بیرۆ؛ داهێنەری قەڵەم جاف!

10:33 - 2024-06-23
خەلیل عەبدوڵلا
319 خوێندراوەتەوە

بیرۆ رۆژنامەنووس‌ و نیگاركێش ‌و پەیكەرساز ‌و داهێنەری قەڵەم جافە، لەڕێی ئەو داهێنانەوە زیاتر لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە‌و لە دەروازەیەكی زێڕینەوە چۆتە ناو دیرۆكی مرۆڤایەتییەوە.
لادیسلاو جۆزیف بیرۆ، لە رۆژی  29ی ئەیلوولی 1899 لەشاری بودابستی پایتەختی هەنگاریا لە دایكبووە، لە ئامێزی خێزانێكی جولەكە پەروەردە بووە. قۆناغەكانی خوێندنی لەبودابست تەواو كردووە، خوێندكاری كۆلیجی پزیشكی بووە، بەڵام بەهۆی شۆڕشی گەلی هەنگاریا بۆ سەربەخۆیی‌و نائارامیی وڵاتەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات‌و وازی هێناوە. لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە بە كاری رۆژنامەنووسی‌ و نیگاركێشان‌ و پەیكەرسازییەوە خەریك بووە.
هەنگاوی یەکەم
بەهۆی كاری رۆژنامەنووسییەوە، سەردانی چاپخانەكانی كردووە، لەوێ‌ ئەوەی سەرنجی راكێشاوە ئەوە بووە كە لە كاتی چاپكردنی كتێب‌ و گۆڤار‌و رۆژنامەكاندا مەرەكەبی چاپەكە زوو وشك بۆتەوە، لەوەوە ئیلهامی وەرگرتووە، سوود لەو مەرەكەبە وەربگرێ‌‌و لەقەڵەمدا بەكاری بهێنێ‌‌و پێی بنووسێت، لە هەنگاوی یەكەمدا سەركەوتنی بەدەستنەهێنا، بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە مەرەكەبە خەست‌و جێڕ بوو، لە نووكی قەڵەمەكەوە نەدەهاتە دەرەوە، دواتر بەهاوكاری جۆرجی برای كە شارەزای بواری كیمیا بوو، تۆپێكی لەسەر نووكی قەڵەمەكە دانا، بەهۆی جوڵانی تۆپەكەوە مەرەكەبەكە لە نووكی قەڵەمەكەوە دەهاتە خوارەوە‌و دەڕژایە سەر وەرەقەكە.

 

لە ساڵی 1950ەوە زیاتر لە 100 ملیار دانە لەو جۆرە قەڵەم جافە فرۆشراوە‌و تا ئێستا كڕیارێكی زۆری هەیە

 

نووسین لەسەر وەرەقە
سەرەتا بەهۆی گەورەیی تۆپەكەوە قەڵەمێكی گەورەی دروستكرد، كە بۆ دانانی نیشانە لەسەر سندوقی كەلوپەل بەكار دەهات. دواتر قەڵەم‌ و تۆپەكەی بچووك كردەوە‌ و كردی بەقەڵەمی ئاسایی‌ و بۆ نووسین لەسەر وەرەقە بەكاری هێنا. ئیدی ئەو قەڵەمە جیا لە پاندانی مەرەكەب بە قەڵەم جاف ناسرا.
بۆ یەكەمجار ساڵی 1931 قەڵەم جافی لە پێشانگای بودابستی نێودەوڵەتی بەكار نمایش كرد.
بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی جولەكەكان، لە كاتی دووەمین جەنگی جیهانیدا، بیرۆ‌و جۆرجی برای وڵاتی خۆیان بەجێهێشت، سەرەتا چوونە پاریس، دواتر چوونە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین ‌و لەوێ‌ جێگربوون‌ و خێزانەكانیشیان برد‌و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان وەرگرت. بیرۆ لە وڵاتی ئەرجەنتین زیاتر بایەخی بەداهێنانەكەی (قەڵەم جاف) دا‌و داهێنانەكەی هەموو بازاڕەكانی جیهانی تەنییەوە.
مۆزەخانەی هونەری نوێ‌
ساڵی 1945 كۆمپانیای ( مارسیل بیگ)ی فەرەنسی مافی ئەو داهێنانەی لە بیرۆ كڕییەوە‌و ساڵی 1950 ئەو جۆرە قەڵەم جافە كە بە (بیگ) ناسرابوو، كەوتە بازاڕەوە، بەهۆی ئەوەی هەرزان‌و عەمەلی بوو بە ملیۆنان دانەی لیفرۆشرا. لە ساڵی 1950ەوە زیاتر لە 100 ملیار دانە لەو جۆرە قەڵەم جافە فرۆشراوە‌و تا ئێستا كڕیارێكی زۆری هەیە.
قەڵەم جافی بیگ بۆتە براند‌ و هێمایەكی بازرگانی جیهانی‌ و لە مۆزەخانەی هونەری نوێ‌ لە نیویۆرك‌ و سەنتەری بۆمبیدۆ لە پاریس نمایشكراوە. بیرۆ خاوەنی چەند داهێنانێكی ترە، وەك (شووشەی عەتر، سپرای لابردنی بۆنی عارەق، غەسالە).
پاش خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی هونەر‌و داهێنان، لادیسلاو جۆزیف بیرۆ، رۆژی 24ی تشرینی یەكەمی 1985، لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌و لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین بەخاك سپێردرا. مردنەكەی بووە جێگەی سەرنج‌و مانشێتی میدیاكان،زۆربەیان ئاماژەیان بەوە كردبوو، ئەو داهێنەرە مرد، بەڵام  یادگاریی خۆی لە گیرفانی قات‌و كراس‌و سەرمێز‌و جانتای ملیۆنان كەس لەسەر گۆی زەوی بەجێهێشت!

 

لادیسلاو جۆزیف بیرۆ

وتارەکانی نوسەر