تەمەن لە نێوان چەندێتی و چۆنێتیدا

09:33 - 2024-06-09
پرژە زاهیر جەلال
460 خوێندراوەتەوە

زۆركات لە باسكردنی تەمەندا رووبەڕووی چەندین بۆچوونی جیاواز و لۆژیكی دەبینەوە، كە هەندێكیان لە ئەزموونی سەردەمی باپیران و هەندێكیش لە ئەزموونی سەردەمی نوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر لە كۆندا پرسیاری چەندێتی تەمەن لە كەسێكی بە تەمەن بكرایە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە گوێبیستی ژمارە نە دەبوویت، چونكە هەندێكیان رۆژی لەدایکبوونیان لەلا گرنگ نەبووە، هەندێكی دیكەش زانیویانە، بەڵام نەیانویستووە بیدركێنن، بەڵكو وتەیەك یاخود پەندێكی پێشینانیان كردۆتە وەڵام.
ئەمە تەواو پێچەوانەی سەردەمی نوێیە كە گرنگییەكی زۆر بە ژمارە دەدرێت و بڕیار دەدرێت هێندەی ژمارەكان بژین نەك ئەزموونەكان.

هەبوونی هیوا و ئامانج وەك دەرمانی دژە پیریی كار لەسەر جەستەی مرۆڤ دەکات

لێرەدا رووبەڕووی پرسیارە گرنگەكە دەبینەوە، ئایا لە بنەڕەتدا تەمەن چەندێتییە یاخود چۆنێتی؟

ئەو كەسانەی بۆچوونیان وایە تەمەن چەندێتییە، ئەوا رووبەڕووی ئەو راستییە دەبنەوە كە پێشوەختە لە ژیان نائومێد دەبن، چونكە خاوەن ئەم بۆچوونە دەسەڵاتی یەكەم دەدەن بە ژمارەكان نەك ئەزموونەكان، ساڵانە لەگەڵ زیادبوونی ئەم ژمارانەدا بێ هیواتر و پیرتر دەبن، بەهۆی بیركردنەوەی زۆریان لە تەمەن، پێستی روخساریان چرچ دەبێت، تووشی پەككەوتنی ماسولكەكان و بیرچوونەوەی یادەوەرییەكان و چەندەها كێشەی جەستەیی و دەروونی و خێزانی دەبنەوە.
بۆچوونی دووەم ئەو كەسانەن دەڵێن تەمەن چۆنێتییە، واتا شێوازی ژیان، شێوازێكی تەندروست بێت، هەر له خواردن و خواردنەوەوە تا ژینگەی خێزانی و كۆمەڵایەتی، پەیوەندییەكی زۆریان بەبیركردنەوە لە تەمەن هەیە، پێچەوانەی بۆچوونی یەكەم، ئەم كەسانە نایانەوێت ژیان رەوانە بكەن بەبێ چێژ بینین و سوود وەرگرتن، كاتێك وزەی پۆزەتیڤ زاڵ دەبێت بەسەر وزەی نێگەتیڤدا، ئەوا جەستە و دەروون درەنگتر پیر دەبن.
لای ئەم كەسانە دەسەڵاتی یەكەم بە ئەزموونە، گرنگی نادەن بەوەی ژمارەكان چەندێك دەچنە سەرەوە، بەڵكو ئەوە دەژمێرن كە دەكرێت لە ساڵێكدا چەند شتی گرنگیان کردبێت، بەم شێوەیە بەختەوەرتر و گەشاوەترن لە بۆچوونی یەكەم.
زۆركات دەبینین دوو كەس كە هەمان تەمەنیان هەیە، لە روخساردا تەواو جیاوازن، یەكێكیان تەمەنی كەمتر پێوە دیارە لەچاو ئەویتردا، ئەمە دەیسەلمێنێت گۆڕانكاری لە كار و ژینگە و خێزاندا بەسە بۆ ئەوەی تەمەن بە چۆنێتی پێوانە بكرێت .
رەنگە ئەستەم بێت بڕوا بكەیت كە هەبوونی هیوا و ئامانج وەك دەرمانی دژە پیریی كار دەكات لەسەر جەستەی مرۆڤ.!

وتارەکانی نوسەر