شەرمەزارییەكی گەورە

10:50 - 2022-11-14
وەرزش
296 جار خوێندراوەتەوە
ئەم خۆشیی دەربڕینەی ئیتاڵییەکان لە دوو مۆندیالدا نابینرێت

تنۆک یادگار 
(برینێك بەردەوام خوێنی لێ دەچۆڕێت) ئەمە ئەو ناونیشانە یان ئەو مانشێتەیە کە بەردەوام لە کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەكانی ئیتاڵیادا دەنوسرێت و دەوترێتەوە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان نەیتوانی بۆ جاری دووەم لەسەر یەك و پاش هەردوو مۆندیالی روسیا و قەتەر.

هەڵبژاردەیەكی تۆكمە
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نازناوی پاڵەوانی جامی یۆرۆی 2020 -  ی بەدەست هێنا و لە یاریگای ویمبڵی (1-1)(3-2) لە ئینگلتەرای بردەوە، بە رەچاوكردنی پێكهاتە بەهێزەكەی بووبە بەهێزترین پاڵێوراو بۆ گەیشتن بە دوا یارییەكانی مۆندیالی قەتەر و تەنانەت بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی مۆندیالیش.
بەڵام دوای ئەنجامدانی یارییەكانی پاڵاوتن، نەیتوانی راستەوخۆ بگاتە مۆندیال، چووە یارییەکانی پاشكۆی پاڵاوتنی كیشوەری ئەوروپا بۆ گەیشتنە دوا یارییەكانی مۆندیال، لەم قۆناغەی یارییەکانیشدا لە یارییەکی چارەنووسسازدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەكدۆنیای باكوور بووەوە، بەڵام فیكەی كۆتایی ئەو یارییە تەواوی ئیتاڵییەكانی هەژاند بەوەی هەڵبژاردەكەیان بەئەنجامی گۆڵێكی بێ بەرامبەر دووچاری شكست هات و بڕینی بلیتێكی دوا یارییەكانی مۆندیالی لەدەستدا.
ئەم کارەساتە لەكاتێكدا بوو ئیتاڵیا یەكێك بوو لەهەڵبژاردە بەهێزەكان، بەتایبەت دوای ئەوەی نازناوی یۆرۆی بەدەستهێنا و رۆبرتۆ مانچینی راهێنەر سەرپەرشتی هەڵبژاردەكەی دەكرد، ئەم کارەساتەش بۆ جاری دووەمی یەک لەسەر یەک بوو چونکە لە مۆندیالی 2018 ی روسیاش بێ بەش بوو، بەوەش بۆ ماوەی هەشت ساڵە ناتوانێت لەمۆندیالدا بەشدار بێت، بەر لە مۆندیالی روسیا بەدرێژایی 60 ساڵ لەهیچ مۆندیالێك بێ بەش نەبووە.

لە تۆمار کردنی ریکۆردێک نزیک بوو
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا تا یارییەی بەرامبەر مەکدۆنیا، ریکۆردێکی نوێی لەتۆپی پێی جیهاندا نوسیبووەوە، ئەویش ئەوەبوو لە 36 یاریی یەک لەسەر یەك تامی دۆڕاندنی نەکردبوو، بەمەش ریکۆردەکەی هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئیسپانیای شكاند كە ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە 35 یاریی یەک لەسەریەكدا هیچ دۆڕاندنێكیان تۆمار نەكردبوو، ئەمە لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەكرا ئیتاڵیا درێژە بەو ریکۆردە بدات و مێژوویەكی نوێ لەتۆپی پێی جیهاندا تۆماربكات، بەڵام مەكدۆنیا خەونەكەی لەباربردوو دوای ئەو ژمارە یارییە (35 یاریی)، دووچاری شكستێكی مێژوویی و كەمەرشكێن بوو.

خاوەن چوار جامی مۆندیال
هەڵبژاردەیەكی وەكو ئیتاڵیا مێژوویەكی پڕ سەروەری لە مۆندیالەکاندا هەیە، خاوەن فەلسەفە و شێوازێكی تایبەتی یاریكردنە بەخۆی، بەر لەو شكستە چاوەڕواننەكراوەی بەرامبەر مەكدۆنیا، بەبیر هیچ كەسێكدا نەدەهات بۆ جاری دووەمی یەک لەسەر یەک لەمۆندیال بێ بەش بێت، جگە لەوەش تائێستا 18 جار گەیشتۆتە دوا یارییەكانی مۆندیال و توانیویەتی چوار جامی مۆندیل بەرز بکاتەوە و پاڵەوانی مۆندیالەكانی: 1934، 1938، 1982، 2006 بووە، لەمۆندیالەكانی (1970 و 1994) یشدا پلەی دووەمی دەستەبەركردووە، پلەی سێیەمی مۆندیالی 1990شی گرتووە، ئەم هەڵبژاردە ناودارەی جیهان، یەكەم یاریی رەسمی خۆی  لە رۆژی 15ی مانگی ئایاری ساڵی 1910 دا كردووە و رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەرەنسا بووەتەوە و توانیویەتی  (6-2) لە فەرەنسییەکان بباتەوە،
هەروەها لەجامی یۆرۆشدا بەشدارییەكی كاریگەری هەبووە و لە 16 یۆرۆدا، بەشداری یاریی کۆتایی 10 یۆرۆی کردووەو دوو نازناوی یۆرۆكانی 1968 و  2020 ی بەدەستهێناوە، 

شەرمەزارییەكی گەورە
دوای ئەو کارەساتە، زۆربەی ئەستێرەو یاریزانە دیارەكانی ئیتاڵیا بێ ئومێدی خۆیان بەرامبەر ئەو ئەنجامانە دەربڕیوە، بەتایبەت رۆبرتۆ باجیۆی ئەستێرەی پێشوو لەلێدوانێكیدا دەڵێت: شەرمەزارییەكی گەورەیە، ئەو پێیوایە تۆپی پێی وڵاتەكەی لەبارودۆخێكی خراپدایە.
هەروەها ئەو شكستەی ئیتاڵیا وایكرد گوشارێكی زۆر لەسەر بەرپرسانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە دروست ببێت، بۆیە بەرپرسانی ناچاركردووە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە تا بەرنامەیەكی تایبەت بۆ مۆندیالی 2026 دابنێن، هەروەها دەیانەوێت دڵنەوای هاندەرانیان بدەنەوە، ئێستاش باس لەوە دەكەن نەك دەتوانن بگەنە دوا یارییەكانی مۆندیالی 2026، بەڵکو خەونی بەدەستهێنانی نازناوی پێنجەمیان هەیە.

#دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان