وتاری رادەربڕین

هۆلۆکۆست لە نێوان جولەکە و فەلەستینییەکاندا

10:28 - 2024-06-05
فەرید ئەسەسەرد
230 خوێندراوەتەوە

فەرید ئەسەسەرد 

 

چۆن هۆلۆکۆستی جولەکە لە ساڵانی 1933 – 1945 پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی دەستەبەر کرد، بەهەمان شێوە هۆلۆکۆستی فەلەستینییەکان پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین فەراهەم دەکات

 

داننانی ئیسپانیا و نەرویژ و ئێرلاندە بە دەوڵەتی فەلەستیندا،دەشێت سەرەتای ریزە دانپیادانانێکی نوێ بێت کە بەڕێوەیە.
تا ئێستا 147 دەوڵەت لە سەرجەمی 193 دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پیادا ناوە، بەڵام ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بە فەلەستینەوە هەیە، مەسەلەکە مەسەلەی زۆریی ژمارەی ئەو دەوڵەتانە نییە کە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە دانپێدانان پێویستی بەوەیە کە هیچکام لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ڤیتۆ لە دژی بەکارنەهێنن.
واشنتۆن لەم بارەیەوە هەڵوێستێکی روونی نییە، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، چەند جارێک دووبارەی کردۆتەوە کە ئەو پشتیوانی لە رێگەچارەی دوو دەوڵەت دەکات، بەڵام کاتێک مەسەلەکە لە ئەنجومەنی ئاسایش خرایە روو، دەنگی پێنەدا و وا پاساوی بۆ ئەم هەڵوێستە هێنایەوە کە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین، دەبێت لە رێی دانوستانەو بێتە دی، کە ئەمەش دەبێت لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا بکرێت.
لەکاتێکدا کە ئسرائیل دژی پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینە و بە بوونی حکومەتێکی توندڕەوی راستڕەوی وەک ئەوەی ئێستای بنیامین نەتانیاهۆ، هیچ دەرفەتێک بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نابینرێت.
تەمەنی کێشەی فەلەستین، ئەگەر ساڵی 1917بەخاڵی سەرەتا دابنێین، 100 ساڵی تێپەڕاندووە و ئەگەر ئێستا چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، دەشێ 100 ی تر بەردەوام بێت و لەوەی ئێستا خراپتر بێت و جەنگی ناوچەییشی لێ بکەوێتەوە.
دوو فاکتەر مایەی گەشبینین، یەکەم ئەوەیە کە فەلەستینییەکان، ئامادەترن بۆ پەسەندکردنی رێگەچارەی دوو دەوڵەت و رازین بە دەوڵەتێکی فەلەستینی لە ناوچەکانی خۆرئاوای رووباری ئوردون و کەرتی غەزە و کەسیان ئامادە نییە ئومێد لەسەر 100 ساڵی تر هەڵبچنێ.
دووەم، دەشێ بەوەستانی جەنگی غەزە، ژیانی سیاسیی راستڕەوترین و توندڕەوترین سەرۆکی حکومەت لە مێژووی ئیسرائیل کە بنیامین نەتانیاهۆیە، کۆتایی بێ کە ئەمەش دەرفەت بۆ زاڵبونی میانڕەوی و واقیعبینی دەڕەخسێنێ.
ئەوەی ئێستا گومان هەڵناگرێ ئەوەیە کە ئیسرائیل سەرەڕای ئەو توندوتیژییەی کە بەکاریهێناوە، شکستیهێناوە لە ریشەکێشکردنی فەلەستینییەکان و ناوبانگی لەسەر ئاستی جیهان لەکەدار بووە و هەڵسوکەوتی بە تاوانی جەنگ و جینۆسایدکردن دەژمێردرێ.
فەلەستینییەکانیش دەبێ ئەوە بزانن کە ئەو شێوازی خەباتەی ئەوان هانایان بۆ بردووە، لەگەڵ بەهاکانی ئەم سەردەمە وێک نایەتەوە و زیانیشی بۆ رەوایی مەسەلەکەیان هەیە. 
بۆیە لە کۆتاییدا ئیسرائیل هەر دەبێ مل بنێ بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ فەلەستینییەکان و هەر دەبێ فەلەستینییەکانیش نەرمیی بنوێنن.
لە ململانێی ئەمجارەدا، فەلەستینییەکان سەرەڕای ئەو زیانە گەورەیەی بەریانکەوتووە، سەرکەوتووترن، ئیسرائیلی پێش جەنگ، ئیسرائیلی پاش جەنگ نابێ، جیهان چیتر ناتوانێ بەڕێزەوە سەیری ئیسرائیل بکات کە دادگای نێودەوڵەتی داد کە بەشێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدێنێ، تۆمەتی جینۆساید و تاوانی جەنگی خستۆتەپاڵ، فەلەستینییەکان بە وڵاتێکی وێران و کوژراوێکی زۆرەوە لە جەنگ دەردەچن، لەکاتێکدا کە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی ئەنجامدەری تاوانی جەنگ و جینۆساید لە جەنگ دەردەچێ و سەرکردەکانی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە و ئابوورییەکەی کەوتۆتە ژێر باری قەرز و قۆڵەوە کە لە سۆنگەی کڕینی چەکەوە لەسەری کەڵەکە بووە. بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو فاکتەرانە رەنگدانەوەیان لەسەر قۆناغی دوای بڕانەوەی جەنگ دەبێت.
ئیسرائیل بە زێدەڕۆییکردنی لە کوشتنی فەلەستینییەکان، پێداویستییەکانی پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین دابیندەکات، وەک چۆن هۆلۆکۆستی جولەکە لە ساڵانی 1933 – 1945 پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی دەستەبەر کرد، بەهەمان شێوە هۆلۆکۆستی فەلەستینییەکان پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین فەراهەم دەکات.

وتارەکانی نوسەر