کەرکوک بڕیارە دروستەکە دەدات

10:30 - 2023-12-13
ژیار حسێن
405 خوێندراوەتەوە

لە چەند ساڵی رابردوودا و بەدیاریکراویش لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە، ئەگەر لایەنێکی سیاسی هەبووبێت لە خەمی پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوکدا بووبێت، ئەوا بە گەواهی یار و نەیار (یەکێتیی) بووە، ئەم راستییە هەر لە پرسی دانانی پارێزگارێکی کورد تا دەگاتە پڕکردنەوەی پۆستە گرنگەکان  بە کەسانی شیاو و خزمەتگوزار دەسەلمێت کە رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە جوانترکردنی سیمای شارەکە و بووژاندنەوەی سەرخانەکەی!
یەکێتی لە دەورانی ساڵانی  2014 دا کاتێک دەسەڵاتی شارەکەی بەدەست بوو، لەپێناوی پاراستنی دەستکەوتەکانی کەرکوک و بەهێزکردنی ریشەی حکومڕانی کوردیی لەو شارە، بۆئەوەی کۆدەنگییەک دروست بکات و رای زۆرینەی لایەنە کوردییەکان بە پێکهاتە جیاجیاکانیشەوە لە چارەسەری کێشەکاندا بچەسپێنێت، نەرمی لە زۆر مافی خۆیدا نواند و   بگرە خۆشی بەشخوراو کرد،  بێگومان ئەوەش وەسێتی شکۆی نیشتمان و نەتەوە رەوانشاد مام جەلال- ە بەوەی دەبێت سیاسەتی نەرم و حسابکردن بۆ سەرنجی سەرجەم پێکهاتەکان بە کردار لەلایەن نوێنەرانی یەکێتییەوە پەیڕەو بکرێت.
مادام ئەم قودسی کوردستانە لەمێژە وەک سیمبولی شوناس و میراتی کورد و ئەستێرە گەشەی ئاسمانی کوردستان سەیردەکرێت، جێی خۆیەتی بپرسین، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارێزگاکاندا، کورد چۆن پێگەی خۆی بچەسپێنێتەوە؟
بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارە بە گرتنەبەری رێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییانەیە، بەو مانایەی ئەگەر کورد بیەوێت کەرکوک لە دەستنەدات، پێویستە ئەو سیاسەتە نەرمەی خۆی لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکەدا ئەبدەیت بکاتەوە، نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی کەرکوکییانە بەدەستبهێنێت کە لەتوانایدابێت مادە دەستوورییەکان سەبارەت بە شارەکە زیندوو بکاتەوە، هەم لە حکومەتی هەرێم و هەمیش لە بەغدا لە پێگەیەکی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە گفتوگۆ بکات، تا چارەسەرێکی قبوڵکراو بۆ ورد و درشتی کێشە و قەیرانە هەڵواسراوەکانی ئەو شارە بدۆزێتەوە.
هەر لەو سۆنگەیەشەوە دەکرێت پێگەی کەرکوک بگاتەوە ئاستە شیاوەکەی لە رێکەوتنی پێکهاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە و رێکخستن و  دابەشکردنی داهات، یان رێوشوێنی دیکە کە بەرژەوەندییەکانی هەم کورد و هەم حکومەتی فیدراڵیش تێیدا رەنگ بداتەوە و بە لۆژیکی سازان و رێزگرتن لە مافی کەرکوکییەکان، ناسنامەی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک وەک خۆی تۆمار بکات و بپارێزێت.
ئەم چانسەش لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بۆ هاووڵاتییانی ئەم شارە واڵایە لە چەند رۆژێکی تردا.
بەدڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا  کاندیدی بەهێز و خەمخۆر دەنگی راستەقینەی کەرکوکییەکان بەدەست دەهێنێت، ئەوانەی کە هەموو ئامانجێکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شارەکە و هەروەها برایەتی نێوان پێکهاتەکانە لە لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە  ١٤٢، کە وەکو هاوپەیمانییەکی راستگۆی هێزە سیاسییەکانی شارەکە بە ویستێکی کەرکوکیانەوە لەمەیدانە.
دوای دەرچوونی ئەنجامی دڵخۆشکەرانەش، پێویستە لایەنی کوردی هەر بە ریتمی عەدالەت و برایەتییەوە لە کەرکوک حکومڕانی پیادە بکات و نیگەرانییەکانی هەموو پێکهاتەکانیش لەبەرچاو بگرێت، بەمەش کاریگەریی ئەرێنی خۆی و جێگیرکردنی سەقامگیریی لە شارەکەدا زیاد دەکات.
ئینجا کاتی تەوزیفکردنەوەی رۆڵی یەکێتی و هەنگاوەکانێتی  بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، تا هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و  دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ پرسی  کەرکوک و جێبەجێکردنی مادەی 140 بدرێت، هەروەها هەوڵ بدرێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی قودسی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر