پراکتیزەکردنی سیاسەتی مام جەلال لە کەرکوک

10:14 - 2024-08-12
جەمال ئارێز
200 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

پێداگریی سەرۆکی ی.ن.ک لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتەکەی سەرۆک مام جەلال لە کەرکوک، دووبارە دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانی ئەو شارەیە لەوەی پێگە و مەقامیان پارێزراوە و پارێزگار هی هەموو کەرکوکییەکان دەبێت نەک حزبێک و نەتەوەیەک



هێشتا لەدوای زیاتر لە 21 ساڵ لە پرۆسەی ئازادیی عیراق، زۆربەی ئەو پێشبینی و بۆچوونانەی هەبوون بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی سیاسی و کارگێڕیی عیراق بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی، نەیانتوانیووە ئەو تێز و تێڕوانینەی سەرۆک مام جەلال تێپەڕێنن کە بریتییە لە سیستمی تەوافوقی سیاسی و ئیداری بە رەچاوکردن و رێزگرتن لە بەهای دەنگی دەنگدەران.
ئەو تێز و تێڕوانینەی سەرۆک مام جەلال سەبارەت بە کەرکوک هەمیشە رەتکردنەوەی ئەو تێز و تێڕوانینە بوو کە دەوترا (کەرکوک بەرمیلە بارووتە)، (عیراق دەبێتە مەیدانی جەنگی تایفیی درێژخایەن) و هەزار و یەک خوێندنەوەی هەڵە، بەڵام هەمیشە سەرۆک مام جەلال بەو ئاراستەیە کاری دەکرد کە (فرە پێکهاتەیی عیراق بەشێکە لە هێزەکەی) و (بەڕێوەبردنی کەرکوک وەک نەشتەرگەریی مێشک وایە)، هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە (بە قسەی توند و هەڵوێستی توند کەرکوک دەدۆڕێنین).

شکستی سیستمی ناوەندیی بەهێز 
هەموو ئەو تێز و تێڕوانینانە لەسەر ئەرزی واقیعدا رەنگیدایەوە، چونکە لە عیراقدا بەشێک لە وڵاتانی کارای ناوچەکە و بەشێک لە وڵاتانی زلهێزی نەیار بە پرۆسەی ئازادیی عیراق لە 2003 تا 2008 یش لە هەوڵی چەسپاندنی ئەو تێزەی خۆیاندا بوون کە (سیستمی فیدراڵی سیستمێکی نەگونجاوە)، (عیراق پێویستی بە سیستمێکی سەنتراڵیستیی بەهێزە)، بەڵام لە تەرجەمەکردنەوەی ئەو تێزە تاقیکراوەیەدا کە لە بیستەکانی سەدەی رابردووەوە بەردەوام بوو تا سەرەتای سەدەی نوێ، دەرکەوت لە عیراقدا بەبێ تەوافوقی سیاسیی پێکهاتە و حزبە سەرەکییەکان ناتوانرێت تاسەر بەو جۆرە سیستمە وڵاتێکی وەک عیراق بەڕێوەببرێت.
دیارە ئەگەر ئەو دۆخەی عیراق بچووک بکەینەوە لە کەرکوکدا، ئەوا بە هەمان شێوازە و لەوێش کە لەڕووی فرە پێکهاتەییەوە عیراقێکی بچووککراوەیە، هەمان تێز و تێڕوانین هەر راستە، بۆیە سەرۆک مام جەلال پێیوابوو دەبێت بیر لەوە نەکرێتەوە کە کورد زۆرینەیە لەو شارەدا کە ئەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردن سەلمێنرابوو هەرلە هەڵبژارنی (2005) ی پارێزگاکان، پێکهاتەی کورد لە کۆی (41) کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکە (26) کورسیی مسۆگەرکرد. 

سیاسەتی کورداندن نەبوو، شکستی تەعریب بوو
سەرەڕای ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، زۆرێک لە لایەنە شکستخواردووەکانی ئەو هەڵبژاردنە تۆمەتی ئەوەیان بۆ پێکهاتەی کورد هەڵدەبەست گوایە کوردی شارەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان (تورکیا، ئێران و سوریا)ش هێنراونەتە شارەکەوە و سیاسەتی (تەکرید) دەکەن. دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009ی پارێزگاکاندا کەرکوک بێبەشکرا، لە هەڵبژاردنی 2010 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەکۆی 12 کورسیی شارەکە پێکهاتەی کورد (8) کورسیی مسۆگەر کرد کە (6) کورسییان هی نوێنەرانی یەکێتی بوو، بەڵام لەوکاتەدا سەرۆک مام جەلال لە وەڵامی دەنگە ناڕازییەکاندا دەیوت: «کەرکوک دەبێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکە بەڕێوەببرێت» بۆیە لەو پێگەی هێزەوە پێشنیازی ئەوەی کرد کە راستە کورد و یەکێتی لە ئەنجومەنی شارەکەدا زۆرینەن و ئەوە لایەنەکانی دیکەن ناهێڵن هەڵبژاردنی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر بنەمای هاتنەناوەوەی کارای عەرەبە سوننەکان بۆ پرۆسەی سیاسی عیراق، دەبێت پۆستە کارگێڕییەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای (32 +32  + 32  +4) دابنرێت و تەنانەت پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک – ی پێشکەش بە پێکهاتەی تورکمان کرد ئەوەش لەپێناوی راگرتنی هاوسەنگیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی لە شارەکەدا.

لەو رۆژگارەدا نەیارەکانی سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەخنەی زۆریان لەو سیاسەتە حەکیمانەیە دەگرت، گوایە یەکێتی و مام جەلال ساتوسەودای سیاسی بە چارەنووسی شارەکەوە دەکەن، ئەم جۆرە رەخنە و پلارانەش دەریخست کە ئەوانەی لەپشت ئەو داڕشتنی ئەو سیاسەت و لێدوانانەوە بوون، مەبەستیان لێدان بوو لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک کە لە دەورانی دووەمی حوکمڕانیی بەعسەوە زۆرترین گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و جوگرافی بەسەردا سەپێنرابوو.

پێداگری لەسەر هەمان تێز
ئەو ئاراستەیەی دوای سەرۆک مام جەلال بینیمان لەلایەن نەیارە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی عیراق و کەرکوکەوە، تەواو ئەو سیاسەتە بوو کە کەرکوکی وتەنی لە دوای پرۆسەوە هەوڵی بۆ دەدرا، بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی لە سەردەمی سەرکردایەتیی سەرۆک و سەرکردایەتییە یەکگرتووەکەیدا، تەرجەمەکردن و پراکتیزەکردنی هەمان تێز و تێڕوانینی سەرۆک تاڵەبانیی باوک بوو، بەو پێیەش تێزەکە واقیعییە و هاوتەریبە بە ئیدارەدانی وڵاتێکی فیدراڵی و گەلێکی فرە پێکهاتە، بۆیە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بوختان و پلانگێڕییانەی لێی کرد لە چەند ساڵی رابردوودا، هەم یەکێتی توانی لەڕووی حزبییەوە بە هێزی یەکەمی شارەکە بمێنێتەوە، هەم کوردیش توانی بە پێکهاتەی یەکەمی شارەکە بمێنێتەوە، بۆیە پێداگریی سەرۆک بافڵ لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتەکەی سەرۆک مام جەلال لە کەرکوک دووبارە دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانی ئەو شارەیە بەوانەشەوە کە نوێنەرەکانیان ئامادەی کۆبوونەوەکەی شەوی 10\11/8/2024 -یش نەبوون، بەڵام پێگە و مەقامیان پارێزراوە و پارێزگار دووبارە دەبێتەوە بە پارێزگاری هەموو کەرکوکییەکان. 

دانیشتنێکی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

وتارەکانی نوسەر