عەتا مەحمود
کاتێک دەرگای ئەسانسۆرەکە دەکرێتەوە، دێیتە نێو رێڕەوی نهۆمی یەکەمی دەزگاکەوە، نیگات دەچێتە سەر وێنەیەکی جیاوازی پیرەمێرد بە دیوارەکەی بەرامبەر بە دەرگای ئەسانسۆرەکەوە هەڵواسراوە، وێنەکە لەسەر شاشەیەکی رووناکیدارە و دەدرەوشێتەوە، لە راڕەوەکەشدا بە هەمان شێوە پۆستەری پیرەمێرد لە گەڵ پۆستەری چەند نووسەر و شاعیر و کەسایەتییەکدا هەڵواسراون. لە ژوورەکەی بەڕێوەبەریش (رەفیق ساڵح) لەدەستە راستیدا، وێنەیەکی تری ئەم زاتە هەڵواسراوە، ئەم شوێنە «بنکەی ژین»ە، کە ناوەندێکی ئەرشیفیی ناحکوومییە، کاری سەرەکییان: کۆکردنەوە، پاراستن، رێکخستن و زیندووکردنەوەی سامانی بەڵگەنامە، دەستنووس، رۆژنامەوانی و کتێب و بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە سەبارەت بە کورد و کوردستانن و تۆمارکردنی مێژووی زارەکیی کوردەوارییە.
ئەم دەزگایە، لە کۆتایییەکانی ساڵی 2004دا لە سلێمانی دامەزراوە و مۆڵەتی وەزارەتەکانی ناوخۆ و رۆشنبیریی وەرگرتووە لە خانوویەکی کرێی گەڕەکی ئاشتی، دەستیان بە کار و چالاکییەکانیان کردووە.
سەرەتا بە چاپکردنی چەند کتێبێک لە بواری مێژووی رۆژنامەگەریدا دەستبەکاربوون، بەڵام لە 2009 وە کە هاتوونەتە ئەم تەلارە، کارەکانییان فراوانتر کردووە، کتێبخانە و دەستنووس و بەڵگەنامە کە سامانێکی نەتەوەیین، بەشی تایبەتیان بۆ دامەزراندووە. ئەم تەلارەی ئێستا لە گەڕەکی بەرانانە لە چوار نهۆم و ژێرزەمینێک پێکهاتووە، لەسەر رووبەری (1049) مەتری چوارگۆشە بنیاتنراوە، بڕی (2) ملیار و (800) ملیۆن دیناری تێچووە. بەڕێوەبەر و ئەنجومەنی بنکە و 15 کارمەندی دڵسۆز و لە خۆبردوو، کارەکانی رادەپەڕێنن.
بۆچی بنەکەیان بە ناوی «ژین»ەوە کردووە؟
بنکەی ژین، بە ناوی رۆژنامەکەی پیرەمێردەوە ناونراوە، هاوکات ئاماژەیەکیشە بۆ ژیاندۆستی کورد کە لە کۆتاییەکانی حوکمی رژێمی بەعسدا، کەوتبووە نێوان بەرداشی ژیان و مردن و خۆشبەختانە ژیانی بەنسیب بوو. هۆڵی کۆڕ و کۆبوونەوە بە ناوی (هۆڵی پیرەمێرد)ەوەیە و ئامێرەکانی چاپخانەکەی پیرەمێرد، لێرە لە مۆزەخانەی چاپ پارێزراون، بێگومان نامەوێ لە رۆڵ و پێگەی پیرەمێرد کەم بکەمەوە، پیرەمێرد شاعیر و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەکی گەورەیە، خاوەن و دامەزرێنەری یەکەمین چاپخانەی ئەهلییە لە کوردستاندا و هەرچیی بۆ بکرێت کەمە، بەڵام پرسیارێکی سادەشە دەبێ وەڵامی هەبێ، بۆچی دەزگاکە بە ناوی رۆژنامەیەکیترەوە نییە؟ وەک دەزانین لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا، بە دەیان رۆژنامە و گۆڤاری گرنگ و پڕبایەخی تری وەک «ژین»مان هەن، هەر لە رۆژنامەی کوردستان، پێشکەوتن، ژیانەوە، بانگی هەق، ئومێدی ئیستیقلال، رۆژی کوردستانەوە بگرە، تا دەگاتە گۆڤاری گەلاوێژ، رزگاری و ئەوانی دواتر. هەروەها بە دەیان نووسەر و رۆژنامەنووس و مێژوونووسی ناودارمان هەیە، لە نێو هەموویان دا پیرەمێرد و رۆژنامەکەی پانتایییەکی فراوانی لە نێو کاری ئەم دەزگایەدا گرتووە، تەنانەت وێنەی لۆگۆی دەزگاکە، وێنەی پیرەمێردە. لە وەڵامی ئەم پرسیارە دا بەڕێز رەفیق ساڵح بەڕێوەبەری دەزگاکە دەڵێ:
- ژین، بە واتای ژیانەوە و بووژاندنەوە، ئێمەش ئەو دەستنووس و بەڵگەنامانەی کە پەیوەندییان بە مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەکەمانەوە هەیە، ئەرشیفیان دەکەین و زیندوویان دەکەینەوە و کاریان لەسەر دەکەین و لە فەوتان دەیانپارێزین.
