یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی جەماوەرییە، لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا توانی لە ھەلومەرجێکی سەخت و دژواردا لەسەر دەستی کۆمەڵێك رۆشنبیر و خاوەن ئەزموون کە دیارترینیان سەرۆك مام جەلال بوو.
سەرەتا ئەم کۆمەڵە لەسەر بیری چەپی مارکسی - لینینی خۆیان گۆش کرد و پەیامیان رزگاری بوو لە دەسەڵاتی ئاغا ودەرەبەگ کە ھەموو شتێکیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو.
یەکێتی بەپێی ھەلومەرجی رۆژگار خوێندنەوەی بۆ دۆخی سیاسی و دۆزی کورد کردووە، بۆ چەسپاندنی ماف و ئامانجەکانی خەڵك، دوای ساڵێك لە دروستبوونی، خەباتی چەکداریی لە چیاکانی کوردستانەوە دەستپێکرد تا کاتی راپەڕین.
رژێمی عیراق چەند قۆناغێکی شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی بە چڕی کرد کە دیارترینیان ھەڵەبجە بوو.
دواتر راپەڕین و دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمان و گۆڕینی خەبات لە شاخەوە بۆ شار.
چەندین کابینە کە بوونە دەستکەوت لە مێژووی نەتەوەکەماندا بە ھەموو کەموکووڕییەکانیانەیەوە لەوانە ئابڵووقەی رژێمی بەعس لەسەر کوردستان و کارەساتی شەڕی ناوخۆ.
یەکێتی لە رووی ئابوورییەوە توانی لەو قۆناغە خۆی بەڕێوەبەرێت، بەھۆی داھاتی خاڵە گومرگییەکان، ئەگەر ئاوڕێك لە رابردووی سنووری ئیداری دەسەڵاتی زۆنی سەوز بدەینەوە، پێشکەوتووتر بوو لە ناوچەکانی تری کوردستان، دوای پڕۆسەی ئازادییش یەكێك بوو لە نموونەی باشترینی ئیدارەکان لە عیراقدا.
یەکێتی دەستپێشخەر بوو لە دەرھێنانی نەوت و سوودی بۆ ئەو قۆناغە لێوەرگرت کە ئەویش نەوتی کێڵگەی شیواشۆك بوو کە سەرەڕای یەکەمین ئەزموون و جۆری کوالێتی، بەڵام سوودی بینی و توانی قەیرانەکان تێپەڕێنێت.
ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا بە رێگەیەکی راست، سوودی لە دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز وەرنەگرتووە و نەیتوانیوە لە نێوەندەکانی ھەرێمایەتی و جیھان پێشبکەوێت.
لەگەڵ پارتی کە سەردەمێك بە ھاوبەشی فیفتی فیفتی و دواتر پارت و لایەنەکانی تریش پشکی خۆیان ھەبووە، بەڵام خراپیی باری ئابووری ھەرێم و قەیرانەکان لە عیراقی نوێدا، تێکچوونی ھاوسەنگی و قووڵبوونەوەی کێشەکان لەسەر ئاستی جیھان بە گشتی، گەمەی دەوڵەتانی زلھێز و بەرژەوەندییان لە ناوچەکە، زەقبوونەوەی دەستێوەردانی ووڵاتانی دەورووبەر و رەنگدانەوەی لە عیراق، تێکچوونی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران، دۆخی ئەم ھەرێمە رۆژ بە رۆژ بەرەو ئاڵۆزی و خراپ بوون ھەنگاوی نا.
ئەوەی ئێستا یەکێتی دەتوانێت بیکات بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، بەتایبەت لەسەردەمی ئەم سەرکردایەتییە نوێیەدا کە ئامانجی خزمەت و چاکسازی باروگوزەرانی ھاووڵاتیانە، زۆرێک لە کێڵگە نەوتییەکان و غازی سروشتییش لە سنووری زۆنی سەوزدایە، کەواتە دەتوانێت ئەم پرسە بکاتە کارتێکی بەھێزی گوشار و ھەرێم لەم دۆخە رزگار بکات.
لە رێگەی ناردنی نەوت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و گرتنەبەری سیاسەتی ئابووری و دیپلۆماسی، دەتوانێت لە دەرھێنان و ھەناردەکردنی غازی چەمچەماڵ کە دووەم ناوچەیە لە جیھان لەدوای روسیا بۆ غاز، گوشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە ئەمە تا ئێستا ھەڕەشە و کارتێکی گوشاری تورکیایە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ دروستکردنی قەیران و گرانبوونی غازی سروشتی و توانیویەتی لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکانداسوودی لێ وەرگرێت و پێگەی خۆی قایم بکات.
دەیەوێت ئەو پێشێلکارییانەی دەیکات چاوپۆشی لێبکەن، لەبەرامبەر ئەوەدا غازە سروشتییەکەی ھەرێمی کوردستانیان بخاتە ژێر دەست، چونکە بە سنووری ئەودا تێپەڕ دەبێت و بە نرخێکی کەم کۆنتڕۆڵی بازاڕی جیھان بکات.
یەکێتی کە ھەمیشە بە ژیرانە لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خەڵكی کوردستاندا بووە، دەتوانێت لەم دەریچەیەوە ھەرێم لەم قەیرانە دەرباز بکات، ببێتە فریادڕەس و شکۆ بۆ حکومەت و نیشتمان بگەڕێنێتەوە کە زۆر کات سنوورەکانی بۆردومان دەکرێت و ھێزی سەربازی بێگانەی تێدا جێگیرکراوە.