لەشكر حەمە ساڵح
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان تا رادەیەكی زۆر جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، لانیكەم وەك هەڵبژاردنەكانی پێشووتر بە 11 و هیچ دەست پێناكات!
جارێكی تر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق, دەرگای تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانی و كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت بەزووترین كات وادەی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان، دیاری بكرێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان تا رادەیەكی زۆر جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، لانیكەم وەك هەڵبژاردنەكانی پێشووتر بە 11 و هیچ دەست پێناكات! هەروەك لە رووی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاكان و چوار بازنەی هەڵبژاردن دادپەروەرییەكی زیاتر بەرچاو دەكەوێت، بۆیە شتێكی چاوەڕوان كراوە كە چەند مانگی داهاتوو لە كوردستان، لە رووی سیاسییەوە گەرم و گوڕ بێت و زۆرترین مشتومڕ بەخۆیەوە ببینێت كە خەڵكی كوردستان پێی خۆش دەبێت لە بەرژەوەندیی خەڵك و هەرێم، بەبێ گرژی و ناكۆكیی قووڵتر تەواوبێت.
بەڵام، لە هەموو خاڵ و خوێندنەوە و لێكدانەوەكان گرنگتر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە كە ئایا ئەم هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردنێكی راستەقینە دەبێت و دەتوانێت شكۆ و بایەخ بۆ پەرلەمان بگەڕێنێتەوە یان درێژە دەدات بەو دۆخە ناهەموارەی چەند خولێكە تووشی پەرلەمان بووە؟
چونكە، بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی بەهۆی یاسای پێشوو و بەكارهێنانی كورسیی كۆتاكان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و چەند هۆكارێكی ترەوە, پەرلەمانی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا پاشەكشەی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
هەر لە داخستنی دەرگای پەرلەمانەوە تا دەگاتە (پەسەند)كردنی یاسایەك لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی، بێگومان بە تێپەڕین بە قۆناغی كەمكردنەوەی رێز و تەنانەت بەها و بایەخی پەرلەمان وەك دامەزراوەی شەرعیی باڵا كە متمانە دەداتە هەموو لێپرسراو و دامەزراوەكانی وەك سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و وەزارەت و ... هی تر.
وەڵامدانەوەی پرسیاری هەڵبژاردنی راستەقینە هەروا ئاسان نییە، بەڵكو كارێكی قورسە، بەڵام ئەوەی مایەی گەشبینییە روودانی چەند پێشهاتێكی گرنگە كە رەنگە هەموویان پێكەوە ببنە مایەی هەڵبژاردنێكی راستەقینە كە ئەنجامێكی راستەقینەی نزیكتر لە واقیع و دوورتر لە هەژموون و زۆرینەی ساختە بهێنێتە ئاراوە.
نیشانەكانی نزیكبوونەوەی هەرێم لە هەڵبژاردنێكی راستەقینە دابەشكردنی كوردستانە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپەرشتیكردن لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق و بەكارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عیراق كە نزیكەی 500 هەزار دەنگدەر جیاوازە، رێكخستنەوە و دابەشكردنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان و ... هتد.