چەند سەرنجێک لەسەر دوا هەڵبژاردنی ئێران

10:38 - 2024-06-30
جەمال ئارێز
198 خوێندراوەتەوە

کارم بەسەر ئەوەوە نییە کە لایەنگرانی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوەوەی ئەو وڵاتە چۆن لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سەرۆک کۆمار دەدوێن و هەروەها وڵاتە دۆستەکانی ئێران چۆن سەیری پرۆسەکە دەکەن، یاخود  ئۆپۆزسیۆنی ئێران و وڵاتانی نەیاری ئێران لەوبارەیەوە چی دەڵێن، بەڵکو ئەوەی جێگای سەرنجە لە چەند خاڵێکدا ئاماژەی پێدەدەم کە سەرەکیترینیان کەلتوری دەوڵەتداریی و پابەندبوونە بە دەستوورەوە.

 دیارە خاڵی هەرە گرنگ کە جێگەی سەرنجە لە ئێرانیش و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەشدا، پابەندبوونە بە دەستوورەوە دەنا ئەوانەی دیکە پێیان دەوترێت تاکتیکی قۆناغ و گەمەی سیاسی

خاڵی سەرنجڕاکێش
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە لە دۆخی ئیستیسنائیدا نەک وڵاتان، بەڵکو زۆر حزب و رێکخراوی سیاسیش ناتوانن یان نایانەوێت وەک پێویست پابەندبن بە دەستوور یان پەیڕەو و پرۆگرامە بڕیار لێدراوەکانیانەوە و دۆخە ئیستیسنائییەکە دەکەنە پاساوی خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن و کۆنگرەو...هتد.
ئێران وەک دەوڵەتێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لەدوای 11/2/1979 وە لە دۆخی ئیستیسنائیدایە بەوپێیەی هەمیشە لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە (میحوەری شەڕ) ناوبراوە و لەلایەن وڵاتانی عەرەبیی سوننە مەزهەبیشەوە وەک هەڕەشە لەسەر وڵاتەکانیان بینیویانە، بۆیە هەر لەسەرەتای ئەو قۆناغەوە بە دەستلەپشتدانی رژێمی پێشووی عیراق تووشی گەورەترین و درێژخایەنترین و پڕ قوربانیترین جەنگیان کرد بە بەراورد بە جەنگەکانی نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو.

پابەند بووە بە وادەی هەڵبژاردن
خاڵێکی دیکە کە جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە ئێران سەرەڕای ئەو دۆخە ئیستیسنائییە چەندە پابەند بووە بە پرەنسیپەکانی خۆیەوە وەک سیستمی سیاسی، هێندەش پابەند بووە بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا.
ئەوەی لەوانەش زیاتر جێگای سەرنجە، بەگوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە، ئەوەیە کە «لەکاتی مردن یان لابردنی سەرۆک کۆماردا بەهەر هۆکارێک، دەبێت جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا (پەرلەمان) و سەرۆکی دەزگای دادوەری ئەو پۆستە بەڕێوەبەرن بەو مەرجەی لە ماوەی (50) رۆژ تێنەپەڕێت و لەو ماوەیەدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ بکرێت».
بۆیە خاڵە گرنگەکە ئەوەیە، بەهەمان شێوەی کە لەدەستووردا هاتووە، دوای کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیەوە، محەمەد موخبیر جێگری یەکەمی، پۆستەکەی گرتە دەست و لەکەمتر لە (50) رۆژدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کراو و هەڵبژاردنەکەش بەڕێوەچوو.

سیستمی سیاسیی و ئیداری
خاڵێکی دیکە ئەوەیە زۆر قسە لەسەر سیستمی سیاسیی و ئیداریی ئەو وڵاتە دەکرێت کە هیچ کاندیدێک بەبێ ئەوەی (ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور «شورای نگهبان») ناوەکەی پەسەند بکات، ناتوانێت ناوی لە لیستی کاندیدەکاندا بێت، دیارە ئەوەش پەیوەستە بە خودی سیستمەکە و دەستوورەکەیانەوە، بەڵام وەنەبێت ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەدا پەسەند دەکرێن بەبێ رەزامەندیی و پەسەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و ناوەندە هەواڵگرییەکان تێپەڕ ببێت، ئەوەش وەک پاکانە بۆ ئێران ناڵێم، هێندەی بۆ روونکردنەوەی راستیی سیستمە سیاسییە جیهانییەکەی ئەمڕۆیە.
ئێران و ئەمریکا هەمیشە جۆرێک لە گەمە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیاندا دەکەن، هەرچی ئەمریکایە لەو کاتانەی کە پۆستی سەرۆک کۆمار لای دیموکراتەکان دەبێت بەگشتی، بەمەبەستی راگرتنی باڵانس، پاش دووساڵ هەڵبژاردنی نوێنەران و پیران (کۆنگرێس) بەڕێوەدەچێت و سەرۆکایەتی و زۆرینەی کۆنگرێس دەکەوێتە دەستی کۆمارییەکانەوە و بەپێچەوانەوە، هەرچی ئێرانیشە ئەگەرچی دەسەڵاتی باڵای وڵاتەکە لەلایەن خودی رابەرەوە ئاراستە دەکرێت، بەڵام لەبەر راگرتنی باڵانس زۆربەی کاتەکان کە قەیرانی دارایی و ئابووری و سزا نێودەوڵەتییەکان، ناڕەزاییە ناوخۆییەکان توند دەکەنەوە بەتایبەتی لە سەروبەندی دەسەڵاتی کۆمارییەکانی ئەمریکادا، ئێران پەنا دەباتە بەر گەمەیەکی سیاسی بۆ هێنانە سەرکاری سەرۆکێکی ریفۆرمیست بە قەولی خۆیان (ئیسڵاح تەڵەب)، لەلایەک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و خۆرئاوا و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ خاوکردنەوەی گرژییە ناوخۆییەکان و هەندێک ریفۆرم لە سیستمی دارایی و کارگێڕیدا.

وتارەکانی نوسەر