باسی کێیە ئەمجارە؟

03:17 - 2024-10-18
دەلیل جەمال
91 خوێندراوەتەوە

دەلیل جەمال


بۆ یەکەمجار جۆر و شێوازی بانگەشەی گۆڕی، هێز و وزەی دیموکراسی و ڕکابەریی درروستکرد، نابەرانبەریی لە بانگەشەدا هاوسەنگ کرد، توانی سنوورە دەستکردەکان بشکێنێت، بەریەککەوتن و خوێنڕشتن و گرتن و پەلاماردانی لە بانگەشەدا نەهێشت، لە سنووری قەڵەمڕەوی خۆیدا، تەواوی ئازادی فەراهەمکرد و هەموان بەوپەڕی ئازادییەوە بانگەشەیانکرد.
بەمتمانە و خاوەنداری هەرێمی، بۆیەکەمجار بەخیتاب و بانگەشەیەکی جیاواز و توند و رکابەر چووە هەولێر و دهۆک. خۆی بەدوور گرت لە رکابەریی لابەلا و رکابەرە سەرەکییەکەی خۆی دۆزییەوە و لەوپەڕی ئازادیدا ڕووبەڕووی بوویەوە، لە حەوت پەیامدا ئامانجی خۆی پێکا.

بۆ یەکەمجار وای لە رکابەرەکانی کرد لەو سەری سەرەوە، لە هەڕەمی دەسەڵات و خۆ زلبوونەوە، بهێنێتە خوار، جاران دەستی دوو یان سێ بانگەشەی دەکرد، ئەمجار لەناو حزبەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد، خۆی بوو بە کەواسووری بەرلەشکر، رکابەرەکەشی هێنایە خوارەوە، هەنگاوی یەکەم وایکرد لە هەڕەمی لوتکەوە بێنە ناوخەڵک، ئەمە پێمان دەڵێت، دوای هەڵبژاردنیش چوونەسەرەوە نییە، تازە قۆناغێکی ترە و هەوکێشەکانی گۆڕی و هەموو عورفەکان تێکدەشکێنێت. 
هەڵبژاردن دوو بەشە، بەشی یەکەم بانگەشەیە و گەیاندنی پەیام و بەرنامەیە بەدەنگدەر، لەم بەشەدا سەرکەوت و توانی ئاهێک بەبەر بانگەشەدا بهێنێتەوە، رۆحی خستەوە ناو بانگەشە، مەساحەیەکی گەورە و بەرفراوانی بۆ بانگەشە دروستکرد، کە پێشتر حزبەکەی خۆی لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی و جارجار لەژێر لێوەوە لەم لاو ئەولا شتێکیان دەوت. ئەو توانی زۆرترین مەساحەی باگەشە بخاتە خزمەتی خۆی و حزب و پەیامەکەی.
زمانی بانگەشەی گۆڕی بەڕادەیەک هێندە نزیکیکردەوە لە خەڵک هەموو کەسێک تێی دەگەیشت، زمانی جەستە زمانێکی باڵابوو، کە ئەمە خاڵی وەرچەرخان بوو لە بانگەشەدا، ئەوەی بە وشە نەیدەوت، بەزمانی جەستە دەیوت، نابیستێک زۆر باش تێدەگەیشت. 

بەکەمترین میدیا زۆرترین پەیامی گەیشت. یەکێک لە خاڵە هەرە ئیجابی و سەرکەوتووەکانی ئەوەبوو، بەسیاسەتێکی حەکیمانە، میدیای رکابەرەکانیشی خستە خزمەت خۆی و حزبەکەیەوە. زاڵترین سەرکردەی ئەم بانگەشەیە بوو، پەیامەکانی زوو دەگەیشتن، بەڕادەیەک وای لێهاتبوو، یار و نەیار چاوەڕێی پەیامی نوێی بوون، وەک چۆن جاران خەڵکی چاوڕێ بوون ئێوارەبێت و دانیشن بەدیار درامایەکی بەهێزەوە. تاتەواوبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو لە رەقەم یەکدا بوو.
بۆ یەکمجار حزبەکەی لە حزبی بەرگریکارەوە گۆڕی بۆ حزبی هێرشبەر، رکابەرەکانی لە گۆشەیەکدا قەتیس کردبوو، تەنها فریای وەڵام دانەوە دەکەوتن، وای لە رکابەرەکانیکرد، لەبری گەیاندنی بەرنامە و پەیامی خۆیان  هەرخەریکی پەرچەکردار بوون. وەک یاری دووگۆڵی خۆی پێش یاریزانەکانی کەوتبوو، تیمەکەی لە تیمی بەرگریکارەوە گۆڕی بۆ هرشبەر، ئەو تیمەی یاری هێرشبردن بکات، حەتمەن گۆڵ دەکات. 
لە رابردوودا میدیای یەکێتی خەسێنرابوو، بینەری لەوپەڕی کەمیدابوو، ئەم وایکرد میدیای یەکێتی بەهێزبێتەوە، بینەری هەبێت، کەوابوو سەلماندی ئەگەر پەیامی راست و روون و راست هەبێت، بینەر و جەماوەریشت هەیە.
بەشی دووەمیش دەنگدانە، لەویشدا سەردەکەوێت.
خوێنەری بەڕێز دوور لە تەعەسووبی حزبی هەموو ئەمانەی وتم تۆ دەزانیت  کێیە... کە زانیت کەواتە کەس لەو نەچووە، هەموو ئەمەی سەرەوە، تۆش ئەزانی کاک بافڵە باسەکە.

وتارەکانی نوسەر