و: دڵان سامان
مادلین ئۆڵبرایت کە لە تەمەنی 11 ساڵییدا وەکو پەنابەرێک گەیشتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پلە بە پلە لە وەزیفەدا سەرکەوت تاوەکو بووە یەکەم ژن وەکو وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی زەبەلاح زۆر کەس لەو بڕوایەدان تەنانەت دوای مردنیشی لە تەمەنی 84 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجە جێپەنجەی ناسڕدرێتەوە.
ماری جانا کوربیلوفا لە ساڵی 1937 لە پراگ-ی چیکۆسلۆڤاکیا لەدایکبووە، لەدوای هاتنیان بۆ ئەمریکا دایکی ناوی گۆڕی بۆ مادلین بەهۆی کاریگەریی سەرکوتکاریی نازیی و شیوعیی لەسەریان، هەر لە منداڵییەوە مادلین چالاک بوو لە دژی ئەو کوشتارگەیانەی لە ئەوروپای رۆژهەڵات دەکران، بەڵام ئەو چالاکییە زیاتر پەرەی سەند کاتێک پۆستی نێردراوی ئەمریکی وەرگرت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشان بووە یەکەم ژن وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چووە نێو دونیای کاری سیاسەتی دەرەوە کە پیاوان دەستیان بەسەردا گرتبوو.
باوکی دیپلۆماتێکی چیکی بوو
مادلین لە خێزانێکی جوولەکە لە دایک بووە کە ساڵی 1938 لەدەست تاوانەکانی نازییەکان رزگاریان ببوو، دوای ماوەیەکی کەم لە چوونە ناوەوەی تانکەکانی سەرۆکی نازی ئەدۆلف هیتلەر بۆ چیکۆسلۆڤاکیا رایانکردبوو بۆ ئینگلتەرا، دوای جەنگیش باوکی ئۆڵبرایت دیپلۆماتێکی چیکی بوو لە شیوعییەت دەترسا پیاوانی جۆزێف ستالین لە پراگ دەستگیری بکەن، بۆیە ساڵی 1948 لەگەڵ خێزانەکەی جارێکی دیکە و ئەمجارە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵهاتن.
لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوودا سەرکەوتنی ئۆڵبرایت لە دەزگای سیاسەتی دەرەوەدا رۆڵە تەقلیدییەکانی ژنی پێچەوانە کردەوە، هیواکانی کاریگەری جووڵەی نوێی ژنانی هەڵگرتبوو کە هانیان دەدان کاری وەزیفیی بکەن، پاشان زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ویلیسلی خوێند و شووی بە میراتگرێکی دەوڵەمەندی رۆژنامەیەک کرد و خێزانیان دروستکرد، کاتێکیش پێشوەختە دوو کچە دووانەکەی لەدایک بوون و خرانە شوێنی چاودێرییەوە لە نەخۆشخانە و ئۆڵبرایت کاتی لە نەخۆشخانە بەوە بەسەردەبرد خۆی فێری زمانی روسی دەکرد.
دکتۆرای لە یاسادا وەرگرت
لە زانکۆی کۆلۆمبیا ساڵی 1976 پلەی دکتۆرای وەرگرت لە یاسای گشتی و حکومیدا، لەسەر دەستی هاوڕێیەکی پەنابەری لە ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە ئەویش زبیگنیو بریجنسکی بوو کە لەدواییدا کاتێک بریجنسکی کرا بە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دوای هەڵبژاردنی جیمی کارتەر وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ئۆڵبرایتی هێنایە کۆشکی سپی وەکو بەرپرسی پەیوەندی لەگەڵ کۆنگرێسدا، لەو ستافەدا ئەو یەکێک بوو لەو تاکە دوو ژنەی لە ستافی کاری ئەو راوێژکارەدا بوون، دوا بەدوای ئەوە کاریدەکرد بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ کاندیدان بۆ سەرۆکایەتی دیموکراتەکان، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ببێتە راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانتار جیرالدین فیرارو، هەروەها یەکەم ژن بوو خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حاکمی ویلایەتی ماساچوستس مایکڵ دوکاکیس، ئۆڵبرایت هەلەکانی باشتربوون کە بیل کلینتۆنی ناسی کاتێک حاکمی ویلایەتی ئەرکەنساس بوو، دوای ئەوەی کلینتۆن ساڵی 1992 بووە سەرۆکی ئەمریکا، ئۆڵبرایت ستافی گواستنەوەی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوەدەبرد، ئۆڵبرایت لەجیاتی پشتبەستن بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو تاکە پاسەوانی جیهانیی رای وابوو پێوسیتە هێزێکی هاوپەیمانی پێکبێنن ئەوەی ناوی دەنا «تەوافوقی یەکلاکەرەوە» گفتوگۆی لەبارەی ئەوەوە دەکرد وڵاتانی دیکە لەو هێزەدا بەشدار بن، لەبەرئەوەی ئۆڵبرایت بە تەلەفزیۆن و بەردەم کامێرا ئاشنا بوو وەکو کاندیدێکی بەهێز دەرکەوت بۆ ئیدارەدانی سیاسەتی دەرەوە بە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆیەوە کە لەبەردەم میدیاکاندا شەرمن بوون.
کاریگەری هەبوو
ئۆڵبرایت بە قسە بەهێزەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاریگەری هەبوو بەتایبەت دوای هەڵوەشانەوەی یۆگۆسلاڤیا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، ئەو فشاری دروستکرد بۆ لێدانی ئاسمانی سربیا، تەنانەت جارێکیان کاتێک کۆڵن پاوڵ سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای هاوپەیمانی بوو دودڵ بوو لەوەی تەدەخول بکەن ئۆڵبرایت تووشی شۆکی کرد کاتێک لێی پرسی «ئامانجی بوونی ئەم هێزە سەربازییە ناوازەیە چییە کە هەمیشە باسی دەکەیت ئەگەر نەتوانین بەکاریبێنین؟» دوای ئەوەی لە حوزەیران و تەمموزی ساڵی 1995 دا هێزی سربیا چوونە ناوچەی پارێزراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و هەزاران مەدەنییان کوشت دواجار رای کۆشکی سپی هاوڕا بوو لەگەڵ هەڵوێستی مادلین ئۆڵبرایتدا و لە سێپتەمبەری هەمان ساڵدا یەکەمین بۆردومانی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانی سەر بە پەیماننامەی «ناتۆ» دەستیپێکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سڕبی بۆسنە بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆکان.
بووە وەزیری دەرەوە
بەوشێوەیە ئەو هەڵوێستەی وایکرد سەرۆکی ئەمریکا بیل کیلنتۆن دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم ساڵی 1996 وەکو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە پلەی بەرزبکاتەوە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەورەترین دیپلۆماتی ئەمریکیش بوو کە بە زوویی بووە سەرۆکی ئیدارەدانی مەسەلەی کۆسۆڤۆ کاتێک فەرمانی بە سلۆبۆدان میلۆسیفیچ کرد ئەو هەڵمەتە خوێناوییەی لە ئیقلیمێکدا دەستیپێکردووە زۆرینەی ئەلبانین بووەستێنێت، بە درێژایی چەندین ساڵ رەخنەی لێدەگرت بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تا دواجار لێدانی ئاسمانی ناتۆ لە ساڵی 1999 دا وایکرد یۆگۆسلاڤیا هێزەکانی بکشێنێتەوە و هەزاران ئەلبانی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
دیارترین دەستکەوتی دیپلۆماسی ئۆڵبرایت ئەوە بوو قەناعەتی بە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکی و روسیا کرد رێگە بدەن پۆڵەندا و مەجەر و کۆماری چیک بچنە هاوپەیمانی ناتۆ-وە، ساڵی 2012 سەرۆک پاراک ئۆباما نیشانەی ئازادی پێدا کە بەرزترین پلەی رێزلێنانی مەدەنییە لە وڵاتدا، وەکو ئەو دەڵێت: ژیانی ئۆڵبرایت سەرچاوەی ئیلهامبەخش بووە بۆ هەموو ئەمریکییەکان.
سەرچاوە: الاشرق الاوسط