم:
له كوڵاندنی ئاگر.
له برژاندنی ئاو.
له وه‌ستاندنی با.
له خه‌واندنی خۆڵ.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵی خۆمان،
سه‌ری خۆم كزده‌كه‌م و ده‌ست ده‌كه‌م...
به هۆنینه‌وه‌ی قه‌سیده‌ی (كه‌وتن به‌ره‌و ئاسمان)
سه‌ربه‌رز و دڵنیا بیرده‌كه‌مه‌وه و ...
ده‌حه‌سێمه‌وه.
سلێمانی/ نیسانی 2022