ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی

09:57 - 2022-07-05
چێنەر شەرعی
1854 خوێندراوەتەوە

لەم هەفتەیەدا زیاتر لە چەند رووداوێکی دڵتەزێنمان بیست و بینی، زۆربوون و بەردەوامی ئەم رووداوانە دەرەنجامی نەبوونی هۆشیارییە لای تاکەکان و خێزان. لێکەوتەی ئەم رووداوانە کە پەیوەست نین بە داب و نەریت و پەیوەندی کۆمەڵایەتی تاکی کوردەوە، بگرە پێچەوانەی رەفتاری تاکی کوردە و هۆکارەکەشی ئەمانەی خوارەوەن.

نزمی ئاستی هۆشیاریی تاک 
خێزانەکان نەیانتوانیوە منداڵەکانیان هۆشیار بکەنەوە و پەروەردەی دروست نەماوە، جیهانی سەرمایەداری سەری لێ تێکداوین و هەموان لە خەمی پڕکردنی گیرفانداین، ئەوەی هەمانە چاومان پڕ نابێت و پەلاماری زیاتر دەدەین، ئەوەی نیشمانە بەهۆکاری سیاسەتی هەڵەوەیە کە کاری کردۆتە سەر بارودۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیان.
ئە گەر هۆشیاری تاک لە خێزاندا نەبوو، ئیتر بەرەو لەناوچوونی بەهاکان دەڕۆین، بە نموونەی جاران کێمان رووی دەهات لەناو خێزاندا سەیری ئەم فیلم و گۆرانییانە بکات کە دووراو دووریش ماچێکی تێدابوو، ئێستا باوکی تووڕە بێت لە منداڵەکە دایکەکە بە دزییەوە پشتگیری دەکات.

نەمانی رێز و بەهاکان
 ئەی جاران کێ رووی دەهات بەبەردەم مامۆستاکەیدا بڕوات یان رەفتارێکی جۆرێکی لە دووریشەوە لێ ببینرێت، ئێستا لەگەڵ مامۆستاکەی لەسەر یەك مێز ئەلکولییەکان دەخۆنەوە، خۆ رەنگە ئەوەش بکرێت و ئاسایی بێت، بەڵام بە شێوازێکی تەندروست و لەچوارچێوە و سنوور دەرنەچێت.
 ئەو هەموو پەیوەندییە ناشەرعی و ناتەندروستە چیە بۆتە دیاردە؟ 

رۆڵی میدیاکان
 ڕاگەیاندن هۆکاری دووەمی ئەم دۆخەیە کە نەیانتوانیوە بە شێوازێکی تەندروست و راست پەیام و ئاماژە راستەکان بگەیەنن، راگەیاندنی نیشتمانی غیابێکی گەورەی هەیە و لە نەبوونیشیدا چەندین دەزگای میدیایی کە رۆڵی خراپیان گێڕاوە بۆ هاوردەکردنی کلتووری بە ئامانج گیراوی دوژمنانی کورد و بە هێواشی کارلێکردنی بۆ ناو هەر ماڵێك و هەر تاکێك و رەنگدانەوەکەشی ئەوەیە کە دەیبینین. راگەیاندنی نیشتمانی دوورکەوتنەوەیە لەو شەڕە جنێوەی هەیە لە واقعدا و ناوی لێنراوە ئازادی، ئازادی بە تێڕوانینەکەی ئەفلاتون لە سیستمی حوکمدا کە دەڵێ لە ریزبەندییەکەی ئەو دیموکراسی باشترینی خراپەکانە، منیش ئەڵێم ئازادی ئەوە نییە چیت بوێت بیکەیت، بەڵکو پێویستە ئەوەندە ئازاد بیت سنووری بەرامبەر نەبەزێنیت کە کردت پێشێلت کردووە. پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری بیکاتە مەرج بۆ دەزگاکانی میدیا و کەناڵەکان کە هۆشیاری تاك بڵاوبکەنەوە و لیژنەی تایبەت و پسپۆڕ هەبێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامە و گۆرانی و فیلم و شانۆگەری و هەر بابەتێکی تر کە هەیە بەو فلتەرە بڕوات و نەهێڵرێت شتی پڕوپووچ و خراپ بڵاوبکەنەوە و هەماهەنگیش هەبێت لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و سیستمێکی سەردەمیانە و قۆناغ بە قۆناغ خولی جۆراوجۆر و تایبەتی هۆشیاری بکەنەوە.

خێزانەکان نەیانتوانیوە منداڵەکانیان هۆشیار بکەنەوە و پەروەردەی دروست نەماوە، جیهانی سەرمایەداری سەری لێ تێکداوین و هەموان لە خەمی پڕکردنی گیرفانداین

پارێزەران و مافپەروەران پێویستە بەردەوام لە رێگەی سۆشیال میدیاکانیان، هۆشیاریی یاسایی بڵاوبکەنەوە و رۆڵی گرنگ بگێڕن لە کەمکردنەوەی تاوانەکان لە پێگە و لاپەڕەکانیان لە سۆشیال میدیا، بەرنامەی تایبەت هەبێت لە کەناڵەکانی راگەیاندن وەك جاران. 
گوشار دروست بکەن بۆ هەموار  کردنەوەی پرۆژە یاساکانی سۆشیال میدیا و ئامێرەکانی پەیوەندی سەر شاشە و گۆرانی بێژ و شانۆ و بەناو مۆدێلەکان، کە خەڵکی ئێرە نین و  زۆربەیان خەڵکی دەرەوەی هەرێمن.
 بڵاوبوونەوەوەی دیاردەی هاوڕەگەزبازی چییە؟ ئایا رەوایە کەناڵی ئاسمانی بۆ شەرعیەتدان بەو بابەتە دەچێت دیمانەیان لەگەڵ دەکات؟ ئەی بۆ ناچێت بەرنامەی باش بکات بۆ پرسی خەمەکانی میللەت؟ یان ئەمە بە مەبەست و پلان بۆ دانراوە؟ ببینن لەژێر چەتری ئایین چی دەگوزەرێت؟ 
زانکۆ و ناوەندەکان پڕکراون لەوانە، سۆشیال میدیایان تەنیووە بەناوی ئایین و دەقە پیرۆزەکان کە تێکدراون و هەر لایەك لەبەرژەوەندی خۆی دایدەتاشێت. 
ئەم هەموو خۆکوشتنە بۆچی؟ هۆکارەکانی هەموو ئەو فاکتەرانەیە کە باسمان کرد رۆژ بە رۆژ جەنجاڵی و كاریگەرییەکان زۆرتر دەبن و دەبێت چاوەڕێی رووداوی ناخۆشتر و مەترسیدارتر و قێزەونتر بین.

وتارەکانی نوسەر