ئامانجی تورکیا لە هێرشکردنەسەر باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا

09:38 - 2022-12-14
وتار
382 خوێندراوەتەوە

نەبەز مستەفا ئەمین 

ئاشکرایە کە ئامانجی تورکیا  لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا، جێبەجێکردنی ئەجێندای پاوانخوازی و فراوانخوازی خۆیەتی، بەپێی نەخشەو پلانێک کە هەیەتی لەسەر خاکی سوریا، پاش ئەوەی بارودۆخی ناوخۆی سوریا ئاڵۆزی تێکەوت و سوپای ئەو وڵاتە دوو لەسەر سێی سوپاکەی لەدەستدا.

پاڵپشتیکردن لە هەندێک گروپی توندڕەو
 بۆ (10) ساڵیش دەچێت پەیوەندی حکومەتی سوریا لەگەڵ حکومەتی تورکیا تێکچووە و پچڕاوە، بە هۆی داڵدەدانی تورکیا بۆ هەندێک گروپی توندڕەو رادیکاڵی ئیسلامی لە دژی سوریا، کە بۆ بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆی بەکاریان دەهێنێت لەناوچەکە، ئەگەرچی بەم دواییە لێرەو لەوێ پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان هەردوو وڵات هەبووە، بەڵام بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان، سوریا مەرجی خۆی هەیە، لەسەروو هەموویانەوە کشانەوەی سوپای تورکیایە لە خاکی سوریا و هاوکاری نەکردنی هێزە توندڕەوەکانی ئەدلیب و بەرەی نوسرەیە لە عفرین لە پاڵ چەند مەرجێکی تردا.
پرسیارەکە ئەوەیە؟ ئایا تورکیا رازی دەبێت بەمەرجەکانی سوریا، لە کاتێکدا بەسەر زارەکی دەڵێت:  چاومان لە خاکی سوریا نییە و یەکپارچەیی خاکی سوریامان لا گرنگە! ئایا دوایین لێدوانی ئەردۆغان کە دەڵێ لە سیاسەتدا دوژمنی تاسەر نییە و بە هاوکاری روسیا دەیگەیەنێتە کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان خۆی و هاوتاکەی (بەشار ئەسەد)، ئایا ئامانجی شاراوەی تورکیا لە سوریا داگیرکاری وپاوانخوازی نییە؟ ئەی تورکیای ئێستا بەهەمان عەقڵی دەوڵەتی عوسمانی کۆن کار ناکات، کە لە مێژوودا بەوە ناسراوە  هەرشوێنێكی داگیرکردبێت لێی نەکشاوەتەوە. 
دەبێت ئەوە لە خۆمان بپرسین بۆچی تورکیا سوورە لەسەرهێرشی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ئایا مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ سوریا بۆ پاراستنی ئەمنی قەومی تورکیا یان مەبەستی شتێکی ترە؟
ئاشکرایە پاش تێکشکاندنی داعش، تورکیا تووشی حاڵەتێکی نائاسایی بوو، گۆڕانکارییەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا و یارمەتییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەلی  پێ قبوڵنەکرا، راگەیاندنی خۆسەری دیموکراتی بە مۆتەکە زانی، بۆیە بەردەوام لەهەوڵی دیپلۆماسی و هێرشی چڕی سەربازی و نەخشە و پلاندایە بۆ لەناوبردنی کیانی خۆجێی کورد لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا.

سوپای تورکیا لە ناو خاکی سوریا

هەموو پرۆسە و هێرشەکانی تورکیا لە (درعی فورات) و (غوسنی زەیتون) و (نبع السلام)، بەوەی کە ئێستاش بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی داگیرکاری وپاوانخوازی و  لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری و زەلیل کردنی خەڵکەکەیەتی، ئەگەرچی تائێستا تورکیا روبەری (8335)کم چوارگۆشەی لە خاکی (سوریا) داگیرکردوە کە دەکاتە نزیکەی رووبەری وڵاتی (لوبنان)، کە دەیان شار و شارۆچکە و گوند و ناوچەی وەك عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی وعەزاز و چەندین شوێنی گرنگی تر لە خۆدەگرێت، بەڵام تورکیا بەوەوە نەوەستاوەو ئێستا ئامادەکاری بۆ هێرش و پرۆسەی (میخەلەب و سەیف) دەکات و دەخوازێت (35) کم بە قووڵی بچێتە ناو خاکی سوریاوە، ئەمەش دەکاتە (32000)کم چوارگۆشە، کە سێ هێندەی  روبەری لوبنان و گەورەترە لە روبەری ئیسرائیل و فەلستین پێکەوە.


ئامانجی هێرش و پڕۆسە سەربازییەکان
ئامانجێکی تری هێرشەکانی تورکیا، لە باربردنی جووڵاندنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و ئیدارەی خۆسەرییە لە رۆژئاوای کورستان و بێ ناسنامەکردنی خەڵکەکەی و هێشتنەوەیانە بەزەلیلی و بێ هێزی سەربازی و جێگیرکردنی تورك و عەرەبی ئاوارەی سەر بەگروپە توندڕەوەکانە لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوا .
ئامانجێکی تری تورکیا گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکەیە، دەیەوێت ئەو ناوچانەی لە سێ لەشکرکێشییەکەی رابردوودا داگیری کردن لە چوارەهەمدا ( کۆبانی و تەل رەفعەت و مەنبەج)، بەتایبەتی لە رێی کۆبانێوە پێکەوە گرێداتەوە، لەهەمان کاتیشدا کۆبانی وەك رەمزی بەرگری  کورد لە فیکر و هزری میلەتەکەمان بسڕێتەوە، چونکە بۆ یەکەمجار لە کۆبانی لوتی داعش شکێنراو شارەکە بووە جێ ئومێدی کورد و ئازادیخوازانی هەموو جیهان و  نیگەرانی تورکەکان .

ئەمریکا دەستبەرداری رۆژئاوای کوردستان دەبێت؟
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتەئارا، ئایا ئەمریکا دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت ئەگەر نابێت بۆچی؟ ئەگەر بەڵێ کەی دەستبەرداریان دەبێت؟                  
تائێستا سیاسەتی ئەمریکا خۆی لە هاوکاری و پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەبینێتەوە چونکە. 

1- لە رابردوودا ئەم هێزانە ئازایانە شەڕی داعشیان کرد لە ناوچەکەو یارمەتی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیانیان دا، ئەمە لە کاتێکدا تورکیا هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە چەکدارە توندڕەو رادیکاڵە ئیسلامییەکان دەکرد بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سوریا.

2- ئەم هێزە بەڕاستی دۆستی ئەمریکا بوو ئێستاش هەر بەوجۆرە ماوەتەوە.                                                                                 

3- کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات  تائێستا (12) هەزار شەهیدیان  داوە، لە جەنگی دژ بە داعش و تیرۆر،  لە ئێستاشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات، گرنگە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان چونکە:

