کوردستانی نوێ سەکۆیەک بۆ دەنگە کوردییەکان

11:40 - 2025-01-12
وتار
24 خوێندراوەتەوە


مستەفا فاتیح

سەرەتای ئاشنابوون و کارکردنی من لەگەڵ کوردستانی نوێ ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی 2000 و گەنجێکی تازەپێگەیشتوو بووم، گەنجێک کە سەودای نووسین و وەرگێڕانم هەبوو. خۆم لە قەرەی بابەتە ئەدەبی و هونەرییەکان ئەدا. یەکێک لەو شوێنانەی کە لەم سەرەتای نووسین و وەرگێڕانەمدا بابەتەکانم تێدا بڵاو ئەکردەوە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ بوو. بەشی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ هەر لە سەرەتاوە تا ئێستاش شوێنێک بووە کە توانیویەتی دەنگە جیاوازە هونەری و ئەدەبییەکان لە خۆی کۆبکاتەوەو سەکۆیەک بووە بۆ ئەوەی نووسەر و وەرگێڕەکان بەرهەمەکانی خۆیان لەو شوێنە بڵاو بکەنەوە. بۆ منێک کە تازە پێئەگەیشتم و سەرەتای نووسینم بوو بینینی ناوی خۆم و بەرهەمەکانی خۆم لەگەڵ ناوی ئەو نووسەر و وەرگێڕانەی کە رۆژانێک هیوام ئەخواست بەرهەکانیان بگاتە دەستم دڵخۆشییەکی گەورە بوو بۆم. ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ، شوێنێک  بوو بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ئەدەبی و هونەرییەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ناوبانگی کەسەکە یان لەبەرچاوگرتنی جوگرافیا و شوێنی ژیان و دانیشتنی ئەونووسەر و وەرگێڕە کوردە. 
کوردستانی نوێ لەم چەند ساڵەدا کە من خوێنەریم وەک دەنگێکی کوردانە دەرکەوتووە. خەمی کوردبوونی هەڵگرتووەو هەوڵیداوە شوێنێک بێت بۆ کۆکردنەوە دەنگی نووسەر و وەرگێڕە کوردەکان. هەر لە چوارچێوەی وەها بیرکردنەوەیەکدابوو کە لە سەرەتای مانگی 4ی 2024 ەوە بیر لەوە کراوە کە هەررۆژەو لاپەڕەیەک بۆ پارچە جیاوازەکانی کوردستان تەرخان بکرێت. کاتێک کە سەرنووسەری رۆژنامەکە (د. عەدالەت عەبدوڵڵا) باسی پرۆژەکەی لەگەڵ کردم و ئەوەی کە دەیانهەوێت هەموو هەفتەیەک لاپەڕەیەکیان هەبێت بۆ باسکردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە متمانە بە کوردستانی نوێ و سەرنووسەرەکەی، بەرپرسایەتی لاپەڕەکەم گرتە ئەستۆ. لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا لاپەڕەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیداوە ببێت بە شوێنێک بۆ باسکردن لە لایەنە کەلتووری، گەشتیاری، ئەدەبی و وەرزشی و هونەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە ئیلامەوە بگرە تا ورمێ و ماکۆ و نەغەدە. هەر لە کوردانی قووچان و خۆراسانەوە بگرە تا کوردانی تاراوگە. لاپەڕەی رۆژهەڵاتی کوردستان لاپەڕەیەکە بۆ باسکردن لە ژیانی نووسەر و هونەرمەندانی کوردی ئەم پارچەیە، بۆ باسکردن لە شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکان، هێنانە بەرباسی ژیانی وەرزشکارە سەرکەوتووەکان و ...هتد،
لەم ماوەیەدا وەک ئامادەکاری لاپەڕەکە دەستم ئاوەڵا بووە بۆ ئەوەی دەینووسم و تەنها مەبەستی رۆژنامەکە و منیش خزمەت بووە بە کەلتور و ئەدەب و هونەری رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە هیوای سەرکەوتن بۆ کوردستانی نوێ و ستافەکەی و بە هیوای خزمەتی زیاتر.

وتارەکانی نوسەر