- ئاماژەیەکە بۆ گۆڤاری «ژین» کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ئەستەمبووڵ دەرکراوە، هەروەها ئاماژەیە بۆ رۆژنامەی ژین، کە پیرەمێرد دەریکردووە.
بەلای ئێمەوە پیرەمێرد، بە تەنها شاعیرێک نییە، بەڵکوو سومبول و رەمز و بیرمەندێکی گەورەیە، زۆر پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتووە:
- نەورۆز، کە جەژنێکی کۆنی کوردەوارییە، لەسەر دەستی پیرەمێرد، بەرگێکی سیاسیی بەبەرداکرا، ئێستا خۆشبەختانە لە ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە یادی دەکرێتەوە.
- لە نووسینەکانیدا، جگە لە شیعر و پەندەکانی کە پتر لە 2000 لاپەڕەی (A4) دەبێ و ساڵانێکە سدیق ساڵح سەرقاڵی ئامادەکردنێتی، دەردەکەوێ کایەیەک نییە لە کایەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، هونەری پیرەمێرد قسەی تێدا نەکردبێت. کاتێک ئەم بەرهەمەی سدیق ساڵح چاپدەکرێ، دەردەکەوێ کە تا ئێستا مافی پیرەمێردمان بەتەواوی نەداوە، چونکە ئەو زۆر پێش رۆژگارەکەی خۆی کەوتووە، گرنگیی بە گەشت و گوزار داوە، باسی کۆمپانیای پشکداریی کردووە، باسی چاکسازیی کردووە لە زەویدا، باسی دروستکردنی شەقامی کردووە بەسەر چیای گۆیژەدا، باسی دەوڵەتداریی کردووە و... هتد. بەداخەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕوپڕ لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی نەکراوە و وەک پێویست مافی خۆی نەدراوەتێ.
بەشەکانی بنکەی ژین
بەشی کتێبخانە
خاوەنی دوو جۆر کتێبخانەن، بەشێکیان کتێبخانەی کەسایەتییەکانن و بەشەکەیتری کتێبخانەی گشتییە. بە شێوەیەکی گشتی بە نزیکەی (80000 )کتێب و سەرچاوە دەوڵەمەندە، لە لایەن نووسەر و ناوەند و دەزگاکانەوە کتێبیان بەدیاری بۆ دەچێ، یاخود ئەو کتێب و سەرچاوانەی کە بە پێویستی دەزانن، خۆیان دەیکڕن. ئەمەش وایکردووە رۆژ بە رۆژیش ژمارەی کتێبەکان لەزیادبووندابن.
- ئەو کتێبانەی کە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراونەتەوە، تا پێش راپەڕین نوسخەی ئۆرجیناڵیان ئەرشیف کردووە.
- ئەو کتێبانەی کە لەبارەی کورد و کوردستانەوەن، بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و زمانە ئەوروپییەکانەوە، نوسخەیان پەیدا کردووە و لەم کتێبخانەیەدا ئەرشیف کراون.
- ئەو سەرچاوە مێژووییانەی پەیوەندییان بە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی ئێران، تورکیا و بەتایبەت عوسمانی، ئیسلام و عەرەبەوە هەیە، کتێبخانەکەی پێ دەوڵەمەند کراوە.
- کتێبخانەی تایبەتی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، شێخ محەمەدی خاڵ، تۆفیق وەهبی، رەفیق حیلمی، د.کەمال فوئاد، د.ئیحسان فوئاد، هیلال ناجی، محەمەدی مەلا کەریم، د. عەبدوڵا ئاگرین و چەندینیتر لەم بنکەیە پارێزراون و ژووری سەربەخۆیان بۆ دانراوە.
