هه‌رێز جه‌مال
یه‌كه‌م یه‌كێتیی تۆپی پێی لە جیهاندا ئەمان دایانمەزراندووە، مێژووەکەشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1863، به‌ڵام خاوه‌نی ته‌نیا یه‌ك جامی مۆندیالن، ئه‌ویش لە ساڵی 1966 بووە له خاكی خۆیاندا، ئه‌وانیش ئینگلزەکان و هەڵبژاردەی ئینگلتەرایه.
له مێژووی درووستبوونی هه‌ڵبژارده جیاوازه‌كانی بەریتانیا (ئینگلتەرا و وێڵز و سکۆتلەندا و ئایرلەندا) و به‌شداریی كردنیان له مۆندیالەکاندا، چەندین نەوەی یاریزانی به‌هێزیان هه‌بووه‌و هه‌میشه پاڵێوراو بوون بۆ به‌ده‌ستهێنانی زیاتر له جامێك، به‌ڵام دواتر لەم كه‌رنه‌ڤاڵه مه‌زنه‌دا ده‌ستبه‌تاڵ ده‌رچوون.
لە رۆژی 8 -ی حوزەیرانی 2021 –ەوە، یه‌كێتیی تۆپی پێی ئینگلته‌را له ژێر ده‌ستی ژنێكدایە کە ناوی دێبی هیویت-ە، ئەم وەک یەکەم ژن هەڵبژێردراوە تا سەرۆکایەتیی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی بکات، ئەم لە شوێنی کرایگ کلارک - و لە مانگی یەکی ساڵی 2022 –ەوە بە ره‌سمی دەستبەکاربووە.
هیویت ئەزموونێکی بەرفراوانی لە بواری كارگێری تۆپی پێدا هه‌یه، بۆ ماوەی 15 ساڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای بەرفراوانی به‌ڕێوه‌بردووه، له چه‌ندین دیداری رۆژنامه‌وانیشدا باسی له‌وه كردووه كه جامی مۆندیالی 2022 بكاته دووه‌م جام و ئەم بیخاته مۆزه‌خانه‌كه‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌یەوە.
چەند ئامارێکی تایبەتە بە تۆپی پێی ئینگلیزی
*بە تۆمارکردنی 53 گۆڵ، واین ڕۆنی گۆڵکاری مێژوویی وڵاته‌كه‌یه‌تی کە لە 120 یاریدا تۆماریکردوون، بەڵام ئەم ریکۆردە نزیكه له شكاندن لەلایەن هاری کەینی ئەستێرەی تۆتنهام هۆتسپێرسەوە، ئەم تا ئێستا 51 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەم مۆندیالە هێرشبه‌ری سه‌ره‌كی سێ شێره‌كه ده‌بێت له مۆندیالی قه‌ته‌ردا.
*هەڵبژاردەی ئینگلتەرا 15 جار به‌شداریی مۆندیالی كردووه ،لە سێ جامی جیهانی یەکەمدا بەشداری نەکردووە، یه‌كه‌م بەشدارییکردنی لە مۆندیالی1950 - به‌رازیل بوو، ساڵی 1966 گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی تۆمار کردووە کاتێک جامی مۆندیالی له خاكی خۆیدا به‌رزکردەوە.
*جگە لەم تاکە نازناوە، پێشتر ئینگلیزەکان دوو جار پلەی چوارەمییان بەدەستهێنا و ئەوەش لە مۆندیالی مەکسیک ساڵی 1986، روسیا 2018 بوو.
*ئینگلتەرا دوای ئەوەی بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ پێشەنگی ڕیزبەندی گروپی یەکەمی گرت، بە 8 بردنەوە و 2 یەکسانبوون له پاڵاوتنه‌كانەوە گەیشتە مۆندیالی قه‌ته‌ر- 2022،
* هه‌ڵبژارده‌كه لەم مۆندیالەدا به سه‌ركردایه‌تی گاریس ساوسگەیتی راهێنه‌ر و یاریزانە دیارەکانی وەک هاری کەین، ڕەحیم ستێرلینگ، جود بێلینگهام، بوکایۆ ساکا، فیل فۆدن، مەیسۆن ماو‌نت، جاکا بەشداریی ئەم مۆندیالە دەکات.
*تا ئێستا لیستی كۆتایی یاریزانەکانی ئینگلته‌را بۆ ئەم مۆندیالە دیار نییه، به‌ڵام ساوسگەیت پێشتر ئاماژه‌ی بە دوورخستنەوەی ئارنۆڵد، یاریزانی هێڵی بەرگری لیڤەرپوڵ لە مۆندیالدا كردووه، لەکاتێکدا هەردوو بەرگریکاری سەرەکی هه‌ڵبژارده‌كه ڕیس جەیمس و کایل واکەریش رەنگە ئامادەنەبن بەهۆی پێکانەوە.
*هەڵبژاردەی ئینگلتەرا له یەکەم یاری مۆندیالی ئه‌مساڵ دا، 21/11/2022 لە یاریگای نێودەوڵەتی خەلیفە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، پاشان لە یاری دووەمدا لە یاریگای ئەلبەیت،رۆژی25/11/2022، لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا یاری ده‌كات، دوایین یاری قۆناغی کۆمەڵەکانیشی دێربی چاوەڕوانکراوی بەریتانیا دەبێت بەرامبەر وێڵز لە 29ی هەمان مانگدا لە یاریگای ئەحمەد بن عەلی.