ئاگاتان لە رایەڵە کۆمەڵایەتییەکە بێت

11:00 - 2024-08-22
جەمال ئارێز
185 خوێندراوەتەوە

جیاواز لە هەموو وڵاتێک، کە باسی هەڵبژاردن لای خۆمان دێتە بەرباس،  بەتایبەتی کە وادەیەکی بۆ دیاریدەکرێت، لایەنە سیاسییەکان تای بانگەشەی هەڵبژاردن دایان دەگرێت و هێشتا وادەی رەسمیی دەستپێکردنی بانگەشە نەهاتووە، هەریەکە و بە شێوازێکی بێ لەزەت دەکەونە پەلاماردانی کەسایەتی و ئایکۆنەکانی یەکتری. 

نابێت یەکێتی و پارتی رێگە بدەن ململانێ حزبییەکانیان و شەڕە دەنووکی سیاسی، بێتە ئاستێک کە خەڵکی ئەم شار یان ئەو شار بەناوی دڵسۆزیی بۆ حزبەوە قسەی نەشیاو بەکۆی خەڵکی شارەکەی تر بڵێن

جاران ئەو شێوازە لە بانگەشەی پیشوەختە و (ئیحما) کردنە، بەزۆریی رەوت و لایەنە پۆپۆلیستەکان دەیانکرد، بەتایبەتی ئەوانەی کە یەکەم جاریانە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام خەریکە ئەو پەتایە نەک یەکێتی و پارتیش دەگرێتەوە، بەڵکو خەریکە دەبێتە سوکایەتیی شارەکان بە یەکتری، ئەمەش لەرێگەی گرتەی ڤیدیۆیی چەند کەسێکی (نەکیرە) کە کەس نایانناسێت و گەرەکیانە لە رێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام و...هتد -ەوە بەناوبانگ ببن و بەناوی خۆ شیرینکردنەوە لەلای هەندێک لێپرسراو کە نەخۆشیی شارچێتییان هەیە، پێگەیەک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
لێرەوە قسەکەم رووی لەو حزب و لایەنانە نییە کە هێشتا فێری رێوشوێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوون، چونکە زۆربەیان سوور خۆیان لە خۆیان دڵنیان کە ئەگەر تا چوار خولی تریش لە گەشەسەندندا بن، ئەوا هێشتا ناگەنە ئەو ئاستەی دەنگ و سەنگێکی ئەوتۆیان هەبێت بتوانن هاوسەنگیی هێز بگۆڕن، بەڵام قسەکەم بۆ یەکێتی و پارییە کە سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان، بەڵام تا داهاتوویەکی دوورتر چارەنووسی ئەم هەرێمە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ئەستۆی ئەوانە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە، بۆیە نابێت هیچیان رێگە بەوە بدەن ململانێ حزبییەکانیان و شەڕە دەنووکی سیاسی، بێتە ئاستێک کە خەڵکی ئەم شار بەناوی دڵسۆزیی بۆ حزبەوە قسەی نەشیاو بەکۆی خەڵکی شارەکەی تر بڵێن.
ئەگەر بەبیر خۆمانی بهێنینەوە ساڵانی نەوەدەکان لە دەرەوەی دۆخی شەڕی ناوخۆ و شەڕە دەنووکی حزبایەتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان شارەکان ئەگەرچی ئاستەنگی هاتوچۆش هەبوو، بەڵام پەیوەندییەکی هاوسەنگ بوو، ئاکاری کوردانە و مرۆییانەی تێدا رەچاو دەکرا، تا ئەو ئاستەش زۆرکەس لە دەرەوەی بیری حزبایەتی و ناکۆکیی سیاسیش، ئاوارەی سلێمانی لە هەولێر و ئاوارەی هەولێر و دهۆک لە سلێمانی رێزلێگیراو بوون لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەدا، بۆیە بەپلەی یەکەم یەکێتی و پارتی دەبێت رێگربن لەو دیاردەیە. دیارە حزبەکانی دیکەش بەشێک لەو ئەرکەیان دەکەوێتە ئەستۆ، لانیکەم لەبەرئەوەی هەم پارتی چاوەڕوانی دەنگە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، هەم یەکێتیش چاوی لە دەنگی خەڵکی هەولێر و دهۆک و سۆران و زاخۆ و ئاکرێیە.
ئەرکی هەموو رووناکبیران و خەڵکی نەتەوەیی و نیشتمانی، یان ئەوانەش کە تەنها وەکو مرۆڤ سەیری دیمەنەکە دەکەن لە ئیسلامی و کۆمۆنیستەوە کە هەردووکیان نێونەتەوەیی بیردەکەنەوە، رۆڵی خۆیان ببینن لە بەرگرتن بەو دیاردەیە و ئەرکی ئەو بەکاربەرانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشە کە دژ بەو دیاردەیەن، هەریەکە و لای خۆیەوە ئەو پەیج و ئەکاونتانە بلۆک بکەن کە بەو ئاراستەیە کاردەکەن و ململانێ حزبییەکان دەگۆڕن بۆ ململانێی کۆمەڵایەتی و بەرگی شارچێتیی بەسەردا دەبڕن. 

وتارەکانی نوسەر