بەشی وێنەگرتنەوەی ئەلکترۆنی و مایکرۆفیلم
بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو، پتر لە (1080) کتێبی کوردی بە ستانداردێکی جیهانی و بە تەکنۆلۆجیایەکی پێشکەوتوو، دیجیتاڵ کراوە، ئەمانەش هەموو ئەو کتێبە کوردییانەن تا ساڵی (1975) بڵاوکراونەتەوە.
ئەو کتێبانەی بە زمانەکانی عەرەبی، لاتینی، تورکی سەبارەت بە کورد و کوردستان نووسراون، یا بەرهەم و زادەی بیری زانایانی کوردن، بە شێوازی دیجتاڵی دیجیتاڵ کراون.
هەر لە بواری کتێبخانەدا، هەندێک لەو کتێبە دەگمەنانەی بەرهەمی هەڵبژاردەی نەوەی یەکەمی رۆشنبیرانی کوردن و رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە بواری رۆشنبیریی سەرەتای سەدەی بیستدا، دووبارە بە بەرگێک یا خود چەند بەرگێک چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بە نموونە، کتێب و وتارەکانی تۆفیق وەهبی و محەمەدئەمین زەکی و رەفیق چالاک و عەبدولعەزیز یامولکی.
بەشی رۆژنامە و گۆڤار
ئەو رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەی لە بنکەی ژین تۆمارکراون: کوردی 897، عەرەبی 610، فارسی 157، تورکی 20 دانە.
ئەو رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەی لە بنکەی ژین دیجیتاڵ کراون: کوردی 369، عەرەبی 180، فارسی 17، تورکی 11 دانە.
ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی خراونەتە سەر فیلم: 138 دانە.
ئەو رۆژنامە یان گۆڤار یان بڵاوکراوانەی چاپ کراونەتەوە، سەربەخۆ یان هیتر: 50، بە 78 بەرگ بە 36 ناونیشان.
تەنانەت ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی دوای راپەڕین لە بەغدا و ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم چاپ و بڵاو کراونەتەوە، نوسخەیان پەیداکراوە و لێرە ئەرشیف کراون.
بەشی دەستنووس
دەستنووس سامانێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە، بە مەبەستی رزگارکردنیان لە فەوتان و ئاودیوکردنی بۆ دەرەوەی کوردستان و پاراستنیان لە تێکچوون و خراپبوون ودەستکاریکردن، بەشێکی تایبەتی بۆ دروستکراوە و تاقیگەیەکیش بۆ نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەیان دامەزرێنراوە.
دەستنووسەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی، سریانین. ژمارەیان دەگاتە 669 دەستنووس بە 480 بەرگ. کۆنترین دەستنووس مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 600 ساڵ پێش ئێستا.
هەموو دەستنووسەکان دیجیتاڵ و پێرستی وەسفییان بۆ کراوە، بەرگی یەکەم و دووەمی پێڕستیان چاپ بووە و بەرگی سێیەمیش ئامادەیە بۆ چاپ.
105 دەستنووسیان هەتا ئێستا خراونەتە سەر فیلم. ژمارەی دەستنووسەکان 1300 دەستنووس بە850 بەرگ.
پێبەپێ یەکەیەکی گرنگی «مشتوماڵدانی دەستنووس»یش وەک یەکەم ئەزموون لە هەرێمی کوردستان دامەزرێندراوە، کە کاری سەرەکییان خاوێنکردنەوە و چاککردنەوە و نوێکردنەوەی هەر کەرەستەیەکی کۆنی دەزگاکەیە، بە دەستنووس، کتێب، گۆڤار و رۆژنامە و کادیری شارەزای پسپۆڕیش کاری تێدا دەکەن. هەتا ئێستا بنکە لە بوارەکانی بەڵگەنامە دەستنووسی رۆژنامەوانی کوردی... (198) کتێبی بە چاپ گەیاندوە، هەندێکیان بە چەند بەرگ و چەند جارێک چاپ بوون.
