راپۆرتی: جێگر خدر
کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەکێتی لە چەند شارێکدا بەڕێوەچوون، مەڵبەندی 24ی راپەڕین-یش بۆ ئەو مەبەستە لە خۆسازداندایە و ئامادەکاریی پێشوەختی کردووە.
مەڵبەند ئامادەکاری دەکات
ئەحمەد زرار، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین، تایبەت بە گرنگی و بایەخی دیداری یەکێتی و خۆسازدانی کادر و هەڤاڵانی سنوورەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی وتی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی نوێخوازە و باوەڕی تەواوی بە نوێبوونەوە هەیە، ئەمەش لە تێکڕای سێکتەرەکان و لە هەموو پەیڕەو و بەرنامەکانیدا رەنگیداوەتەوە، لەم تێڕوانینەوە بڕیار لەسەر بەستنی دیداری یەکێتی دراوە، وەک مەڵبەندی راپەڕین-یش بۆ ئەو مەبەستە لە هەوڵی خۆسازدان و ئامادەکاریداین کە وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنفرانسی ئامادەکاریی و قۆناغە سەرەتاییەکانی دیدار لەم سنوورەش بەڕێوەبچن، مەڵبەندیش پێشوەختە کۆبوونەوەی ئامادەکاریی کردووە و هێڵە گشتییەکانی دیدارەکەمان باس کردووە و روونکراونەتەوە.
خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک
باسی لەوەشکرد، جیا لە هەڤاڵانی یەکێتی، هەوڵمانداوە خەڵکانی دڵسۆز، ئەوانەی لە دەرەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتین و خاوەنی بۆچوون و دیدی پێشکەوتووخوازن، بەشدار و هەماهەنگبن لەگەڵ کادران و بەشێکبن لە نوێبوونەوەی یەکێتی، کە دواجار ئەم هەنگاوە دەبێتە هەنگاوی خزمەتکردنی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. دیدی یەکێتی ئێستا روونە و لە ژێر رێنماییەکانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانیدایە، ئەو پەیامەی کە دەڵێت «کەسوکاری شەهیدان و گەنجان و خوێندکاران و ژنان و توێژەکانی دیکە، هێزی مرۆیی گەورەن و پشتییان پێدەبەستین»، یەکێتی لەم سۆنگەیەوە بۆ دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی بانگی تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە، کە بەشداربن لە نوێبوونەی یەکێتیدا، مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەندان، وەرزشوانان، نووسەران، خەڵکی رۆشنبیر و دڵسۆز داوایان لێکراوە بەشێکبن لەو لیژنانەی بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی لە دیداری یەکێتیدا پێکهێندراون.
چین و توێژە جیاجیاکان
دیداری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکاریدایە و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال سەرپەرشتی دەکات، لەسەر ئاستێکی فراوانی حزبی و دەرەوەی حزبدا بەڕێوە دەچێت، ئۆرگانەکانی یەکێتی لە مەکتەبەکان و مەڵبەندەکان و کۆمیتەکان-یش بەشێکن لە پرۆسەی ئامادەکاری، لەو بارەیەوە سەلیم رەسوڵ لێپرسراوی کۆمیتەی پشدەر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: وەک کۆمیتە و بەهەماهەنگی مەڵبەند لە ئامادەکارییەکانی دیداری یەکێتی بەشدارن و بەشێکن لەو لیژنانەی کە مەڵبەندی 24ی راپەڕین بۆ ئەو مەبەستە پێکیهێناون، لای خۆمانەوە هەوڵمانداوە چین و توێژە جیاجیاکان بەشداری داڕشتنەوەی دیداربن بۆ بەرەو پێشپردنی زیاتری پرۆسەکە.
هێزێکی کاریگەری گۆڕەپانی عیراق
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێتی هێزێکی کاریگەری گۆڕەپانی سیاسی عیراقە، لەم دۆخەدا بۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد، یەکێتی هەوڵ دەدات خۆی نوێبکاتەوە، تێڕوانینی کەسانی شارەزا و دڵسۆز بەهەند وەردەگرێت و لەو رووەوە خەڵکانی ئەکادیمی و پسپۆڕ هاوکار و یارمەتیدەرن، عیراق و ناوچەکە و ناوخۆی هەرێم-یش گۆڕانکاری تێیدا روویداوە و یەکێتییش وەک لە رابردوودا و تا هەنووکەش خاوەن پێگەیە و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، نوێبوونەوە هەمیشە لەگەڵیدابووە و دیدار-یش هەر بۆ هەمان مەبەستە.
