بەختەوەری چەند وەرزە؟

09:47 - 2024-05-29
پرژە زاهیر جەلال
684 خوێندراوەتەوە

زۆرێک لە مرۆڤەکان بە پڕۆسەی مردنی پێشوەختەدا تێدەپەڕن. سەرەتا دەست هەڵدەگرن لە چێژە بچووکەکانی ژیان، بێ زانینی ئەوەی کە بەختەوەری گەورە لە بەختەوەرییە بچووکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
 گرنگی بەخۆی نادات، نازانێ ئارەزووی لە چییە؟ رەفتارەکانی چۆنن؟ بەچی دڵخۆشە؟ لەچیدا بەهرەداره؟ پێگەی چییە؟ چی ئاسوودەی دەکات و چی توڕەی دەکات؟...هتد. وازهێنان لەمانە، مرۆڤێکی بێ ئاگای ناشادی شکستخواردو بەرهەم دەهێنێت.
کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ ئەمە لەوانە: رەنگە کۆچی دوایی ئازیزێکیان بێت، یاخود شکستی ژیانی خێزانی، یان دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی، دابڕان لە خولیاکان، نەخۆشی، ژینگەی نالەبار، کەمدەرامەتی، نەبوونی هاوڕێ، خراپی خێزان ..هتد.
پێویستە گۆڕانکاری و رووداوە سروشتییەکانیش بە ئاسایی وەرنەگیرێن، چونکە ئەوەی لە سروشتدا روودەدات هەمان ئەو گۆڕان و رووداوانەن کە لە ناوەوەی مرۆڤێکدا بەردەوام روودەدەن.
 چۆن زەوی چوار وەرزی هەیە، مرۆڤیش بە هەمان شێوە دۆخی دەروونیی بەسەر چوار وەرزدا دابەش دەبێت.
 زۆر ئاساییە دۆخی کەسەکە هەمیشە بەهار نەبێت و بگۆڕێت بۆ وەرزەکانی تر، بەڵام ئاسایی نییە ئەگەر دۆخی دەروونی هەمیشە لە وەرزێکدا جێگیر بێت، یاخود چۆن کات بەسەر رۆژ و شەودا دابەش بووە، کەواتە کاتەکانی مرۆڤیش بە هەمان شێوەن، بێ شک لە دوای هەموو شەوێک رۆژێکی نوێ هەڵدێت، لێرەوە فێردەبین لە ژیاندا هێڵی ناوەند هەڵبژێرین بۆ مانەوە بە سەلامەتی و ئاسوودەیی.

 

یارمەتی ئەوانیتر بدە، چونکە بەخشینی یارمەتی وادەکات هەست بە بەختەوەری و بوونی خۆت بکەیت

 

چارەسەرە سەرەکییەکان بۆ ئەم کەسانە: تەرخانکردنی کاتە بۆ ئارەزووەکانیان، گوێنەدان بە قسە و کردارە نەرێنییەکانی دەوروبەر، بەردەوامبوون بە باوەڕ و وزەیەکی ئەرێنییەوە، شاردنەوەی خاڵی لاوازی خۆیی تەنانەت لە نزیکترینەکان، باس نەکردنی پلان و هەنگاوەکانی داهاتوو، چونکە گونجاو نییە بەرنامەو پلانەکانت هەمووی لای دەوروبەرت ئاشکرا بن. 
چارەسەرە وردەکانیش یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن: گرنگە هیچ کاتێک هەستەکان دوا نەخرێن، چونکە دواخستن یاخود پەنگخواردنی هەستەکان لە قووڵایی ناخدا، دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە دیوی دەرەوەدا، وەک، نووسەری بەناوبانگ (برایان ترەیسی) لە وتەیەکیدا دەڵێت: جیهانی دەرەوەی ئێوە رەنگدانەوەی جیهانی ناوەکیتانە.
کەواتە ئەگەر توڕەبوی دەریببڕە، غەمبار بوویت بگری، لە کاتی خۆیدا قسە لەسەر کێشەکان بکە و رووبەڕووی ئەو کەسانە ببەوە کە بریندارکەرن، چونکە رووبەڕووبوونەوە وادەکات بەسەر ترسەکاندا زاڵبیت، لەیادت بێت پێکەنینەکان دوا مەخە و لەکاتی خۆیدا دڵخۆشی بنوێنە. 
کات تێدەپەڕێت، ئەوانەی لەدەست دەچن کەمتر لەبیردا دەمێنن، یارمەتی ئەوانیتر بدە، چونکە بەخشینی یارمەتی وادەکات هەست بە بەختەوەری و بوونی خۆت بکەیت، هەندێکجار مرۆڤ پێویستی بە دەرمان نییە، بەڵکو خۆی دەبێتە دەرمان، بۆ چارەسەری برینی کەسانی دی، ئەوسا هەستدەکات بەهرەمەند و چارەسازە، بەڵام گرنگی و خۆشویستنی خۆی لەبیرکردووە، هەر ئەمەش وایکردووە بەختەوەری ون بکات.

وتارەکانی نوسەر