زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری

10:48 - 2024-05-23
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
315 خوێندراوەتەوە

ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری  Cultural Anthropology ، یان: مرۆڤناسیی رۆشنبیری، زانستێکە لە بنەمای کۆمەڵگەکان و کولتوورە مرۆییەکان دەکۆڵێتەوە، بە وردی لێکۆڵینەوە لە مێژوو و رەوتی پێشکەوتنی سەرجەم رۆشنبیرییەکانی گەلان، لە هەموو سەردەمێکدا، ئەنجام دەدات، ئەم زانستە گرنگی بە خودی رۆشنبیری و کولتوور دەدات، سا کولتووری وەچە دێرینەکانی چەرخی بەردین بێت، یان کولتوورەکانی کۆمەڵگە شارستانییە هاوچەرخەکانی ئەمرۆمان بێت، واتە هەموو کولتوورەکانی دنیا شوێنی بایەخپێدانی زانایانی بواری ئەنترۆپۆلۆژیای کولتوورین، چونکە ئەم رەوتە بەشداری دەکات لە کەشفکردنی ئەو مەیلە مرۆییەی لەلای مرۆڤەکان هەیە بۆ قبوڵکردنی کولتووری جیاواز و بۆ خوێندنەوە و شارەزابوون لە کولتوورەکانی دیکە، لێرەوە زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کۆمەڵگەکان تا چ ئەندازەیەکی گرنگ کارلێک لەگەڵ یەکدیدا دەکەن لەرێگەی ناسینی کولتووری یەکدییەوە، لە پیشەی دەستییەوە بۆ دیزاینی سەرنجراکێش، سەما و میوزیک، گۆرانی و لیریک، چەشنی هاوسەرگیری و هونەری هەمەچەشن.

 

 

ئەنترۆپۆلۆژیستە تازەکان رۆڵی نەریت و بایۆلۆژی کەم دەکەنەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی تێکەڵبوونی کۆمەڵگەکان لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا و لە چەرخی گلۆبالیزەیشن و پێشکەوتنی تێکنۆلۆجی و شۆڕشی ئەلیکترۆنیدا

 

 

یەکێک لە کارە باشەکانی ئەنترۆپۆلۆژیای رۆشنبیری بریتییە لە رزگارکردنی رۆشنبیری و کولتوور لەژێر دەستی بایۆلۆژی و بۆماوەیی، ئەم زانستە هەردوو میکانیزمی وەرگرتن و گواستنەوەی نەوە لەدوای نەوە، وەک پرۆسەیەکی بۆماوەیی، رەت دەکاتەوە، واتە کولتوور و رۆشنبیری لەرێگەی جیناتی بۆماوەییەوە بە نەریت بۆ نەوەکانی دیکە ناگوازرێتەوە، یان لەرێگەی رەگەزی سروشتی و غەریزەکانەوە نەقڵ نابێت بۆ وەچەکانی دواتر، بەڵکو ئەمە بە چەندین رێگە کارلێک دەکات کە هەموو رێگەکان سروشتێکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییان هەیە، بەتایبەتی لەرێگەی تێکەڵبوونی کۆمەڵگەکان و کارلێک کردنیاندا، ئەگەرچی ژمارەیەک لە زانایانی ئەنترۆپۆلۆژیای رۆشنبیری جەخت لە هەردوو فاکتەری بۆماوەیی و سایکۆلۆجی دەکەنەوە لە گواستنەوەی کولتورەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە، و پێیان وایە پابەندبوون بە نەریتی کۆمەڵایەتی و توانای ئەقڵییان، رۆلێکی سەرەکیی لەو پرۆسەیەدا هەیە، ئەم بیرۆکەیە پتر بیرۆکەیەکی خۆرهەڵاتناسییانەیە کە کۆمەڵگەکان دابەش دەکاتە سەر دوو چەشنی جیاواز: کۆمەڵگەی شارستانیی خۆرئاوایی و کۆمەڵگەی سەرەتاییی خۆرهەڵاتی، لێرەشەوە پاساو بۆ کۆلۆنیالیزم خۆش دەکات، کەچی ئەنترۆپۆلۆژیستە تازەکان رۆڵی نەریت و بایۆلۆژی کەم دەکەنەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی تێکەڵبوونی کۆمەڵگەکان لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا و لە چەرخی گلۆبالیزەیشن و پێشکەوتنی تێکنۆلۆجی و شۆڕشی ئەلیکترۆنیدا، پێیان وایە جیاوازیی کولتووریی نێوان کۆمەڵگەکان دەگەرێتەوە بۆ ئەزموون و هەلومەرج و دۆخی جیاواز، نەوەکو بۆ هۆکاری بۆماوەیی و بایۆلۆژی، بەبێ ئەوەی رۆڵی نەریت بەتەواوی رەت بکەنەوە.
دوو زانای ئەنترۆپۆلۆجی بەتەواوی ناکۆک بوون لەگەڵ ئەنترۆپۆلۆژیای بایۆلۆجی، ئەوانیش: کلۆد لیڤی شتراوس و فرانز باوس، بەتایبەتی لیڤی شتراوس کە پێی وایە ئەو بیرۆکەیە بێهودەیە کە بتەوێ بیسەلمێنیت کولتووری نەتەوەیەک یان رەگەزێک، زاڵ و پێشکەوتووترە لە کولتووری نەتەوەو رەگەزەکانی دیکە، بگرە پێداگریی لەسەر گرنگیی هەمەچەشنیی کولتووری دەکردەوە لەو روانگەیەوە کە دەبێت ددان بە کولتووری سەرجەم نەتەوە و ئیتنیکەکاندا بنێین لە دروستکردنی مێژووی مرۆڤایەتی و بنیاتنانی ئاپارتمانەکانی شارستانییەتدا. ئەمە لەبەرئەوەی کولتوور و رۆشنبیری لە دینامیکییەتێکی بەردەوامدان،  زۆر بەخێرایی پێشدەکەون و بڵاو دەبنەوە. لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهاندا، لەرووی میتۆدییەوە، بایەخێکی گەورە بەم بیرۆکانەی ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووری دەدرێت.

وتارەکانی نوسەر