كامەران عەلی یاروەیس

كاریكاتێرستێكی گەرمیانی

11:12 - 2022-04-09
کەلتور
862 جار خوێندراوەتەوە

به‌ختیار سه‌عید

لەو دەمانەی هونەرمەندێك دەیەوێت لەرێگای هونەرەوە خۆی و شارەكەی بناسێنێت، ئەوە هونەر دەكاتە بڕیاری خوێندنەكەی و لەوێوە سەرەتاكانی ژیان وێنا دەكات و هەر لەوێشەوە هونەری كاریكاتێریش دەكاتە دەرگایەكی فراوان تری ناو دنیا فراوانەكەی هونەر بەشێوە  گشتییەكە و لەوێوە لەناو شاری كەلارەوە سەرەتاكان دەستپێدەكات و هەر لەوێشەوە هونەری كاریكاتێر ئاشنا دەكات بە زۆرترین تاكەكانی ناو شارەكەی و پێیان دەڵێت كاریكاتێر ئەو هونەرەیە كە دەكرێت رەخنەو شانازییەكانی تێدا كۆبكرێتەوە.
(كامەران عەلی یاروەیس) ئەو كاریكاتێرستەیە بە هونەری كاریكاتێر توانیوێتی كێشەكانی ناو كۆمەڵگەكەی، لە رووە جیاوازەكانی وەكو داب و نەریت و سیاسەت و ژینگەو گشت ئەو هۆكارانەی بوونەتە هەڕەشە لەباشتربوونی ژیانی ئینسان ئەم هونەرمەندە كاری لەسەركردووە، ئەو كاركردنەش بە ئاستێكی زۆر باشەوە كەوتۆتە بەرچاوی بینەرەكانی لەناو هۆڵە جیاوازەكان و لەناو رۆژنامەو گۆڤارەكان و تەنانەت لەنێو تیڤییەكاندا، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی كاریكاتێرستێكی ئاست بەرز درووست ببێت و ببێتە دەنگێكی تری هونەری كاریكاتێر لە شاری كەلارو هەرێمی كوردستاندا.
هونەرمەند  بەشە زۆری كارەكانی تایبەت كردووە بە كێشە كۆمەڵاتییەكان كە بوونەتە رێگرییەك بۆ ئاسانكردنی ژیان، هەربۆیە بەردەوام یەكێك لە كێشەكان بۆتە جێی سەرنجی كارەكانی و هەندێكجار بوونەتە هۆكاری كەمبوونەوەی كێشەكان و بەرچاو روونییەكی لەلای بینەران درووست كردووە كاتێك بوونەتە بینەری پیشانگەكانی لەشارو شارۆچكە جیاوازەكان و هەر ئەوەش بۆتە هۆكار بەرهەمەكانی گرنگییەكی تایبەتی هەبێت لەلای بینەرەكانی چونكە باسكردن بووە لە كێشەیەكی ناوخۆیی و لەهەمانكاتیشدا بەرهەمەكانی ببنە جێی سەرنجی سەرنووسەری رۆژنامەو گۆڤارەكان بەتاسەوە بن بۆ بڵاوكردنەوەی كارەكانی و بشتوانێت لە 100 پیشانگەی هاوبەشدا بەشداری بكات و ببێتە خاوەنی 7 پیشانگەی تایبەتی.
یەكێك لەو بوارانەی كە هونەرمەند كاری لەسەركردووە چاپی كتێب بووە كە وەكو دەرگایەكی تری بەخشینی رێنوێنی هونەریی و ئەمەش ئەو هەلەی بۆ هونەرمەند رەخساندووە بەردەوامی بدات بە كارە هونەرییەكان و بتوانێت  زیاتر هونەر ئەو رێگایە بێت كە بینەرانی پیشانگەكانی ئاسوودەییەك وەربگرن لەبەرامبەر بینینی كارەكانی ئەم هونەرمەندە، بۆخۆی هونەریش هەمان ئەو پەیامەی هەیە كە بەخشینی ئاسوودەیی و ئارامییە لە ئەنجامی ساتەكانی بینینی ئەو كارانەدا.
كامەران یاروەیس یەكێك بووە لەو كاریكاتێرستانەی لە بەشێك لەو پیشانگەو دیدارە كاریكاتێریانەی ناوەندی 7 رەنگە کردوونی بەشداریكردووە، وەكو كاریكاتێرستێكی گەرمیان توانیوێتی بە بەرهەمەكانی بە هاوكاری هاوڕێی هونەرەكەی (ئەحمەد خۆشنووس) توانیویانە ببنە دەنگ و رەنگی تایبەتی گەرمیان و بەرهەمەكانیان لەسەر ئاستە جیاوازەكان بڵاو بێتەوەو پێشوازی لێ بكرێت ئەوەش جێی خۆشحاڵییە كە ئەو دەڤەرە خاوەنی هونەرمەندێكی لەو جۆرەن بۆ گشت لایەك جێی شانازین، هەر وەكو چۆن زۆرێك لە كاریكاتێرستەكان هونەرمەند لەرێگای كۆمپیوتەرەوە بەشێك لە كارەكانی رەنگین دەكات و هێندەی تر گەشاوەیی لەڕووی رەنگ و ئەندازەوە دەبەخشێتە كارەكانی ئەوەش دیاردەیەكە لەزۆربەی وڵاتان كاریكاتێرستان بە پشت بەستن بە كۆمپیوتەر كارەكانیان دەکەن. 

بیۆگرافیای : كامەران یاروەیس 

- 1972 لەشاری كەلار لەدایكبووە.  
ئاستی خوێندن: بەكالۆریۆس لە هونەر 
كاری ئێستا: مامۆستای هونەر لە ئامادەیی پیشەیی كەلار 
- خاوەنی 7 پیشانگەی تایبەتە  لە شارەكانی كوردستان ( كەلار ، كفری ، خانەقین ، دەرەبەندیخان ،سلێمانی ).
- بەشداری زیاتر  لە (100 ) پیشانگەی هاوبەشدا كردووە  لە  كوردستان و دەرەوەدا.
- لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەكانی كوردستاندا بەرهەمە كاریكاتێرییەكانی بڵاو كراوەوتەوە.
- تا ئێستا دوو كوڕاسەی هونەریی چاپكراوە بە ناوەكانی ( فوتبۆڵ و ئاوازی ئەنفال ) و بەرهەمێكی تریشی ئامادەیە بۆ چاپكردن . 

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان