لە تێکڕای تاوانەکانی جینۆسایددا؛ کۆمەڵێک خەڵک لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بە شێوازی جیاجیا رزگاریان دەبێت، تیایاندایە لەکاتی کۆمەڵکوژکردن یان گولـلەبارانکردن یاخود لە پەراوێزی تاوانەکەدا دەریچەیەکی دۆزیوەتەوە و رزگاری بووە، یان لە سەنگەری بەرگریدا بووە و ماوەتەوە، ئەمە بۆ هەموو تاوانەکانی جینۆساید لە هەر شوێنێکی جیهان کرابێت راستە و هیچ نیشانەیەکی پرسیار یاخود گومان هەڵناگرێت.
بەشێکی زۆری تاوانەکانی جینۆسایدی نەتەوە و ئایین و ئاینزا و گروپە جیاجیاکانی جیهانیش، لە کۆتاییدا لە رێگای دیکۆمێنت و شایەتحاڵ و گێڕانەوەی زارەکی و بیرەوەرییەکان لەبارەیانەوە پشتڕاست دەکرێنەوە و دەبنە کەرەستەی لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی.
بۆ ئێمەی کورد بەداخەوە مێژوومان لێوڕێژە لە تاوانی جینۆسایدکردنمان لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان. رەنگە زۆرترین بەڵگەنامەمان لەبەردەستدا بووبێت و نەمانتوانیبێت وەک پێویست کاریان لەسەر بکەین بە ئێستاشەوە، بەڵام لایەنێکی گرنگی تر هەیە کە لەئاستی پێویستدا ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و کاری لەسەر نەکراوە، ئەویش بیرەوەریی ئەو کەسانەن کە لە دەمی تاوانەکەدا رزگاریان بووە و رێکەوت وایکردووە تێدانەچن و کارنەکردن لەسەر ئەم لایەنە بەشێکی خەمساردی و بەشەکەی تریشی هەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی لەئاست بەرپرسیارێتیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی باڵادا.
دەمەوێ نموونەیەکی زیندوو بهێنمەوە؛ لەبەردەم تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا (باشووری کوردستان) کۆمەڵێک پێشمەرگەی کەم، لە هەندێک شوێن کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕنەدەبوون، پێش ئەنجامدانی تاوانەکە و کاتی تاوانەکە و دوای تاوانەکەش، سەنگەری بەرگری و مانەوە و خۆڕادەست نەکردنیان هەڵبژارد، ئەم بڕیارە یەکێک بوو لە قورسترین بڕیارەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی و پارتیزانی و پڕ زەحمەتترین رۆژەکانی پێشمەرگایەتی بووە.
زۆر گرنگ و پڕبایەخە و یەکێکە لە پێویستییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان؛ ئەم پێشمەرگانە لە بادینانەوە تا گەرمیان بیرەوەرییەکانیان بنووسنەوە، ئەوەی بینویانە بیگێڕنەوە، لە کوشتن و بڕین، گرتن و بێسەروشوێنکردن، سووتاندنی ژینگە و رەز و باخ، رووخاندنی گوندەکان و قوتابخانە و مزگەوت و پڕکردنەوەی سەرچاوەی کانی و ئاوەکان، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵک و بەدیوەکەی تریشدا هێزە پەلاماردەرەکانی دەوڵەت، ژمارەیان و جۆریان و ئەو چەکانەی بەرکاریان هێناوە لە چەکی سووکەوە تا چەکی قەدەغەکراو، ئەمانە و دەیان بابەتی جۆراوجۆری تر، نەک تەنیا هەق بەڵکو زۆر گرنگ و پێویستە بنووسرێنەوە و لە کۆتایشدا دەبنە بەڵگە هەرە گرنگ و سەلمێنەرەکانی تاوانەکە.
دەزانم هەندێ هەوڵ و تەقەلا لێرەو لەوێ دراون، یەکێک لەو هەوڵانە (پێشمەرگەیەک لەناو گڕو کڵپەدا) بیرەوەریی پێشمەرگەی پارتیزان (رەشید عەلی - حەمەڕەشید توکنی)یه، کە بڕوامان وایە دەتوانین سەدان کتێبی بیرەوەریی لەم شێوەیەمان لەسەر تاوانی جینۆسایدی ئەنفال هەبێت و دواجار ئەم بیرەوەرییانە دەبنە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و رۆمان و چیرۆک و سیناریۆ و زۆر بەرهەمی ناوازەی تر، کە ئەگەر نەنووسرێنەوە ئەو کار و بەرهەمانەش نیوەناچڵ و ناتەواو دەردەچن.
کورتەی بیرۆکەکە ئەوەیە؛ هەموو پێشمەرگە و شایەتحاڵێکی ناو تاوانەکانی جینۆساید دەرفەت بۆ خۆی بڕەخسێنێ و پێش هەڵکشانی تەمەن و ژیان ئاوایی (هیوای تەمەن درێژی بۆیان) دەست بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان بکەن و بەم کارەش خزمەتێکی باڵاو گەورە دەکەن.