زبڵ بە بەهای زێڕ

09:43 - 2024-07-01
پرژە زاهیر جەلال
313 خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال 

 

دەکرێت بە زبڵ وڵاتێک پێش بکەوێت و نوێ بکرێتەوە



زبڵ و خاشاکی هەرێم بەردەوام روو لە زیادبوونە، ئەمەش واتا زۆربوونی نەخۆش و نەخۆشیی درێژخایەن بەتایبەت لە وەرزی هاویندا دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی زیندەوەری زیانبەخش و ژەهراوی، ئەمە جگە لە ناشیرینی و قێزەونی دیمەنەکەی و بۆنە ناخۆشەکەی بەناو شاردا. 
چەندین ساڵە تانجەرۆ بووە بە شوێنی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی، بەبێ هیچ فلتەرێک و چارەسەرێکی بنەڕەتی فڕێ دەدرێن، مەترسیدارترینیان زبڵی کارگەی دەرمان و مادە کیمیاییەکانن کە لەگەڵ هەوا و خۆر کارلێک دەکەن و دەبنە هۆی نەخۆشی کوشندە. 
ئەم خاشاکانە هێندە کەڵەکە بوون، بوونەتە گرد و تەپۆلکە، ئەمەش لە کاتێکدا دەتوانرا لە هەمان ناوچەدا کارگەی ریسایکلینی گەورە (نوێکردنەوە) دروست بکرێت و سوود لە پاشەڕۆکان وەربگیرێت.
 دەکرێت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە چاو لە وڵاتێکی وەک سەنگافورە بکرێت، لەم وڵاتەدا زبڵ و خاشاک نییە، لەبەرئەوەی رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 400 بارهەڵگر خۆڵ و خاشاکی هەموو شارەکە کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو عەمبارەکانەوە، چوار شوێنی سووتاندنی خاشاک لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەن کە 24 سەعات لە رۆژێکدا کار دەکەن، لەم عەمبارانەدا زبڵەکان دەسووتێنرێن و ئەو گەرمییەی لەم پرۆسەیەدا دروست دەبێت سوودی لێوەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دوکەڵە ژەهراوییەکەش فلتەر دەکرێت و بە تەواوی پاکژ دەکرێتەوە، پاشماوەی سووتانەکەش کە پێی دەگوترێ (لمی نوێ) لە کەرتی بیناسازیدا بەکاردەهێنرێت لەو شوێنانەی لۆدێکی زۆریان ناچێتە سەر وەک راڕەوی خشتی شۆستەکان، بەم شێوەیە سەنگافورە ناسراوە بە وڵاتێکی پێشکەوتووی ریسایکلینگ.
 پاشەڕۆ ئاژەڵییەکانیش بەدەرنییە لەم کێشەیە، ئاژەڵداران ساڵانە لەکاتی بڕینی خوری ئاژەڵەکاندا، چەندەها تۆن خوری فڕێ دەدەن لەبەر نەبوونی کارگەیەک کە ئەم خورییەیان لێ بکڕێت و بخرێتە بواری نوێکردنەوە و بازرگانییەوە بۆ دروستکردنی پۆشاک و جێ خەو و چەندەها شتی دیکەی بەسوود، ئەمە تەنیا زەرەر نییە بۆ هاووڵاتیان، بەڵکو زەرەرمەندی یەکەم حکومەتە کە هیچ پلان و بەرنامەیەکی نییە بۆ ئەو زبڵەی بەهای زێڕی هەیە.
 کەواتە دەکرێت بە زبڵ وڵاتێک پێش بکەوێت و نوێبکرێتەوە، بە کردنەوەی چوار کارگەی نوێکردنەوەی زبڵ لە شاردا، دەتوانرێت چەندین کێشە کۆتایی پێ بێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەردەوام لە زیادبووندان ئەمەش دیسان مەترسییە لەسەر زۆربوونی خاشاک، چارەسەر لە دەستی حکومەتدایە کە دەبێت بۆ ماوەیەک پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بوەستێنێت و کارگەی ریسایکلین بکاتەوە، بۆئەوەی هەرێم لە زبڵ پاک بکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر