سەریاس محەمەد سەلیم
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، قۆناغێکی چارەنووسساز بوو لەبەردەم مەسەلەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەی چەندین ساڵە ژێردەستەی پڕۆسەی تەعریب و داگیركارین، بە تایبەتیش كەركوك، بەڵام دووبارە و بە پشتیوانی خەڵكە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەكەی توانییان كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنن، كاتێك بە پەرۆشەوە گەورە و بچووك بەرەو بنكەكانی دەنگدان رۆیشتن و كوردستانیبوونی كەركوكیان سەلماند و زۆرینەیان بەیەك دەنگ لە رێگەی سەرخستنی (هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە)، یەكێتییان وەك هەمیشە بە نوێنەری راستەقینەی خۆیان دانا و بە هەموو لایەكیان راگەیاند كە ئەوە یەكێتییە هەمیشە خەمخۆری كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بووە، سەلماندیان ئەوە یەكێتی بووە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی، سازشی لەسەر كوردستانیبوونیان و مافەكانیان نەكردووە و رایگەیاندووە كە تاكە لایەنی قبووڵ كراو لەلای كەركووكییەكان تەنها یەكێتیە، چونكە هەمیشە بیروباوەڕی یەكێتیانە خەمخۆری بست بە بستی خاكی كوردستانە و شەڕ لەسەر مافی تاك بە تاكی هەر كوردێك دەكات لە هەر كوێیەك بێت.
لە دوای ئەو سەركەوتنە مەزنەی كورد و بە تایبەتیش یەكێتی، کە هەلوێستی نەگۆڕی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیشی، گەڕانەوەی پارێزگار و بەڕێوبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكانی كەركوكە بۆ دەستی كورد، وەك چۆن هەڵبژاردن سەلماندی كە كورد زۆرینەن، ئاواش پێوستە خۆیان كاروبارەكانی شارەکە بەڕێوەبەرن، لە ناویشیاندا یەكێتی وەك زۆرینە بە مافی خۆی دەزانێت كە پارێزگارێكی كورد دابنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هەموو شارەکە.
پەیامی یەكێتی هەر لە دوای پێنجەمین كۆنگرەوە، یەك وتاری و یەك هەڵوێستییە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان، هەر ئەم بیروباوەڕەش زیاتر خەڵكی هان دەدا كە لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بڕۆن، بە بیر و باوەڕێكی یەكێتییانەوە دەنگبدەن.
ئەم هەڵبژاردنە پەیامی یەكێتیی باشتر روونكردەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و پێی وتن كە سەرۆك بافڵ وەك چۆن پێشتریش رایگەیاندووە، یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێم
بێگومان ئەم هەڵبژاردنە پەیامی یەكێتیی باشتر روونكردەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و پێی وتن كە سەرۆك بافڵ وەك چۆن پێشتریش رایگەیاندووە، یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێم، هەڵبژاردنێك كە تۆماری دەنگدەران پاك كرابێتەوە و دوور بێت لە دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەكی، بە چاودێریی نیودەوڵەتی بێت ئامادەین، ئەمە زەنگێكە بۆ هەموو لایەنەكان كە یەكێتی پێداگرە لەوەی هەڵبژاردن لە هەرێم بكرێت و حكومەتێكی خزمەتگوزاری گشتگیر پێکبهێنرێ لە نوێنەری هەموو لایەنەكان و ئامانجی خزمەتكردن و بەرەو پێشبردنی قەوارەی هەرێم بێت و لە ئاست داواكاریی و چاوەڕوانی خەڵکدا بێت.
بە دڵنیاییەوە ئەم ئامانج و پەیامە روونەی یەكێتی بۆ خزمەتی خەڵك، چۆن كاریگەریی تەواوی لەسەر دەنگدەرانی كەركوك و ناوچەكانی تر هەبوو، ئاواش لە هەڵبژاردنی هەرێم جۆش و خرۆشێكی زۆر دەخاتە ناو دەنگدەرەكانەوە و هاووڵاتیان لە هەرێمیش بە پەرۆشەوە بۆ ژیانێكی باشتر و سەقامگیرتر سندوقەكان پڕ دەكەن لە دەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. ئێستا ئەوە روون بۆتەوە بۆ لایەنەكانی تر و ترسی خستۆتە دڵیانەوە بەرامبەر هەڵبژاردن، ئامانج و روئیای یەكێتی هەمیشە بەرەو شاڕێی خزمەتگوزاری و باشتركردنی ژیانی خەڵك و دابینكردنی پێداویستییەكانیانە، وەك چۆن هەڵكشانێكی بەرەچاو لە دەنگەكانی یەكێتی بەدیدەكرا لەم هەڵبژاردنە و پێش هەڵبژاردنەكەش، سەرۆك بافڵ مژدەی سەركەوتنی راگەیاند كە دەرەنجامی سیاسەتی راستەقینە و یەك وتاری و یەك كردارییە بۆ خزمەت، ئاواش لە هەڵبژاردنی هەرێم مژدەی سەركەوتنێکی تر رادەگەیەنێت.
چوونە ناو خەڵك و بەتەنگ هاتنی، دەرەنجامی سەركەوتن دەدەن بەدەستەوە، وەك چۆن بینیمان سەرۆك بافڵ و كاك قوباد و تەواوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادرانی یەکێتی لە ناو خەڵك بوون و بە خەم داواكاری و پێداویستییەكانی خەڵكەوە بوون.
ئەوە پەیامێكە كە ئیتر ئەمە سیاسەتی یەكێتییە وەك چۆن پێشتر خزمەتكاری میللەتەكەی خۆی بووە ، ئاواش بۆ لەمەودا بە بەردەوامی لەناو خەڵك دەبێـت، گوێگری داواكارییەكانیان دەبێت و جێبەجێكاری پێداویستییەكانیان دەبێت، یەكێتی خوێنی تێكەڵ بە میللەتەكەی بووە.
ئاخر بە هەزاران شەهیدی ئەنفال و قوربانیدان لەپێناوی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین و دەستەبەرکردنی ژیانێكی باشتر بۆ میللەتەكەمان ئاسان نییە، لایەنێك كە خاوەنی ئەم مێژووە بێت بێگومان هەر لەسەر شاڕێی سەركەوتن و خزمەتكردن دەبێت.
ئەو رێبازەی كە لە ساڵی 1976 جەنابی مام جەلال و هەڤاڵەکانی یەكێتی لەسەر دامەزراند، ئێستا سەرۆك بافڵ بە هەمان بیروباوەڕ، بە هەمان گوڕوتین درێژەی پێ دەدات.
ئەوەی كە بۆ هەموو خەڵكیش روون بۆتەوە سەركەوتنی یەكێتی بە مانای سەركەوتنی ئیرادە و بیری گەلەكەمانە بۆ خزمەتگوزاریی و گەیشتن بە ئامانجەکان.