لە پەنجەرەی پەروەردەوە

هەرەمی ماسلۆ

10:28 - 2023-01-03
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
1191 خوێندراوەتەوە

مرۆڤ کاتێک رەفتارێک دەکات، پاڵنەرێکی هەیە بۆ ئەو رەفتارە، ئیتر خودی پاڵنەرەکە راستەوخۆ بێت وەک گەڕان بەدوای خواردندا کاتێک برسی دەبێت، یاخود خودی برسێتیەکە ببێتە هۆکاری چەند کاردانەوەیەکی رەفتاریی لە تاکدا وەک تووڕەیی، چونکە هۆکاری برسێتی شتێکی نەبینراوە لای بەرامبەر و ئەوەی هەستی پێدەکرێت لە رەفتارەکە کاردانەوە رەفتارییەکانی تاکە، هەموو مرۆڤێک کۆمەڵە پێداویستییەکی بنەڕەتی هەیە پێویستە دابینی بکات یان بۆی دابین بکرێت، تا بتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی رەفتار بکات، بێگومان ئەو پێداویستییە بنەڕەتیانەش پلەبەندیان هەیە لەڕووی گرنگی و ریزبەندی دەستکەوتنیانەوە و دابینکردنی هەر ئاستێکیشیان کاریگەری لەسەر ئاستەکەی پاش خۆی هەیەو کاریگەریشە بە دابینکردنی ئاستەکەی پێش خۆی، یەکێک لە گرنگترین ئەو تیۆرانە، تیۆری ( هەرەمی ماسلۆ) یە، کە بە پلەبەندی ماسلۆش ناسراوە، کەواتە پلەبەندی ماسلۆ چییە؟ هەرەمی ماسلۆ ریزبەندیکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤە بۆ پێنج ئاستی یەک لەدوای یەک، رێکخستنیان بەشێوەیەکە هەر ئاستەیان کۆمەڵێک پێداویستی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەیە: ئاستی یەکەم: پێداویستی فیسیۆلۆجییەکان، ئاستی دووەم: پێویستی ئاسایش (سەلامەتی)، ئاستی سێیەم: پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستی چوارەم: پێویستی قەدرزانی، ئاستی پێنجەم: خۆبەدیهێنان، ئەم تیۆرە گەرچی بەشێوەیەکی گشتی لە پێداویستییەکانی مرۆڤ دەدوێت، بەڵام دەکرێت زۆر بەباشی لە پرۆسەی فێربوون و فێرکردن و پەروەردە و کۆنترۆڵکردنی رەفتاردا بەکاربهێنرێت و ئاگابوون لێی و لە بەرچاوگرتنی بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە لە دابینکردنێکی باشتری فێربوون و فێرکردن، چونکە فێربوون بێ بەدیهاتن و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان ئەستەمە بەشێوەیەکی خودی بەدیبێن و رەنگدانەوەی لەسەر رەفتاری تاکی خوێندکاران و مامۆستایاندا بەجێبهێڵێت، بۆ نموونە، کاتێک پێداویستییە فیسیۆلۆجییەکان وەک خۆراک و ئاو و شوێنی حەوانەوەی گونجاو و کەشی گەرمی و ساردی گونجاو دابینکران، دواتر خوێندکاران پێویستیان بە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ئاستی دووەمی پلەبەندی ماسلۆ دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن فێربوونێکی باشتر بەدەستبهێنن، لە ئاستی دووەمی هەرەمی ماسلۆدا پێویستە خوێندکاران هەست بە سەلامەتی بکەن لەو ژینگەیەی کە تیایدا دەخوێنن بەبێ هیچ هەڕەشەیەکی دەرەکی، لە ئەگەری ئەوەی خوێندکار هەست بکات لەوانەیە زیانی پێ بگات، ئەوا پێویستی سەلامەتی لەم ئاستەدا بەدی نایەت، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی خوێندن بەپێی فۆڕمی پێویست بەدی نایەت، لە ئاستی سێیەمدا کاری بەگروپ و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و لێکتێگەیشتن و لەگەڵ یەک گونجان گەلێ گرنگە کاری لەسەر بکرێت، بەڵام دوو ئاستی یەکەم بەدی نەیەت ناتوانرێت ئەو تەبایی و هەستە کۆمەڵایەتییە بەرجەستە بکرێت لەناخی خوێندکاراندا، پاشان ئاستەکانی تریش بەهەمان شێوە رێزگرتن لە کەسێتی و نەشکاندن و گرنگی پێدان نەبێت خوێندکار ناگاتە پلەی داهێنان و خودبەدیهێنان و بڕوابوون بەخود، ئەمەش ئەو واقیعەمان بۆ دەردەخات کە پێویستە بۆ فێربوونێکی درووست دەستەبەری پێداویستییەکانی خوێنداکاران و مامۆستایانیش بکرێن، چونکە بێ دابینکردن و دڵنیایی لە دابینکردنی پێداویستییەکان ئەستەمە هیچ پرۆسەیەکی فێربوون و فێرکردن وەک پێویست ئامانج بەدی بهێنێت، وەک ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت. 

وتارەکانی نوسەر