بۆ ئاشنابوون بە کاروچالاکییەکانی بنکە و بەشەکانی، بنکە خاوەنی ماڵپەرێکە کە بۆتە سەرچاوەیەک بۆ توێژەوەرانی کوردستان و دەرەوە، کۆکراوەی هەر یەک لە شێخ محەمەدی خاڵ، تۆفیق وەهبی، رەفیق حلمی، عادل مراد، د. محەمەد سابیر، د. کەمال فوئاد و ئیحسان فوئاد و رەفیق ساڵح و سدیق ساڵح و هیلال ناجی و عەبدوڵڵا ئاگرین و محەمەدی مەلاکەریم لە بنکەدا پارێزراون.
بەشی بەڵگەنامە
زیاتر بریتین لە بەڵگەنامەی لای بنەماڵەکان و نووسەران و رێکخراوە سیاسی و پیشەیییەکان و هەندێ تۆماری کۆنی دامودەزگای حکوومی، جگە لە ژمارەیەکی زۆری بەڵگەنامەی عیراقی، ئێرانی، عوسمانی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، روسی،.....هتد، کە هەموویان پەیوەندییان بە کورد و کوردستانەوە هەیە. بەڵگەنامە ئۆرجیناڵە نووسراوەکانی بنکە، هەموو دیجیتاڵ کراون.
یەکەیەکی سەر بە بەشی بەڵگەنامە، «وێنە و دەنگ و رەنگ»ە، وینە و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆییی تێدا پارێزراون. بەو پێیە گرنگییەکی زۆر بە ئەرشیفکردنی وێنە و مێژووی زارەکی دراوە. ئەرشیڤی بنکە دەیان سەعات چاوپێکەوتن (تەنها دەنگ، دەنگ و رەنگ) و پتر لە چەند سەد هەزار وێنەی کەسایەتیی سیاسی، ئەدەبی، زانستی، کۆمەڵایەتی، وێنەی شار و شارۆچکە و بۆنە و رووداوەکانی سەدەی رابردوو دەگرێتە خۆی.
هۆڵی پیرەمێرد
هۆڵێکی گەورەیە، بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و رێوڕەسمە ئەدەبی و هونەرییەکان، جێی 200 کەسێک زیاتری تێدا دەبێتەوە.
مۆزەخانەی چاپ
لەبەر بایەخی ئامێری چاپ، ئەو ئامێرەی رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بواری رۆژنامەگەریی کوردی و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریدا، مۆزەخانەی چاپیان بۆ دروستکراوە. وەک چۆن لاپەڕەکانی رۆژنامەکان ئەرشیفکراون، ئامێرەکانیش مۆزەخانەیەکی تایبەتیان بۆ دانراوە، ئەمەش بۆ ئاشناکردنی ئەو میوانانەیە کە سەردانی بنکەی ژین دەکەن بۆ زیاتر شارەزابوون لە توانایی و تەکنیکی چاپ لە ساڵانی پێشوودا. هێندەی من ئاگاداربم، بۆ یەکەمجارە مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە لە کوردستان دەکرێتەوە. بەشێک لە ئامێرەکانی ساڵانی پێشووی چاپخانەکانی پیرەمێرد، کاکەی فەلاح، کامەرانی، ڕاپەڕین، ئامێرێکی حیزبی کاژیک، لەم مۆزەخانەیەدا پارێزراون.
جگە لەوە، کۆکراوەکانی هەردوو وێنەگری کۆنی سلێمانی، رەفیقی مەحموود رەسام و ئەحمەد دەنگ گەورەی هونەرمەند، بەخشراون بەم بنکەیە و بەدەستیانەوەیە ئەم ساڵ گەلەرییەکی تایبەتیان بۆ دروست بکەن.
بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە
ئەم بەشە تەرخانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانەیە تایبەتن بە بەڵگەنامە و دەستنووس و لێکۆڵینەوەی مێژوویی و تا ئێستا 198 کتێبی لەو بوارانەدا بڵاوکردووەتەوە، هەندێکیان بە چەندین بەرگن. هاوکات گۆڤارێکی ساڵانە بە کوردی و عەرەبی و فارسی بە ناوی «ژین»ەوە دەردەکا، تا ئێستە 13 ژمارەی لێ بڵاوبووەتەوە.
دواجار بەڕێوەبەرانی ئەم دەزگایە کار بۆ ئەوە دەکەن بنکەکەیان ببێتە بناغە و کاکڵەی کتێبخانە و ئەرشیفی کوردستان.
عەتا مەحمود - رەفیق ساڵح
دووەم مەکینەی چاپ، چاپخانەی ژین 1928
کتێبخانەی بنکەی ژین
بەشێک لە بنکەی ژین