بۆچوونێكی تر لەسەر بڕیاری خانەنشینی

10:02 - 2025-01-28
وتار
65 خوێندراوەتەوە

 رزگار حەمە نوری

روونتر بڵێین بە بڕیار و فشاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عیراق یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم هاوتای یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی بەغدا دەکرێت

وەک ئاشکرایە چەن رۆژێکە هەواڵی گەرم بابەتی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، دیارە گەرمی هەواڵەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم، کە بەجۆرێکە سێ ئاستی تەمەن پێکەوە خانەنشین دەبن، ئەوانیش لەدایکبوانی (1962،1963،1964)ن، سەرئەنجام ژمارەی ئەمانە دەکاتە نزیکەی (35) هەزار فەرمانبەر، لەهەموو پلە و ئاستێکی وەزیفیدا. جگە لە فەرمانبەرانی خاوەن پلە (1)ی شەهید و هەندێ پسپۆڕی تایبەت کە لە پاشکۆی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێدراوە، دەتوانن بمێننەوە.

بۆ سێ ئاستی تەمەن دەرچووە
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە، کە بڕیارەکە بۆیە وا بەپەلە و بۆ سێ ئاستی تەمەن دەرچووە، بۆ ئەوەیە کە لە لیستی مووچەی هەرێمدا ئەو جیاوازییانە نەمێنێت، یان روونتر بڵێین بە بڕیار و فشاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عیراق یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم هاوتای یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی بەغدا دەکرێت، کە ئەمەش بڕیارێکی ئەرێنییەو لە بەرژەوەندیی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمدایە، بەڵام بەو پێوەرەی کە لە هەندێ خوێندنگادا ژمارەیەکی دیار، مامۆستا بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و گوایە بۆشایی کارگێڕی دروست دەبێت، خەریکە ناڕەزایی دژی بڕیاری خانەنشینیەکە دروست دەبێت، ئەم ناڕەزایەتییەش کارێکی هەڵەیە، چونکە وەزارەتی پەروەردە، دەستکراوەیە بۆ دانانی مامۆستای وانەبێژ، ئەگەر باسەکەش لەسەر ئەوەیە کە ئەو مامۆستا بەڕێزانه ئەزموونیان زۆرە و جێگرەوەیان نییە، کەواتە لێرەدا وەزارەتی پەروەردە، خۆی بەرپرسیارە لەوەی کادری بە ئەزموونی پێویستی پێنەگەیاند بێت بۆ جێگرەوەی ئەو مامۆستا بە ئەزموونانەی کە خانەنشین دەبن.

نابێت لەمپەڕ لەبەردەم بڕیارەکە دروست بکرێت
بۆیە هەر لەمپەرێک لەبەردەم ئەم بڕیارەدا دروستبکرێت، زیان گەیاندنە بە کۆی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە زەمەنێکە هەموو مووچەخۆران هاوار دەکەین و دەڵێن حکومەتی هەرێم تکایە بڕیار و مەرجەکانی وەزارەتی دارایی عیراق جێبەجێ بکەن، بۆئەوەی بە باشی و بێ بەهانەگرتن وەزارەتی دارایی عیراق مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بۆیە تکایە با هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بکەین، کە لە بەرژەوەندیی گشت مووچەخۆرانی هەرێمدایە، نەک لەبەر خاتری بەرژەوەندیی چەند سەد کەسێك دژی بووەستینەوە، ئەمە یاسا و رێسایە و پابەندبوون پێوەی گرەنتی مووچەی موچەخۆران باشتر و بەهێزتر دەکات، چونکە ناکرێ داوای مووچە بکەین و پابەندیش نەبین، بە بڕیارەکانی پێدانی مووچەکە لە لایەن بەغداوە، وەک پێشینانیش دەڵێن (یان خورما یان مێوژ) نەک (خورمژ).

خانەنشینکردنی فەرمانبەران و مامۆستایان بە فشاری بەغدایە

وتارەکانی نوسەر