1- ئەمریکا پێیوایە تائێستا داعش بەهێزەو دەتوانێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە ناوچەکە، هەزاران کەسیشیان هەیە لەدەرەوە کە پاڵپشت  و هاوسۆزن لە گەڵیاندا.
2- هێزی سوریای دیموکرات (28) گرتووخانە بەڕێوەدەبەن کە زیاتر لە (12) هەزار داعشی تێدایە، هەروەها ئیدارەی کەمپی (هۆل)یان لە ئەستۆیە کە دەیان هەزار لە کەسوکاری داعشی تێدا زیندانییە، کە هەموو ئەمانە، وەك بۆمبێكی تەوقیتکراو وان کە لە هەرکاتێکدا بێت  بتەقێتەوە، ئەگەر باش چاودێری نەکرێت.
3- تائێستا لە دیدی ئەمریکا و هاوپەیماندا، تورکیا نەبۆتە بەدیلی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئیدارەدانی ئەو زیندانانەی داعشیان تێدایە، لەبەرئەوەی تائێستا تورکیا لە (ئیدلب) یارمەتی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان و لە (عەفرین) یارمەتی بەرەی نوسڕە دەدات .
ئەی ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات بێت، کەی ئەوە دەکات؟
بۆ زانینی ئەوە دەبێت بزانین هەڵوێستی ئەمریکا و روسیا لە ئێستادا چۆنەو؟ بۆچی تورکیا ئەم کاتە هەڵدەبژێرێت بۆ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکەی؟.
تورکیا لەبەر دوو هۆکار ئێستا بەباشترین کات دەزانێت بۆهێرشکردن، یەکەمیان:  رۆڵی تورکیا زیادی کردووە بۆ روسیا و ئێران، بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا وە، دووەمیان: خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێرانە، کە تورکیا پێیوایە ئێران لاوازبووە وناپرژێتە سەر هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا.

هەڵوێستی روسیا
لە ئێستادا هەڵوێستی روسیا بەهۆی گەمارۆی گەورەی ئابووری لەسەری و رۆڵی ناوبژیوانی تورکیا لە جەنگی (روسیا و ئۆکرانیا)، مۆسکۆ هەڵوێستی ناوەندگیری دەگێڕێت لە نێوان سوریا و تورکیا، لەلایەکی تریشەوە، روسیا دەیەوێت رۆڵی ناوەندگیری بگێڕێت بۆ تەسلیمکردنی هێز و ناوچەکانی سوریای دیموکرات بێ گوێدانە تایبەتمەندی بەڕێوبەری خۆسەری و  داوا رەواکانی گەلانی ناوچەکە لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا، هەروەها دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات وەك فەیلقێکی سوپای عەرەبی سوری بێتەناسین، ئەمە لەکاتێکدا گومان دەکرێت سوپای سوریا توانای پاراستنی سنوورەکانی خۆی  هەبێت، هەرچی ئەمریکاشە هۆشداری دەدات بە تورکیا لەهێرشی سەربازی بۆ رۆژئاوا، پێیوایە ئەم هێرشە ئاڵۆزی دەخوڵقێنێت لەناوچەکەو پریشکی ئاگر نزیكبۆتەوە لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئەگەرچی تورکیا دڵنیایی دەداتە ئەمریکا لە هێرشەکانیدا، هێزەکانی ئەمریکا بە ئامانج ناگرێت، بەڵام لەکاتی ملنەدان بە ناوەندگیری روسیا و ئاگادارکردنەوە و هۆشداری لەلایەن ئەمریکاوە، ئەگەر بێت و تورکیا هێرشی زمینی دەست پێ بکات، ئەمریکا روبەڕووی نابێتەوە، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوانیان خراپتر دەبێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر رووداوەکان و لێکەوتەکانی جەنگی روسیا وئۆکرانیا گەورەتربێت و گرژی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دنیا زیاد بکات و بەرژەندی گەورەتر بێتە ئاراوە، ئەوابەرژەوەندی کورد بۆ ئەمریکا زۆر بچوك دەبێتەوە، ئەوکات ئەمریکاش دوای بەرژەوەندییە گەورەکان  دەکەوێت.
ئەگەرچی کورد بە درێژایی مێژوو  قوربانی ناکۆکی زلهێزەکان  و جەنگە گەورەکان بووە، لەڕێی پەیماننامەکانەوە بۆ دواخستن و لەناوبردنی داوا رەواکانی، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری  گیانی بەرەنگاری و خەباتی رزگاری خوازی خۆی بۆ ئازادی و دیموکراتی و کیان و ئیدارەی خۆی نەبووە و وازی لە خەونی سەربەخۆیی و ئازادی خۆی نەهێناوە .

وتارەکانی نوسەر