لە رۆژئاڤاوە

روسیا وتووێژ له‌گه‌ڵ هەسەدەدا ده‌كات

09:51 - 2022-12-12
فەتحوڵڵا حوسێنی
346 خوێندراوەتەوە

مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئاشكرای كرد، دوای چه‌ند دیدارێكی له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانان و روسیا و دیمه‌شق سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا و ئه‌گه‌ری هێرشێكی نوێی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكی سوریا، ده‌ركه‌وت هه‌موان دژی هێرشه‌كانی توركیان.
فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات دووپاتی كرده‌وه‌، ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر گفتوگۆیه‌ك، چونكه‌ ئامانجیان چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانه‌ له‌ رێگه‌ی گفتوگۆوه‌، هه‌روه‌ها كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كێشه‌ی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیش به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
له‌ دوای ئیمزاكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی 2019ی نێوان توركیا و روسیا له‌لایه‌ك و ئه‌مریكا و توركیا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، توركیا پابه‌ند نه‌بوو به‌و رێكه‌وتنه‌وه ‌و به‌رده‌وام هێرشی كردووه‌ و دژی كورد و پڕۆژه‌كه‌ی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنوور كشانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ش به‌ قازانجی رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌ر پابه‌ند بوو پێیه‌وه‌ و توركیا پابه‌ند نه‌بوو پێیه‌وه‌.
دوای هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژاڤا و به‌ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچه‌كه‌و كوشتنی كه‌سانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازیش، له‌ دوا دیداری نێوان مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات  و جه‌نه‌راڵ ئه‌لێكسانده‌ر چایكۆ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی روسیا له‌ سوریا، فه‌رمانده‌ روسییه‌كه‌ پێشنیازی كرد هێزه‌كانی رژێمی سوریا له‌و ناوچانه‌ له‌بری هێزه‌كانی سوریای  دیموكرات جێگیر بكرێن، به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیازێكی روسیا كرا بۆ تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی رژێم، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هێزی زیاتری رژێم بهێنرێته‌ ناوچه‌كه‌ و رێگه‌ی پێبدرێت بنكه‌ و باره‌گای پته‌وی خۆی جێگیر بكات، به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی هێڵی به‌ریه‌ككه‌وتنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بیدا.
هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر گره‌نتی و به‌ڵێنی روسیا هێزی رژێم هاتنه‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌بوو بۆ راگرتنی بۆردومانی توركیا، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ روسیا و توركیا رێكه‌وتنی ژێربه‌ژێری قووڵتریان هه‌یه‌، قووڵتر له‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌ 2019دا ئیمزاكرا، به‌ تایبه‌تیش كه‌ روسیا باش ده‌زانێ هێزی رژێم توانای پارێزگاری له‌ خاكی خۆی نییه‌، ئه‌مه‌ش كارتێكه‌ به‌ده‌ست روسیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌كاری بهێنێت له‌ شه‌ڕ و ئاشتی ناو سوریادا.
سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی و شه‌ڕكردن شانبه‌شانی هێزه‌كانی رژێم دژی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سوریا، به‌ڵام كاتێك رژێم هێزێكی زۆر ده‌هێنێته‌ ناوچه‌كه‌وه،‌ ته‌نیا هێز و هه‌ژموونی دیمه‌شق له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدا زیاد ده‌كات و سوودێكی بۆ رێگرتن له‌ هێرش و له‌شكركێشیی توركیا نابێت، چونكه‌ رژێم سوپاكه‌ی جارانی نه‌ماوه‌ و ئه‌و هێزه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی توانای پاراستنی 890 كیلۆمه‌تر سنووری نییه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ رژێم زیاتر له‌ هه‌وڵی پاراستنی دیمه‌شق و كه‌ناراوه‌كانی لازقیه‌ و شوێنه‌كانی خۆیدایه‌.
ئێستاش ناچارین چاوه‌ڕێ بین تا بزانین هه‌ردوو زلهێزه‌كه‌، واته‌ روسیا و ئه‌مریكا هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و رێگه‌ له‌ هێرش و داگیركارییه‌كی دیكه‌ی توركیا بگرن بۆ سه‌ر خاكی سوریا.

و: لاپەڕەی سیاسەت

وتارەکانی نوسەر