سیستمی سۆلار، کۆتایی بە موەلیدەی ئەهلی دەهێنێت؟

10:31 - 2024-06-30
ئەسرین محەمەد
194 خوێندراوەتەوە

ساڵ لەدوای ساڵ سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پێشکەوتندایە، لە جیهاندا سوود لە وزەی خۆر(سۆلار)، هەوا، شەپۆلی دەریا و گەرمی ژێر زەویش وەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کە سەرجەمیان دۆستی ژینگەن.

ئەگەر حكومەت پلانی بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر هەبێت، هەرێم پێویستیی بە موەلیدەی ئەهلی نامێنێت


وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە و سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر، گرنگییەكی زۆر بە دانانی وێستگەی وزەی خۆر دەدەن و هەنگاوەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەو رێگەیە، لە زۆربەی وڵاتان یاسای تایبەت بە وزە نوێیەكان هەیە و حكومەت هانی سەرمایەداران دەدات وەبەرهێنان لە وزەی خۆردا بكەن، لە بەرامبەردا حكومەت پاڵپشت بە یاسا لە وەرگرتنی بەشێك لە باج دەیانبەخشێت و وزەی بەرهەمهاتووشیان لێ دەكڕێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە هەردوو وێستگەی كارۆئاویی دوكان و دەربەندیخان، زیاتر سوود لە غاز، نەوتی رەش و گازوایل وەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و بە هاوکاری موەلیدەی ئەهلی دەتوانێت بڕی کارەبای پێویست بداتە هاووڵاتیان.
لەگەڵ ئەوەی هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان ئاڕاستەیەكی لەبارە بۆ دانانی چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر بەهۆی درێژیی وەرزی هاوین و كەمی رۆژەكانی هەور و باران، بەڵام تائێستا سەرجەم هەوڵەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ئاستی تاکەکەسی و کەرتی تایبەتە کە حکومەت تەنها پاڵپشتی مەعنەوی و کارگێڕییان دەکات، وەزارەتی کارەبا هیچ وێستگەیەکی نییە لە کاردابێت بۆ سوود وەرگرتن لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر، كە لە جیهاندا بە وزەی دواڕۆژ یان وزە نوێبووەكان دەناسرێت.
لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی راگەیاند بۆ دروستکردنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، بەڵام تائێستا تەنها بەردی بناغەی وێستگەکەی هەولێر دانراوە و وێستگەکانی سلێمانی و دهۆک هیچی بۆ نەکراوە.
گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بە یەكێك لەو رێگایانە دادەنرێت كە بۆ ئیدارەدانی كەرتی وزە و كەمكردنەوەی خەرجی و بەردەوامبوونی گرنگە، لەبەرئەوەی سەرچاوەیەكی پاك و خاوێن و دۆستی ژینگەیە، چونكە بەرهەمهێنانی كارەبا بە نەوتی رەش و گازوایل و گازی سروشتی، وێڕای تێچوونە بەرزەكەی، زیانیشی بۆ ژینگە هەیە.
شارەزایانی بواری بەرهەمهێنانی کارەبا پێیانوایە ئەگەر حكومەت پلانی بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر هەبێت، هەرێمی كوردستان پێویستیی بە موەلیدەی ئەهلی نامێنێت و گرفتی كەمی کاتژمێرەکانی كارەباش چارەسەر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر