ئابووری و دیداری یەکێتی

10:42 - 2022-04-09
دووتوێ
679 جار خوێندراوەتەوە

پ.ی.د. ئەیوب سماقەیی

1-2

پێویستە لایەنی ئابووری گرنگیی زۆری پێبدرێت، لە بەرئەوەی ئابووری هۆكاری گوزەركردنی ژیانە، ژیانی كۆمەڵانی خەلكی كوردستانیش لە دۆخێكی خراپدایە، رێگەچارەی بنەڕەتی و راستەقینە لەم خاڵانەدا بەدیدەكرێت:
1- سیستمی ئابووری هەرێمی كوردستان
سیستمی ئابووری كوردستان بریتییە لە ئابووریی تێكەڵ، كە پێكدێت لە ئابووریی بازاڕ و ئابووریی ئاراستەكراو، كەرتی تایبەت، بەشێك لە بڕیارەكان دروست دەكات، بەڵام بەشێكی بڕیارە ئابوورییەكان كەرتی گشتی دروستی دەكات، كەرتی گشتی رۆڵی دەبێت لە ئاراستەكردن و راستكردنەوەی بازاڕ. حكومەتی كوردستان یاسا و رێنمایی دەردەكات بۆ رێكخستنی ژیانی ئابووری، لە هەندێك كەرتی ستراتیژیدا خۆی دەبێتە بەرهەمهێن و فرۆشیار و بازرگان، بە تایبەتی ئەو كەرتانەی پەیوەندییان بە داهاتوو و ئێستای ژیانی خەڵكەوە هەیە، وەك (كەرتی سەربازی، تەكنەلۆژیا و زانیاری و كەرتی پەروەردە و فێركردن، كەرتی تەندروستی و كەرتی سامانی سروشتی)، لەپێناوی گەیشتن بە پەرەپێدانی ئابووری بەردەوام، لەپێناوی بەرزڕاگرتنی ماف و ئازادی و كەرامەتی مرۆڤەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و دادپەروەرانە لە رێگەی ئەم میكانیزمانەی كە لە مادەكانی تردا دێت.
2- شكۆی ئابووری
پاراستنی شكۆی هەرێم و رزگاركردنی لە پاشكۆبوونی ئابووری.
3- وەبەرهێنان
هاندانی وەبەرهێنان و ئاراستەكردنی بەپێی بەرژەوەندی هەرێم.
4- هەلی كار
هەوڵدان بۆبەگەڕخستنی تەواوی خەڵكی هەرێم و پاراستنی ماف و هەلی كار بۆیان.
5- جیاوازی چینایەتی
كەمكردنەوەی جیاوازی دەسهات و جیاوازیی چینایەتی و ناوچەیی.
6- پاراستنی مافی ئابووری
پاراستنی مافی بەكارهێن و بەرهەمهێن.
7- رێكخستنی بازاڕ
رەخساندنی ركابەریی تەواو لە بازاڕ و رێگرتن لە قۆرخكاری  بە هەموو جۆر و شێوەكانییەوە.
8- خاوەندارێتی
پاراستنی هەر سێ جۆری خاوەندارێتی (گشتی، تایبەت، هاوبەش یان هەرەوەزی)، نابێت خاوەندارێتی بە شێوەیەكی رەها بێت، بەڵكو دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی ئابووری كوردستان و خەڵكی كوردستاندا بگونجێت، لە كاتی بەكارهێنان و فرۆشتن و بەكرێداندا.
9- بیمە
دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی بۆ هەموو هاووڵاتییەك كە توانای كاركردنیان نەبێت.
10- بژێوی ژیان
بەرزكردنەوەی بژێوی ژیانی خەڵك و كەمكردنەوەی بێكاری و نەهێشتنی هەژاری.
11- دارایی بەردەوام
هەوڵدان بۆ بە‌دە‌ستهێنانی داراییەكی بە‌ردە‌وام لە رێگەی سیستە‌مێكی باجی دادپە‌روە‌رانە ‌لە‌ رووی ئاسۆیی و شاوڵی و پە‌یڕە‌وكردنی شە‌فافیە‌تی دارایی و بە‌كارهێنانی سیاسە‌تی دارایی و سیاسە‌تی نە‌ختینە‌ی سە‌ربە‌خۆ و گونجاو.
12- پەرەپێدانی ئابووری
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوە بدەینەوە بۆچی پەرەپێدانی ئابووری گرنگە لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەم چەند پرسیارە دەست پێدەكەین:
1- بۆچی پەرەپێدان بكەین؟ 
ئامانج لە هەوڵدان و خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتنە بە پەرەپێدانی ئابووری، ئەمەش مانای وانییە پەرەپێدانی ئابووری ئامانجە، نەخێر پەرەپێدان هۆكارێكە بۆ گەیشتن بەئاستێكی بەرزی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری مرۆڤەكان، كەواتە هەر گۆڕانێك خزمەتی مرۆڤ نەكات، لە رووی ئابووری و سیاسی و  رۆشنبیری ئەو گۆڕانە پەیوەندی بەپەرەپێدانەوە نییە، وەك سڕینەوەی ناسنامە و نەهێشتنی جیاوازییەكان و هاوردەكردنی عەقیدە و بیروڕا، ئەمانەی تێكدانن و پەیوەندیان بەپەرەپێدانی ئابوورییەوە نییە، كەواتە بۆ ئەوە پەرەپێدان دەكەین بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە ئاستێكی بەرزی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری.
2- بۆ كوێ‌ پەرەپێدان بكەین؟ 
دەبێت پەرەپێدانی ئابووری لە بەرژەوەندی زۆرترین خەڵك بێت، نابێت خۆشگوزەرانی بەدەست بێت کە گشتگیر نەبێت و هەموو كەسێك نەگرێتەوە، بەڵکو تەنیا چەند كەسێكی دەوڵەمەند نەبێت،كەواتە دەبێت جەماوەرێكی پانوپۆڕ سوودمەندبن لە پەرەپێدانی ئابووری، نابێت دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر بكات و هەژارەكانیش هەژارتر، نابێت تەنیا چینی دەسەڵاتداری حزبی و عەسكەری و پەرلەمانی و مەلاكەكان و بەڵێندەرەکان سوودمەندبن، بۆ ئەوەی چینایەتی كەم بێتەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەكان نەبنە خاوەنی دەوڵەت و هەژارەكانیش خزمەتكار.
3- چی پەرە پێبدەین؟ 
پێویستە پەرە بەسەرجەم كەرت و خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان بدەین كە پەرەپێدانیان دەبنە هۆی تێركردنی پێداویستییە مادییە سەرەكییەكانی وەك جلوبەرگ و خۆراك و شوێنی نیشتەجێبوون و دەرفەتی كار و تەندروستی و خوێندن و ئاوەڕۆ و گەیاندن، دابینكردنی پێداویستییە نامادییەكان وەك ئازادی و ئەمن و ئاسایش و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤەكان، بۆ ئەوەی خەڵك برسی نەبن و نەترسێن.
4- چۆن پەرەی پێبدەین؟ 
بۆ ئەوەی لە دواكەوتووی رزگار بین پێویستمان بەپلاندانان هەیە تاكو بگەین بەپەرەپێدانی ئابووری، كەواتە پێویستە پلاندانان هەبێت بۆ گەیشتن بە پەرەپێدانی ئابووری.
5- پلاندانانی ئابووری:
1- پلاندانانی ئابووری هۆكارێكە بۆ خێراكردن و رێكخستنی گەیشتن بەپەرەپێدانی ئابووری، كەواتە پلاندانان هۆكارێكە یان ئامرازێكە بۆ گەیشتن بە پەرەپێدانی ئابووری ‌و رزگاربوون لە دواكەوتنی ئابووری، پەرەپێدانی ئابووریش هۆكارێكە بۆ گەیشتن بەئاستێكی باشتر و بەرزتری مادی كۆمەڵگە، لە رێگەی دەستەبەركردنی كاڵا و خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاووڵاتیان.
كەواتە هۆكار بۆ گەیشتن بە پەرەپێدانی ئابووری؛ پلاندانانە، هۆكار بۆ گەیشتن یان گواستنەوەی كۆمەڵگە لە دۆخێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی خراپ و نەویستراو بۆ دۆخێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی باش و ویستراو؛ پلاندانانە، واتە گەیشتن بە ئاستێكی دیاریكراو لە خۆشگوزەرانی ئابووری، ئەگەر خۆشگوزەرانی ئابووریمان پێوانەكرد بە بڕی كاڵا‌ و خزمەتگوزاری بەرهەمهێنراوی بەردەستخراو، كەواتە پلاندانان هۆكارێكە بۆ گواستنەوەی كۆمەڵگە لە بارودۆخێكی خراپەوە بۆ بارودۆخێكی ویستراوی باش، كەواتە هۆكاری گرنگیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەپلاندانان دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پلاندانان، لە گەیشتن بە ئاستێكی باش لە پەرەپێدانی ئابووری و رزگاربوون لە دواكەوتوویی ئابووری.
