جینۆسایدنامە بۆ؟

10:54 - 2024-06-12
تەها سلێمان
141 خوێندراوەتەوە

لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوان من و هاوڕێم د. عەدالەت عەبدوڵڵا، سەرنووسەری رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) پێشنیازم بۆ کرد، گۆشەیەکی هەفتانە وەربگرم و تایبەتی بکەم بە بەراورد لەنێوان وردە بابەتی رۆژانەی نێوان (کەنەدا -کوردستان).
ئەگەرچی ئەوان بیرۆکەکەیان رەتنەکردەوە؛ بەڵام پێیان باش بوو بەرپرسیارێتی لاپەڕەیەک بگرمە ئەستۆ (تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال). پاش بیروڕا گۆڕینەوە، بیرۆکەکە لەلایەن هەردووکمانەوە پەسەند بوو، چونکە بۆ یەکەمجارە رۆژنامەیەکی رۆژانەی کوردی پابەند هەوڵی ئەوە بدات، بۆچوون و دیدی جیاواز و گفتوگۆ بخاتە شوێنی یاد و وتاری تەقلیدییانەی ساڵانە، ئەمە بۆخۆی هەنگاوێکی چۆنایەتییە و دەکرێت لە داهاتوودا بخرێتە چوارچێوەی بابەتییانەی کارکردن و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی (بۆچی تائێستا لە یادەکانی تاوانی جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباراندا قسەمان هەیە و دوای ئەوە نیمانە)؟ 
لەم گۆشە نیگایەوە؛ ئەم لاپەڕەیەی بەردەستتان (ئەگەرچی پەنجەرەیەکی بچووکە)، بەڵام شێلگێرانە هەوڵی ئەوە دەدات، کەلتوری رووتی پەیوەستبوون بە یادەوەریی ساڵانە تێکبشکێنێ و ببێتە سەکۆیەکی بەردەوامی گفتوگۆ و رای جیاواز، ئامانجیشمان ئەوەیە لەم رێگایە میدیا بەگشتی و (کوردستانی نوێ) بەتایبەتی لە ئەرکی راستەقینەی نەبوێرین و بیخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی راستەقینەی خۆی.
ماوەتەوە بێژین؛ ئەم لاپەڕەیە سانسۆری لەسەر راو دید و بۆچونی جیاواز لەسەر پرسی جینۆساید و ئەنفال بەتێکڕای رەهەندەکانییەوە نییە، تەنیا ئیتیکی رۆژنامەوانی تێدا پارێزراوبێ. 
بۆیە دەمانەوێ بە رەوانی بڵێین (ئەم لاپەڕەیە) پەنجەرەیەکە بۆ تەواوی ئەو قەڵەمانەی ئێرە بە دەریچەیەکی گونجاو دەزانن بۆ خستنەڕووی بیر و بۆچوونەکانیان لەبارەی تاوانی جینۆساید و ئەنفال و ئەرک و بەرپرسیارێتیمانەوە.

وتارەکانی نوسەر