دامەزراوەیەکی (نەتەوەیی – نیشتمانی) بۆ جینۆساید

11:16 - 2024-08-08
تەها سلێمان
181 خوێندراوەتەوە

لەنێو نەتەوە و گروپە جینۆسایدکراوەکاندا، کورد و کوردستان یادەوەریی تاڵ و نەخوازراو و ترسناکیان لەگەڵ تاوانەکە و کاریگەرییەکانیدا هەیە، چونکە یەکێکن لەوانەی تەواوی شوێن و رێگاو و شێوازی تاوانەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە. 

هێشتا بەشێک لە یادەوەرییەکانمان، لەسەر جینۆساید لە دەردەدڵی رۆژانە تێنەپەڕیوە و نەمانتوانیوە بیکەین بە نووسین و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی تا لەفەوتان بیانپارێزین

مرۆڤ لە هەر نەتەوە و گروپ و ئایین و ئایینزایەک بێت، خۆشحاڵ نییە بەوەی تاوانی جینۆسایدی لەدژ ئەنجام درابێت، بەڵام کاتێک بەشێکی زۆر لە مێژووت بەتاوان لەدژت رەنگڕێژکرابێ و لەنێویاندا دڕندانەترێن تاوان کە جینۆسایده، ئیتر شتێک نییە بتبوێرێت و لە دەسەڵاتی خۆتدا نییە، بەشێکی بەرچاو لە یادەوەریت دەبێتە چرکەساتەکانی تاوانەکە و کاریگەرییەکانی و ناتوانیت لێی دەربازبیت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەردەوام لەگەڵ کاریگەری و دەرهاویشتەکانی تاوانەکەدا دەژیت و رەنگدانەوەیان لە کردەوەی رۆژانەتدا دەبێت، جا رەنگە جۆری کارو کاردانەوەکان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر بگۆڕدرێ بۆ نموونە:(لە کەسێکی بەجێماو لە تاوانەکە بۆ کەسێکی ئاسایی، لە ژنێکەوە بۆ منداڵێک کە بەرکەوتەی تاوانەکەن، لە رۆژنامەنووس و نووسەرێکەوە بۆ شاعیرێک، لە شانۆکار و شێوەکارێکەوە بۆ سینەماکارێک، لە مێژوونووسێکەوە بۆ ئەرشیفکارێک، لە جەنگاوەر و پێشمەرگەیەکەوە بۆ شاهیدحاڵێک) و زۆر نموونەی تر.
ئەوەی کە زۆر گرنگە و ناکرێت بەسەرماندا تێپەڕبێت، ئەوەیە کە بپرسین: ئایا ئێمە توانیومانە بەشێکی بەرچاو لە یادەوەرییەکانمان، لەسەر تاوانەکان و لە دووتوێی تاوانەکاندا (جینۆساید) کە زیاتر لە وێستگەیەکمان هەیە، لە کەفوکوڵی ناخمان و دەردەدڵی رۆژانەوە، بگوێزینەوە بۆ نووسین و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی و بڵاوکردنەوەیان و پاراستنیان لە فەوتان؟ 
بە چاوگێڕانەوە و وردبوونەوەیەکی خێرا، تەنیا بە (جینۆسایدی قەڵادزێ، جینۆسایدی بارزانییەکان، جینۆسایدی فەیلییەکان، جینۆسایدی ئەنفال، جینۆسایدی هەڵەبجە، جینۆسایدی ئێزدییەکان) و دەیان وێستگەی تاوانی کیمیاباران وەک (سێوسێنان، بالیسان، تازەشار، گۆپتەپە و عەسکەر، سەردەشت، دۆڵی جافایەتی، بادینان) و چەندینی تر، ئێمە هێشتا نەمانتوانیووە بەشێوەیەکی تەندروست و نەخشەیەکی گونجاوی لانیکەمی نیمچە زانستی، یادەوەرییەکانمان لە هەرسێ ئاستەکەی (دەنگی، ڤیدیۆیی، نووسین) تۆماربکەین. ئەوەی کردومانە یان کراوە، تەنیا هەوڵێکی سەرپێی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی تاک بووە نەک خەم و بەرپرسیارێتی گشتی.
بەکورتی و کوردی؛ بۆ ئەم بابەت و ئامانجە پێویستمان بە دامەزراوەیەکی نەتەوەیی -نیشتمانییە، دروستکردن یان دامەزراندنی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە، دەبێت کاری لەپێشینە و دەستبەجێی (ئێستا نەک دوایی) بێت و پێویستیشە هەموو هەوڵ و گوشارەکان یەک بخرێن و کۆدەنگی لەسەر دروست بکرێت و بەپێچەوانەوە هەموو سەعات و رۆژ و مانگ و ساڵێک درەنگتر، زیانی زۆرترمان لەم پرس و بابەتە گرنگە نەتەوەیی -نیشتمانییەدا پێدەگەیەنێت.

وتارەکانی نوسەر