2- دووەم: پلانی ئاراستەكردن
پلانی ئاراستەكردن بریتییە لە پلانێكی ناڕاستەخۆ لە رێگەی سەرپشكردن و ئاراستەكردن (الترغیب) و (التوجیە) نەك لە رێگەی ناچاركردن، دەبینین لەم پێناسەیەدا جەختدەكاتەوە لەسەر (میزە الترغیب والتوجیە) كە زۆر روون نییە لەبەرئەوە پەنا دەبینە بەر پێناسەیەكی دیكە، ئەویش ئەوەیە پلانی ئاراستەكردن: بریتییە لە هەماهەنگی چالاكییەكان و دانانی رێسای (ارشادیە) بۆ ئایندە كە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان و یەقین نەبوون، كاردەكات بۆ (ترشید)ی بڕیارەكانی تاك و بڕیاری دەستەجەمعی، كرداری بڕیاردانی ئابووری لە چوارچێوەیەكی دیموكراسی دەبێت هەموو لایەنە بەرپرسیارەكانی جێبەجێكردن تێیدا بەشدار دەبن، لەم پێناسەیەدا دەبینین (عناصر) زیاتر لە خۆدەگرێت، وەك گرنگیدان بە هەماهەنگی لە نێوان چالاكییە ئابوورییە جیاوازەكان و دانانی رێكار بۆ ئایندە لە پێناو كەمكردنەوەی مەترسییەكاندا، ئەمانە هەمووی بە شێوەیەكی دیموكراسی دەبێت و هەموو چالاكییەكان لە خۆدەگرێت.
پلانی ئاراستەكردن: بریتییە لە شێوازێكی زانستی رێكخراو بۆ ئیدارەدان و رێكخستن و چاودێریكردنی چالاكییەكانی ئابووری نیشتمانی، لە رێگەی ئاماژەكان و سیاسەتەكان و دنەدان و دەستەبەركردنی ئازادیی ركابەری لە پێناوی بەرزكردنەوەی ئاستی توانستی بەگەڕخستنی دەرامەتی بەردەست و كەمكردنەوەی تێچوون و باشكردنی جۆر و زیادكردنی توانای دەوڵەت بۆ گەشەكردن. 
ئەم پێناسەیە كۆكەرەوەی ئیدارەدانی دەوڵەت و رۆڵی لە داڕشتنی ستراتیژیەكان لە لایەك و ئیدارەدانی میكانیزمی بازاڕ لە لایەكی دیكە دەگێڕێت، ئەم پێناسەیە باس لە بەكارهێنانی سیاسەتە ئابوورییەكان دەكات لە كرداری ئاراستەكردندا سەرباری رۆڵی گەورەی دەوڵەت لە كرداری وێناكردنی ستراتیژییەكان بۆ ئابووری نیشتمانی. ئەم پێناسەیە یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پێناسەكەی پێش خۆی لە گرنگی (التنسیق) كە پێیوایە پلانی ئاراستەكردن: بریتییە لە شێوازێك یان پڕۆگرامێك كە بە ئەركی دەوڵەت هەڵدەستێت لە هەماهەنگی.
پلانی ئاراستەكردن: شێوازێكە هەڵدەستێت بە چالاككردنی رۆڵی سیاسەتی گشتی و پاكێجەكە لە دنەدان (منضومة الحوافز) بۆ كارتێكردن لە بڕیارە ئابوورییەكانی كەرتە جیاوازەكان و تەبەنیكردنی سیستەمێكی چاودێریی چالاك.
پلانی ئاراستەكردن: بریتییە لە شێوازێكی زانستی بۆ ئامادەكردنی پلان و دابەشكردنی دەرامەت، لە رێگەی هەماهەنگیكردن لە نێوان چالاكییە جۆراوجۆرەكاندا بە شێوەیەكی دیموكراسی، لەگەڵ بەدەرخستنی رۆڵی هەموو كەرتەكان لەپێناوی هەڵسان بە رۆڵی ئابووری خۆیان، لە رێگەی پشتبەستنێكی زۆر بەكەرتی تایبەت، بەبێ ناچاركردن، بە بەكارهێنانی سیاسەتی ئابووری لە رێگەی (الترغیب والتوجیه)ی پێویست، سەرباری كەمكردنەوەی مەترسییەكان و دڵنیانەبوون لە ئایندە بە بەكارهێنانی پێشبینیكردن و بەكارهێنانی سیستەمی چاودێری چالاك بە سوودوەرگرتن لە تواناكانی دەوڵەت و رۆڵە گرنگەكەی.

#دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان