یەکێتی پێویستی بە سەرکردەیەکی نوێ هەبوو

10:50 - 2023-12-24
دەلیل جەمال
295 خوێندراوەتەوە

دەلیل جەمال


دوای ژیانئاوایی مام جەلال، یەکێتی پێویستی بەسەرکردەیەکی بەهێز و توانا هەبووە تا جەستە گەورەکەی راگرێت، کەسێک کە توانای باڵانس و کارلێکی رۆحی هەبێت لەگەڵ تەواوی شانەکانیدا و قودرەتی ئاڕاستەکردن و کۆکەرەوەی بیر و جووڵەکانی تەواوی خانەکانی جەستەی هەبێت، ئێستا کە یەکێتی سەرکردە و رابەرێکی وای هەیە، بڕیار و کۆدەنگی و سیاسەتی روونی هەیە.
یەکێتی ئێستا کۆک و کۆکراوەیە، دەتوانێت بە روونی سیاسەت بکات و پێگە و سەنگی خۆی بپارێزێت. 
خاڵێکی دیکەی یەکێتی کە روونە، ئەویش نەخەوتن لەسەر مێژوو رابردووی خۆیەتی، هەوڵدەدات بە ئاڕاستەی نوێ و سیاسەتی دیفاکتۆی ئەمڕۆ هەنگاو بنێت، ئەمەش وایکردووە لە نێوان وتاری نەتەوەیی و وتاری مۆدێرنی سەردەمییانە باڵانس راگرێت، بەجۆرێک کە خاوەندارێتی وتاری نەتەوەیشی بۆخۆی مسۆگەر کردووە، لە هەڵبژاردنی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بە روونی دەرکەوت. 
یەکێتی تەواوی وتاری پۆپۆلستی پووچەڵکردەوە و توانیشی لەناو گێژنگی پەرتەوازەیی ماڵی کورد، سیاسەتی خۆی بکات و گرەویش بباتەوە و بەجۆرێکی تر کورد بباتەوە سەر هەرەمی هاوکێشەی سەرکەوتنەکان، لە کەرکوک و ناوچەکانی تر. 
یەکێتی پەیامی ئەوەیدا کە شەڕی کوردبوون و خاک، میراتی خۆیەتی و دەبێت ژیرانە و حەکیمانە بکرێت. 
گرفتی رابردووی یەکێتی نەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز و کاریگەر بووە، ئێستا کەخاوەنی رابەر و سەرۆکە، بێگومان خاوەنی پێگە و جوگرافیای گەورەی سیاسییە. 
هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ یەکێتی دوو رەهەندی هەیە، یەکەم رەهەندی نیشتمانی، دووەم رەهەندی باڵانسی هێز و خاوەندارێتی. 
ئێستا رابەرایەتی وتاری نەتەوەیی بە فیعلی لای یەکێتیە و دەبێت لە ئاست ئەو خاوەندارێتیەدا بێت. 
شەڕی خاک و خەڵک دەبێت یەکێتی درێژەی پێبدات، باری لاری سیاسەت و ئابووری و ...هتد راست بکاتەوە لە ناوچەکە.
یەکێتی کە توانی لە بەرژەوەندیی چاکەی گشتی هەنگاو بنێت، رای گشتیش وەڵامی دایەوە، ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو هەنگاو و سیاسەتەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرۆک و یەکێتی هەڵیانگرتوون. 
کاتی ئەوەیە هەموان بە دەوری وتار و سیاسەتی یەکێتیدا کۆببنەوە، بەتایبەتی ئەو هێز و گروپانەی عەوداڵی هاوسەنگی هێز و یەکڕیزیی کوردن. 
دوای ئەو هەموو ململانێ و ترازانە، یەکێتی دەتوانێت کۆکەرەوەی هەموان بێت. لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشی دووەمی پانۆڕامای رووداوەکان دەبینین و کورد دەتوانێت یاریکەرێکی بەهێز بێت و یەکێتیش ئەو هێزە دەبێت کە هاوکێشەکان بۆ بەرژەوەندیی کورد بگۆڕێت. 
کات و رۆژەکانی ئەم دوواییەی یەکێتی و هەنگاو و بڕیار و سیاسەتەکەی، ئەوەی پێ وتین کە یەکێتی هەمیشە هێزی کاریگەر بووە، وەلێ نەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز و بڕیاردەر، گرفتی گەورەی بۆ دروستکردبوو، ئێستا کە سەرۆک و بڕیار و سیاسەت و ژیری هەیە، یەکێتیش هێزی هاوکێشە گەورەکان و براوەی چۆنایەتییە لە ناوچەکە.

وتارەکانی نوسەر