بوونی باوک لە ژیانی هەر منداڵ و خێزانێکدا، دوو بوونی هەمیشە ئامادەیە، جارێک ئامادەییەکی جەستەیی کە زیاتر بە ئیدیۆمێکی وەک کۆڵەکەی ماڵ و پایەی خێزان ناو دەبرێت، بوونی دووەمیان بوونێکی ناجەستەیی و کۆتایی دەنگی باوکە لە خێزاندا، ئەم بوونەیان لەدوای ژیان ئاوایی و گەڕانەوەی باوک بۆ ئەو دنیا، زیاتر بوونێکی تارماییئاسای باوکە، ئەم بوونەیان لە فەرماندا بوونێکە پێچەوانەی بوونی یەکەم، بەڵام لە کاریگەری و خۆشەویستی و رێزدا، هیچی کەمتر نییە لەبوونی یەکەم. هەندێکجار وێنەی باوک لە بوونی دووەمدا»نەبوونی باوک»، بەهێزترە لەوێنەی باوک لە بوونی یەکەمدا، ئەمەش ئەو کاتانەی کە هەرگیز ناتوانین لەبیری بکەین، بۆیە مرۆڤ چەندە گەورەبێت و تەنانەت ئەو مرۆڤانەش کە خۆیان دەبن بە باوک، زۆرجار بەهێزی باوکیی لەوێنەی دووەم لەگەڵدایە و لەژێر وێنەی باوکدا دەبێتە هەڵگری شوناسێکی جوان و پێگەی گەورەی چنگ دەکەوێت.
پێناسەیەکە بۆ ئێمە
بەگشتی مرۆڤ چەندە دووربکەوێتەوە لە جەستەی باوکی، بەڵام ناتوانێت لەژێر سێبەری باوک بۆ هەمیشە بچێتە دەرەوە، ئەو مرۆڤانەشی کە باوکیان لە وێنەی یەکەمدا نەبینیووە، ئەوا لە وێنەی دووەمدا پاشگرێک دێت و بەناوی باوکەوە پێناسەی دەکات بۆ دەرەوەی خۆی، واتە با مرۆڤ لە منداڵیشدا باوکی خۆیی نەبینی بێت، بەڵام کاتێک دەگوترێت «کوڕی فڵان پیاوە ــ کەسە»، ئیدی ئەو ناوەی لەسەر ناسنامەکان دەبێتە ناوی دووەممان، پێناسەیەکە بۆ ئێمە، ناوی دووەمی سەر ناسنامەکانمان، لە زۆر شوێن و کاتدا بەناوی ناوی یەکەمیشەوە دەدوێت، قسە دەکات و دێتە پێشەوە و هێزی کۆمەڵایەتی و دینی و ئەخلاقیشمان دەداتێ. هەندێکجار ئەوە ناوی دووەمی ناسنامەکانمانە وامان لێدەکات ژیانی خۆمان و خێزانیشمان بینابکەین و نەخشەی ژیانێکی نوێ دابڕێژین.
لە ژیانی هەر یەکێکماندا، کەسێک بە ناوی باوک بوونی هەیە، یان باوکێکە لە بوونێکی واقیعیدا دەیبینین و چێژ لە دانیشتن و دەست ماچکردن و سەر دانانمان لەسەر رانی چێژی لێدەبینین، یان باوکێکە لە سێبەر و تارماییدا کە رۆژانە دێتەوە ناومان و دەکەوینەوە گفتوگۆ لەگەڵیدا، ئەوەی تا ئێستا چانسی مانەوەی باوکی هەبووبێت، واتە چانسی ئەوەشی هەیە هەمیشە گوێیەکانی پڕبکات لە دەنگی باوکی، دەستەکانی بۆنخۆش بکات بە دەستەکانی باوکی، گیرفانەکانی پڕ بکات لە حیکایەتە خۆش و بەچێژەکانی باوکی، هەر تاکێک باوک لە ژیانیدا مابێت واتە ژیان بەجوانی و خۆشییەکانیشییەوە دەبینێت، ئەمە رێک پێچەوانەی ئەو کەسانەیە کە باوک لە ژیانیاندا تەنها ناوێک و تارماییەکە و جارێکی دیکە نایبینێتەوە، ئەم مرۆڤانە ئەگەر لە خۆشترین چرکەساتەکانی ژیانیاندا بن، کاتێک باوکیان بیر دێتەوە، هەست بە ئیستێک دەکەن و هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەمژن.
وێنەی باوک سێبەرێکە
هەستێکی ئێجگار سەیر لە بوونێکی واقیعی و بوونێکی سێبەرئاسای باوکدا هەیە، ئەویش چێژ (دەسەڵات و دەنگ و هێز و ناو و توڕەیی! و لێدان! و.....هتد)ی باوکە لەناو خێزاندا، چێژی ئەم وشانەی باوک ئەو کەسانە زیاتر هەستی پێدەکەن کە ئیدی بۆ ئەبەد ناتوانن گوێیان لە دەنگی باوکیان بێتەوە، ئەو مرۆڤانەی باوکیان ژیانئاوایی کردووە تا لە ژیاندا بن بە ئاواتی ئەوەوەن یەکجاریتر پرسیارێک لە باوکیان بکەنەوە، تا ماون خوازیارن بۆ یەکجاریتر گوێیان لە دەنگی باوکیان بێتەوە، خوازیاری ئەوەن جارێکیتر لە ناو راڕەوی ژوورەکانیاندا باوکیان ببیننەوە، ئێمەمانانێک کە باوکمان نییە، ئیدی وێنەی باوک سێبەرێکە و تا مردن دەبێت شکوربین بەو سێبەرەی باوکمان، خۆ ئەگەر جارێکیش بێتە خەونمانەوە و دەستە ماندووەکانی بگرینەوە و دوو وشەی لەگەڵ بڵێین، ئەوە نیعمەتێکە و خودا بۆمان دەنێرێت.
کەناری مەرگ و نائومێدی
من کە ئەمڕۆ نۆ ساڵی تەواوە لەگەڵ وێنەی دووەمی باوکمدا دەژیم، هەرگیز ئارەزووم نەکردووە لە زاری بەرامبەرەکانمەوە گوێم لە وشەی (نەبوونی باوک) ببێتەوە، چونکە بێباوکی بچڕانی لینکێکە لە نێوان «من _ تۆ» و باوکدا کە ئیدی ناتوانین بیدەینەوە بەدەم یەکتر، گەورەترین کارەساتیش لەژیانی هەر تاکێکدا ئەوەیە مرۆڤ لینکەکانی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکی ببچڕێت «ئیدی بەهەر شێوەیەک ببچڕێت». ئەم بچڕانە نامانکوژێت بەڵام تاکو کەناری مەرگ و نائومێدی دەمانبات.
چەندینجار وتوومە
زۆرجار لەگەڵ خۆمدا وتوومە «خۆزگە ئەم بێباوکییە راست نەبوایە»، بڕوام پێبکەن بۆ چەندینجار لە مەنەلۆجی خۆمدا وتوومە «خۆزگە جارێک کەسێک پێیدەوتم وەڵا باوکت ماوە!»، بەهەرچی پیرۆزیەتە سوێندبێت چەندینجار وتوومە «بریا یەکجار گوێم لە دەنگی دەبووەوە»، بڕوام پێبکەن شەوانە دووعای بینینەوەی لەخەودا دەکەم، ئەم دێڕە دۆنکیشۆتیانە بۆ مناڵێک و کەسێکی گەورەی وەک من هیچ جیاوازی نییە، بێباوکی بۆ هەرکەسێک بێت هەر بێباوکییە وەک چۆن بێدایکیش بەهەمانشێوەیە. بێباوکی پەیوەندی بە تێپەڕینی ژیانەوە نییە، بەڵکو بۆشاییەکە لە خوێنی مرۆڤدا و هەرگیز پڕنابێتەوە و هیچ مرۆڤێک ناتوانێت ئەم ئازارە لە شوێنێکدا و لەتەمەنماندا سەرنگوم بکات، بە پێچەوانەوە پێموایە بەئازارترین برین لە ناخی مرۆڤدا ئەوەیە هاواری ئەم بێباوکییە بکەیت و دەنگێک بەپێی پێویستی ئازارەکەت وەڵامت ناداتەوە.