لەگەڵ زۆری پێناسەکان بۆ چەمکی تاوان، بەڵام سادەترین ناساندن بریتییە لە کردنی رەفتارێک کە قانوون قەدەغەی کردووە یاخود نەکردنی تاوانێک کە قانوون بە ئەرک هەژماری کردووە.
جۆرەکانی تاوان زۆرن و رێژەکانیش لێرە و لەوێ دەگۆڕێت بە بەردەستبوونی هۆکارەکان و ئامڕازەکان، بەڵام لە دیارترین و بڵاوترینی تاوانەکان لە سەرتاسەری جیهان و لە ناویشیاندا لە عیراق و هەرێمی کوردستان بریتییە لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کە بریتییە لە تاوانێک لە رێگەی کۆمپیوتەر یان ئامێرە تەکنەلۆژییە زیرەک و سەردەمییەکانەوە دەکرێن هەندێک بار ئامێرەکە دەکرێتە ئەنجامدەر هەندێک باریش ئامێرەکان دەکرێنە ئامانج.
لە سەرجەم دۆخ و بارەکاندا کردنی تاوانی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایش، دارایی، تەندروستی کۆمەڵایەتی تاک و کۆمەڵگە.
ئێستا قانوونی بەرکار هەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و سزاکانیان کە سەردەمترین و بەرکارترینیان بریتییە لە قانوونی ژمارە 6ی ساڵی2008 قانوونی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هەرێمی کوردستان –عیراق لەگەڵ بوونی چەندین تێبینی لە دیارترینیان نەگرتنەخۆی هەندێک تاوانی ئەلیکترۆنی کە بە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و تەکنەلۆژیا هاتوونەتە ئاراوە بەتایبەت لە سۆشیال میدیا.
دیارترین جۆرەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی و سزاکەی
پاڵپشت بە مادەی دووەم لە قانوونی ئاماژەپێکراو ئەو کردارانەی تاوانن بەم جۆرە ئاماژەی پێکراوە:
هەر کەسێک بەخراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار یان بێتەل یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا کە ترس پەیدا دەکات یان دزەی بە گفتوگۆکردن کرد یان وێنەی چەسپاو یان جووڵاو یان کورتە نامەی بڵاوکردەوە لەگەڵ خوڕەوشتی گشتیدا ناگونجێ یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات یان هانی کردنی تاوان یان کاری بەدڕەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیوەیست بەنهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بەهەر رێگەیەک بێت چنگی کەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سووکایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە (6) مانگ کەمتر نەبێت و لە (5) ساڵیش زیاتر نەبێت بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت .
دیارترین هۆکارەکان
نەبوونی هۆشیاری لە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان کە بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەموکورتی لە پەروەردەی تاکەکان و نەبوونی چاودێری پەروەردەیی، بێکاری گەنجان، نەبوونی چاودێری و سانسۆری پێویست لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بۆ ئەو پێگە ئەلیکترۆنییانەی کردنی تاوان ئاسان دەکەن، پەنانەبردنی تاوان لێکراو بۆ وەرگرتنەوەی ماف و لێخۆشبوون لە تاوانکار لە دەرەوەی دادگادا.
چارەسەر
دەرچواندنی یاسایەکی گشتگیر ترو تووند ترو سەردەمیانە تر، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هۆکارە ئاماژەپێکراوەکان بە رێگەی شیاو و کاریگەر.
*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی
گۆشەیەکی نوێی کوردستانی نوێ-یە