یەکێتی وەک هێزێکی بەرپرسیار
لە دیداری یەکێتیدا، مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی ئەکادیمی بەشدار و هاوکاری بەرەوپێشبردنی پرۆسەکەن، جوتیار جەمال مامۆستای زانکۆی راپەڕین لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت «دیارترین تایبەتمەندییەکانی سەردەمی ئێمە، بریتییە لە گۆڕانکاریی خێرا و بەردەوام، بۆ ئەمەش هەر پارتێکی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە مانەوە و گەشەپێدانی و کاریگەریی خۆی بدات، پێویستی بە بنیادنانەوە و دووبارە داڕشتنەوەی گوتار و پەیام و دروشم و بنەما سەرەکییەکانی کارکردنە لە ئاستە جیاوازەکان بۆ کۆمەڵ و ئۆرگان و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە».
روئیا و فەلسەفەی حکومڕانی
راشیدەگەیەنێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەم قۆناغە ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی لە ئەستۆیە، دیداری حزبەکە دەتوانێت ببێتە دەستوور و کێڵگەی کار بۆ کردن و ئاسانکاریی گرنگ دەکات بۆ بەرپرسانی ناو یەکێتی و هەروەها لایەنگرانیش لە ئاستە جیاوازەکاندا. بۆ ئەم مەبەستە بڕیاربەدەستدانی یەکێتی بە پاڵپشتی خەمخۆرانی حزبەکە لە کات و قۆناغی خۆیدا ئەرکی دامەزراندنەوەی روئیا و فەلسەفەی حکومڕانیکردن لە تەواوی سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵگەیان لە ئەستۆ گرتووە، دیداری یەکێتی نوێکردنەوە و ریفۆرمی ئەو بنەمایانەی یەکێتییە کە یەکێتی لە پێناویدا دروست بوو و دیداریش بەردەوامیدانە بە پڕۆژەکەی مام، کە بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازاد و سەربەخۆیە بۆ گشت چین و توێژەکان.
پێویستیی ھەنوکەیی
کارانی یەکێتی لە سنووری مەڵبەندی راپەڕین، بە بایەخەوە لە سازدانی دیداری یەکێتی دەڕوانن، وریا میراودەلی ئەندامی مەڵبەند بە کوردستانی نوێی راگەیاند: دیداری یەکێتی وەک پێویستیی بۆ ئەم قۆناغە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا ساز دەدرێت، لەم دیدارەدا زیاتر لە ژمارەی دانیشتوانی نێو هۆڵێک، گشتیتر و فراونتر را و بۆچوونی دڵسۆزانی یەکێتی، لە رێگەی چەند فۆرمێکی جیاوازەوە و بە دابەشبوون بەسەر چەند لیژنەیەکدا وەردەگیرێت، لە دیداردا بەبێ هەڵبژاردن هەموو کادرێک دەتوانێت بەشێکبێت لەو بەرنامەی کارە کە بەرهەمی دیدارەکە دەبێت و سیاسەتی حزبەکەی لەسەر دادەڕێژرێت بۆ ئەم قۆناغە.
دەوڵەمەندکردنی کۆنگرە
هەروەها هۆشمەند عەلی، ئەندامی مەڵبەند دەڵێت «هەر وەک راگەیەندراوە، دیدار بەدیلی کۆنگرە نییە، دەکرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆنگرە بێت، گۆنگرەی رابردوو هەموو ئامانجەکانی خۆی نەپێکا، دەکرێت دیداری یەکێتی ئەو کێماسییانە نەهێڵێت کە لە ماوەی رابردوودا دووچاری یەکێتی هاتبوون، گرنگ و پێویست بوو یەکێتی بڕیاری گۆڕانکاری بدات، ئەو بڕیارەش بۆ یەکێتی ئەستەم نییە، چونکە یەکێتی حزبێکە هەمیشە نوێگەر و رچەشکێن بووە، رابەرە مێژووییەکەی (سەرۆک مام جەلال) وەها سیاسەتی یەکێتی داڕشتووە و لای یەکێتییەکانیش پەیمانە کە لەسەر هەمان رێباز بەردەوام بن و بەهەمان شوێنپێدا بڕۆین و تێبکۆشین».