رای گشتی و دۆزی كورد

09:46 - 2024-06-03
د. سەربەست نەبی
317 خوێندراوەتەوە

تایبەت بە کوردستانی نوێ

پێكهێنانی رای گشتی و دروستكردنی كاریگەریی لەسەری، یەكێكە لە گرەوەكان لە ململانێی سیاسی نێوان هێزە ركابەرەكاندا، لەم 10 ساڵەی دواییدا كورد وەك هێزێكی سیاسی كەلتوریی و كۆمەڵایەتی توانیویەتی سۆزی كۆمەڵگە خۆرئاواییەكان بە لای خۆیدا رابكێشێت، بەو پێیەی تاكە كۆمەڵی دیمۆگرافین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كە رووبەڕووی پەڕگیریی ئایینی و كەلتوری بوونەتەوە و گوتارێكی سیاسی دیموكراسیانەیان هەبووە و بانگەشەیان بۆ فرەیی و پێكەوەژیان دەكرد، بە پێچەوانەی كۆمەڵگەكانی دەوروبەریان، كە سیخناخە لە ناكۆكی ئایینی و مەزهەبی.
لەم روانگەیەوە دەتوانین لە ئاستی ئەو هاوسۆزییە تێبگەین كە كچە شەرڤانەكانی رۆژاڤا بە دەستیانهێنا، كاتێك لەگەڵ رێكخراوی داعش دەجەنگان و میدیای كۆمەڵگە خۆرئاواییەكان هاودەنگییان دەكردن، هەر ئەوەش كاریگەریی قووڵی هەبوو لەسەر میدیای ئەمریكی و ئەوروپی، كاتێك ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بە شێوەیەكی كوتوپڕ بڕیاریدا هێزەكانی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا بكێشێتەوە و هێزە كوردییە بێ پشت و پەناكە بەجێبهێڵێت بۆ سەرۆكی توركیا و سوپاكەی و گروپە چەكدارەكانی تۆڵەی لێبكەنەوە. ئەو كات زمانحاڵی میدیای خۆرئاوا و ئەمریكا و تێكڕای رای گشتی، ئەو هەڵویستەی ترەمپیان بە خیانەت و شوورەیی لە قەڵەمدا و دەیانپرسی چۆن هەر وا بە ئاسانی پشت بكەینە هاوپەیمانەكان، كە فیداكارییان كرد و لەبری ئێمە لەگەڵ تیرۆر دەجەنگان، ئێستاش بیانكەینە نێچیرێكی ئاسانی سەركردەیەكی ئیسلامگەرای توركی؟ ئەم هەڵوێستە زۆرترین كاریگەریی هەبوو لەسەر بڕیارەكەی ترەمپ و وایلێكرد پاشگەز بێتەوە.
لەسەر ئاستی كوردستانی دەتوانین بڵێین، بە شێوەیەكی گشتی رای گشتی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە دەستنیشانكردنی سیاسەتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی پەیوەست بە ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مەلەسەی ناسنامەوە، هەروەها لە دەستنیشانكردنی بڕیارە سیاسییەكان لەو وڵات و كۆمەڵگایانەدا كە كراوەن و كەشێكی لەباری ئازادی رادەربڕین و گفتوگۆیان هەیە، بەڵام بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتێكی كوردی نەتەوەیی، سەنتڕاڵ و سەربەخۆوە، رای گشتیی نەتەوەیی كوردی ملكەچی كڵێشەیەكی دیاریكراو دەبێت و سەرنجامیش ملكەچی مەرجە جیۆپۆلەتیكی و سۆسیۆلۆجییە جیاجیاكان دەبێت و بە جۆرێك دادەڕێژرێتەوە كە دەبێتە رای گشتی كوردی- ئێرانی، رای گشتی كوردی- توركی، یان رای گشتی كوردی- عیراقی، لە سوریاش كۆمەڵگەی كوردی بە هەمان شێوەیە، لەبەر ئەوە قورسە قسە لەسەر رای گشتی كوردی تەواو نەتەوەیی و بێخەوش بكەین، بەڵام دەتوانین باس لە سۆزی هاوبەشی نێوان كوردەكانی هەر چوار پارچەكە بكەین، وەك هاریكارییەكی نەوتەوەیی، ئەم هاوسۆزییە لە بۆنە نەتەوەییەكان و لەو كاتانەدا بەهێز دەردەكەوێت كە ئاستەنگێكی چارەنووسساز رووبەڕووی كورد دەبێتەوە لە هەر بەشێکی كوردستان، وەك ئەوەی كە كورد رووبەڕووی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بۆوە لە كۆبانی و شەنگال و..هتد. 
لە دۆخێكی وادا رای گشتی كاریگەریی لەسەر ئاراستەی حزبە نەتەوەییە جیاجیاكان و بڕیار و هەڵوێستەكانیان دەبێت، وەك چۆن كاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و حزبەكانی.

 

 

رای گشتی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە دەستنیشانكردنی سیاسەتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی پەیوەست بە ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مەلەسەی ناسنامە

 

 

رای گشتی و پڕۆسەی رزگاریی
 بەم شێوەیە رای گشتی دەتوانێ بەشدار بێت لە بەهێزكردنی یەكێتی و هاوپشتیی نیشتمانپەروەرەكان لە پڕۆسەی رزگاریی نەتەوەییدا، ئەویش لە رێگەی بەرجەستەكردنی  بەها نیشتمانییە هاوبەشەكان و هاندانی چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە بۆ هاوكاری یەكتری، رای گشتی دەتوانێ خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان بەهێز بكات.
لە بەرامبەریشدا دەكرێ رای گشتی بە پێچەوانەوە، سیاسەتی حكومەت و دەسەڵاتدارانی توركیا و عیراق و ئێران و سوریا بەهێز بكات، ئەم نموونەیەش زۆر جار رووی داوە، وەك ئەوەی سەرۆكی توركیا فەرمانی كرد بە سوپاكەی ناوچە كوردییەكانی باكووری سوریا داگیر بكەن، ئەوە بوو سەرۆكی توركیا پەنای برد بۆ هەستی نەتەوەیی و ئیسلامگەرایی شەقامی توركی و هانیدان دژی كورد، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە خواستی فراوانخوازی خۆی بكەن بۆ داگیركردنی خاكی زیاتری كورد و سوریا، هەروەها بەكاریهێنان بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی خۆی و لەناوبردنی ركابەر و نەیارە سیاسییەكانی كە دژی چەوسانەوەكانی دەوەستنەوە. 
سەرۆكی توركیا بە هاوكاریی لەگەڵ ئەو دامەزراوە میدیاییە عەرەبیانەی كە قەتەر پشتیوانییان دەكات، توانی بەرەیەكی نەتەوەیی و ئیسلامگەرایی فراوان لە نێو ئۆپۆزسیۆنی سوریادا دروستبكات، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دژی گوتاری عیلمانی و دیموكراسی و دۆزی كورد وەستایەوە لە سوریا، بەمەش كەلتوری رق و كینەی لە ناو پێكهاتەکانی كۆمەڵگەی سوریادا بەهێز كرد. 
هاوشێوەی ئەم هەڵوێستە لە دوای راپرسییەكەی هەرێمی كوردستانی 2017 بەدیدەكەین، ئەو كاتە تەنانەت میلیشیا و حزبە شیعەكانیش لە گوتارەكانیاندا دژی كورد، پەنایان بۆ قاموسی گوتاری بەعسییەكان دەبرد بێ هیچ شەرم و دوودڵییەك، بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی و مەزهەبی بگەڕێنێتەوە بۆ كۆمەڵگەی عیراقی و لە دەوری خۆی كۆی بكاتەوە دژ كورد.
رەوەندی كوردی لە ئەوروپا رۆڵی كاریگەریی بینی لە كۆكردنەوەی رای گشتی ئەوروپادا لەپێناوی هاوپشتی بۆ دۆزی كورد، هەروەها كاریگەریی لەسەر بڕیارە سیاسییەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپاش هەبوو، لە هەڵوێستی حكومەتەكانیاندا لە كاتی دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی حكومەتەكانیان سیاسەتی رق و سەركوتكردن بەرامبەر بە كورد بەكاردەهێنن، ئەمەش زۆر بە روونی لە هەڵوێست و لێدوانەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپادا دەردەکەوێت سەبارەت بە هاوبەشییان لەگەڵ توركیادا و دۆسێی بە ئەندام وەرگرتنی لە یەكێتیی ئەوروپادا.
گوشاری توند دروستدەکات
 هەروەها لە هەڵوێستیاندا سەبارەت بە دۆسێی مافی مرۆڤ لە توركیا بەم شێوەیە رای گشتی كوردی – ئەوروپی گوشاری توند لەسەر وڵاتان دروستدەكات بۆ ئەوەی رێوشوێنی توند بگرنەبەر و هانیان بدات دژی ئەو سیاسەتە رەگەزپەرستانەیە بوەستنەوە كە سەرۆكی توركیا (ئەردۆگان) لە ناوخۆی توركیادا دژی چالاكوان و سیاسەتمەدارە كوردەكان پەیڕەوی دەكات و لە دەرەوەش پشتیوانی لە میلیشیا توندڕەوەكانی سوریا دەكات، ئەو میلیشیایانەی سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی لەو ناوچە كوردیانەدا پەیڕەو دەكەن كە دەستیان بەسەردا گرتوون. 
ئەم جۆرە كاریگەرییانە بۆی هەیە گوشار بخەنە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەوانیش حكومەتی توركیا ناچار بكەن و داوای لێبكەن چاكسازی سیاسی و ئابووری و كەلتوری بەرامبەر بە كورد بكەن.
رەوەندی كوردی لە ئەوروپا، لە كاتی ناڕەزاییەکانی گەلانی ئێرانیشدا رۆڵی چالاكانەیان هەبوو لەسەر حكومەت و شەقامی ئەوروپا، لە پێش هەمووشیانەوە كورد بە تایبەتیش دوای كوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی بەدەستی دەوڵەت لە ساڵی 2023دا. لێرەدا چالاكییە ناڕەزایی و پشتیوانییە جۆراوجۆرەكان رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە ئاراستە كردنی هۆشیاریی ئەوروپا سەبارەت بە دۆزی كورد لە كوردستانی ئێران و هەرەوەها لە دەرخستی ئازار و چەوسانەكانی كورد و گەلانی دیكەش كە فارس نین لە ئێران، ئەمەش كاریگەرییەكی بەرجەستەی هەبوو لەسەر سیاسەتی ئەوروپا. بەم شێوەیە رای گشتیی رەوەندی كورد لە ئەوروپا دەتوانێ بەشداربێت لە هەوڵە نەتەوەییەكاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دۆزە نەتەوەییەكان لە سەرجەم پارچەكانی كوردستاندا. 
ئەمەش ئەو رۆڵە ئەكتیڤ و چاوەڕوانكراوەیە كە دەتوانین پەنای بۆ ببەین بە شێوەیەكی گشتی لە پشتیوانی كردنی پڕۆسەی رزگاریی نەتەوەیی و بەهێز كردنی هاوكاری و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ هەموو دۆزەكانی تایبەت بە رزگاریی گەلی كورد.   

*مامۆستای فەلسەفەی سیاسی لە زانكۆی كۆیە
و: كوردەوان محەمەد سەعید

رۆڵی ڕای گشتی لە دروستکردنی ڕووداوەکاندا

وتارەکانی نوسەر