مۆزەخانەی جینۆساید و ئەنفال

10:31 - 2024-07-24
تەها سلێمان
112 خوێندراوەتەوە

تەها سلێمان




لە دوای راپەڕینی 1991ەوە؛ ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆساید و کیمیابارانکردنی کورد و کوردستان، دەنووسن و بەدواداچوون دەکەن، جەخت لەسەر دروستکردن یان دامەزراندنی مۆزەخانەی شایستە بە کاریگەری و کەلوپەل و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە تاوانەکە دەکەنەوە و لە جارێک زیاتریش پێشنیاز و بیرۆکەی باش و گونجاویان خستووەتە بەردەم دەسەڵاتداران!
بەداخەوە؛ وەک پێویست گوێیان لێنەگیراوە و ئەوەی لەم ئاستە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە (لە مۆزەخانەی جینۆسایدی بارزانییەکانەوە تا هەڵەبجە و تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و نوێترینیشیان جینۆسایدی ئێزدییەکان)، شتی سەرەتایین و لەئاستی گەورەیی تاوانەکە و خواست و داواکارییەکاندا نین!
لە دوو سەردانی جیادا؛ ساڵی 2010 و 2015 بۆ پۆڵۆنیا، دوو جار سەردانی (مۆزەخانەی ئاوشفێتز)ی تایبەت بە تاوانی (هۆلۆکۆست) مان کرد و بەسەریەکەوە زیاتر لە (12) سەعات لە ئەزموونی کارکردنیان وردبووینەوە، کە مرۆڤ لە ئاستیاندا سەدان پرسیاری جۆراوجۆر لەسەر شێوازی کارکردنی ئەوان و خەمساردیی خۆمان، لەلا دروست دەبێت!
ئەم نموونەیەم بۆیە باسکرد، بۆئەوەی بزانین ئەوان (جوو) چی دەکەن و چۆن و بەچ میکانیزمێک کاردەکەن و ئێمەش وەک (کورد) لەکوێی کارکردنی ئەم پرسەداین؟ ئایا توانیومانە لانیکەمی هەنگاوی سەرەتایی و بەبەرنامە بنێین و بەخۆمان بڵێین: ئەوەی کردوومانە بنەمایە بۆ کاری داهاتوومان؟ 
با لەکۆی (100) مۆزەخانەکەی هۆلۆکۆست، تەنیا باسی ئەوەی (ئاوشفێتز) تان بۆ بکەم، کاتێک بەچاوی خۆت و لەسەر ئەرزی واقیع دەبینی، سەرت دەسوڕمێ و بەخۆت ئێژی، بەڕاست ئەوان میللەتن و ئێمەش میللەت، ئەوان بەرپرسیان هەیە و ئێمەش بەرپرس، ئەوان خزمەت دەکەن و ئێمەش خزمەت، ئەوان رێز لە قوربانییەکانیان دەگرن و ئێمەش رێز لە قوربانییەکانمان دەگرین، ئەوان هۆلۆکۆستیان کردە پڕۆژەی مانەوەو دروستبوونەوە و هەڵسانەوە و ئێمەش وەک ئەوانین؟! 
بیهێنە پێش چاوی خۆت؛ سەربازگەیەک بەپێی خەمڵاندن و سەرچاوەکان (40) کیلۆمەتر چوارگۆشە(دووبەش)، تێکڕای زەوییەکەی بە هۆڵ و بارەگا سەربازییەکانییەوە بخرێتە خزمەتی کەلوپەل و بەڵگەنامە و وێنە و ناوی قوربانییەکانەوە و رۆژانە هەزاران میوان و تیمی جۆراوجۆر (کەتێکڕا ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن میوان)  دەکات سەردانی بکەن، دەبێ ئێمە بۆ مۆزەخانەی تایبەت بە تاوانەکان لەدژمان دوای زیاتر لە(30) ساڵی حکومڕانیی خۆماڵی چیمان کردبێت؟
کاتێک مرۆڤ دەچێتە گۆڕستانی تاوانی جینۆسایدی (ئەنفالکراوەکانی رزگاری، چەمچەماڵ، مەزاری جینۆسایدی بارزانییەکان، مۆنۆمێنتی جینۆسایدی هەڵەبجە، مەزاری جینۆساید و کیمیابارانی بالیسان و سێوسێنان، گۆپتەپە و عەسکەر) و چەندین شوێنی تر، شەرم دایدەگرێ بڵێت (ئێمە میللەتێکی جینۆسایدکراوین)، چونکە ئەو شوێن و جێگایانەی ناومان هێنان، هێندە هەژارن جگە لەناو یان گۆڕی هەندێک لە قوربانییەکان، هیچی تریان لێ هەڵناکڕێنرێ!
دەزانم زۆر درەنگە؛ بەڵام هێشتا کات لەپێشمانە و با لە(تۆپزاوە) وەک ئێستا نووسەر و رۆژنامەنووس و رێکخراوەکان و چالاکەکانی بواری جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران کاری لەسەر دەکەن، دەست پێبکرێ و بەهەر نرخێک (سیاسی و ماددی و مەعنەوی) بێت، سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە دەستپێک و هەنگاوی کرداری مۆزەخانەیەکی شایستە و نموونەیی بۆ وێنە راست و دروستەکەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد و کوردستان.

وتارەکانی نوسەر