میدیای رەسمیی پارتی.. (زانیاریی) و ئیتیکتان باش!

09:54 - 2024-08-27
جەمال ئارێز
172 خوێندراوەتەوە

میدیای دەربەست و پابەند بە سیاسەتی رەسمیی ی.ن.ک دەیەوێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سیاسیی کوردستان و عیراقدا بکات و کارێک نەکات لایەنی دەروونیی هاووڵاتیانی کوردستان لەوەی هەیە زیاتر بشێوێت و هەمیشە لە هەوڵی راگرتنی هاوسەنگیی و پیادەکردنی ئیتیکی کاری رۆژنامەنووسیدایە، بەڵام بەداخەوە پ.د.ک نەک لەڕێی میدیای سێبەر و لێدوانی  هەندێک لێپرسراویانەوە، بەڵکو (خەبات) یشیان وەکو میدیای رەسمیی حزبەکە خستۆتە سەنگەری چەواشەکاریی و تێکدانی دۆخی دەروونیی هاووڵاتیانی کوردستانەوە.

پ.د.ک لە ئەنجامی کورتبینی و هەڵە لێکدانەوەی هاوکێشەکان لەم دوو ساڵەی رابردوودا تووشی جۆرێک لە شکستی سیاسی و دەروونی و ئیحراجیی بەردەم قاعیدە حزبییەکەی بووەتەوە، بەتایبەتی لە کەرکوک و موسڵ، بۆیە گوتاری میدیای رەسمیمان لە ماوەی رابردوودا بە جۆرێک بووە ئەوان ئیستیفزاز نەکەین و هێندەی تر لایەنی دەروونیی خەڵکی کوردستانیش نا ئارام نەکەین

رووداوەکەی کوڵەجۆ
رووداوەکەی بەرەبەیانی شەممە 25/8/2024 ی ناوچەی کوڵەجۆ-ی دەڤەری گەرمیان  و هاتنی هێزێکی (حەشدی شەعبی) بەبێ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ پێشمەرگە، دەستبەجێ لەلایەن فەرماندەیی محیوەرەکە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە لە ئاستێکی باڵادا هەڵوێستی لەبارەوە وەرگیرا و بە هەنگاوێکی قبووڵ نەکراو وەسفکرا خەختکرایەوە کە رێگە نادرێت ئەو هێزە لەو ناوچەیەدا بمێنێتەوە و ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نییە».
گریمان میدیاکانتان وایانزانی! 
هەرلە سەرەتای سنووربەزاندنەکەوە میدیای (سێبەر!)ی پارتی کەوتنە هۆنینەوەی بەیتوبالۆرەی جیاجیا کە گوایە لە ئەنجامی رێککەوتنی یەکێتی بووە لەگەڵ حەشددا، یەکێکی دیکەیان لە زاری (چاودێر)ێکی سیاسییەوە دەیوت: «هێزەکە ناکشێتەوە»، پاشان هەمان کەناڵ دەڵێت: «بەگوێرەی زانیارییەکان هێزەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەمێنێتەوە، کەچی کە هێزەکە کشایەوە، قڕوقەپیان لێکرد!

ئیحراجن لەبەردەم قاعیدەکەتان
ئەوە بەلای ئێمەوە سەیر نییە ئەوەیە پارتی لە دوو ساڵی  رابردوودا لە ئەنجامی کورتبینی و هەڵە لێکدانەوەی هاوکێشە سیاسییەکان و کورتهێنانی تەقدیریان لە (هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق بەتایبەتی کەرکوک و موسڵ، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، مەسەلەی کۆتاکان، بەکارنەهێنانی لیستی دەنگدەرانی هەرێم و کۆمسیۆنەکەی، بایکۆتی هەڵبژاردن، یاسای چوار بازنەیی و دواجاریش هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کوردی یەکێتی بۆ کەرکوک و...هتد) تووشی جۆرێک لە شکستی سیاسی و دەروونیی و ئیحراجیی بەردەم قاعیدە حزبییەکەی کردووە، لەسەروو هەمووشیانەوە ئەو سەرکەوتنەی کە یەکێتی بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی نەینەوادا بەدەستی هێنا چ لەڕووی کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکە و چ پۆستە ئیدارییەکان کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا پارتی بە قۆستنەوەی لیستی هاوبەش و هاوپەیمانی و پەرۆشیی یەکێتی بۆ تێکنەدانی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد هەموو پۆستە ئیدارییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەی بە کادرانی خۆی پڕدەکردەوە بەڵام ئەمجارە ئەو قۆرغکارییەی بۆ نەچووەسەر.
بۆیە سەرەڕای هەموو ئەو شکستانەی ئەو حزبە، سیاسەت و گوتاری میدیایی ئێمە لە یەکێتی بەو جۆرە بووە کە زۆر باس لە سەرکەوتنی سیاسەت و روئیای یەکێتی نەکەین تا ئیستیفزازیان نەکەین و دۆخی سیاسی و مەزاجی گشتیی هاووڵاتیان و لایەنی دەروونیان خەڵکی کوردستان نەشێوێنین، بەڵام بەداخەوە ئەمجارەیان میدیای رەسمیی پارتی ناشیرینییەکی تریان بۆ خۆیان تۆمارکرد، چونکە میدیا سێبەرەکانیان هاوکاتی رووداوەکە فاڵیان دەگرتەوە و لەدوای کشانەوەی حەشد بێدەنگ بوون، کەچی رۆژنامەی زمانحاڵی پارتی کە بۆ رۆژی دواتر دەرچووە بە راپۆرتێکی چەواشەکارانە دۆخەکەی وەک دوو سەعات پێش کشانەوەکەی حەشد تۆمار کردووە، لەکاتێکدا ئێمەی میدیاکار دەزانین ئەگەر ئەو راپۆرتە بە مەبەست نەبێت، دەکرا سەرلەئێوارە دوای روونبوونەوەی راستییەکان لەسەر ماکێت لاببرێت. جگەلەوەش ئەوانەی قسەیان تێداکردووە، یەکێکیان سەرچاوەیەکی ئەمنیی نادیارە و یەکێکیشیان کاندیدی پارتییە بۆ هەڵبژاردن، سێیەمیشیان جاران لە کوتلەی حکومیی پارتی وەزیر بووە و ئەوکات شارەزای هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ بوو، ئێستا بووە بە شارەزای هەڵدانەوەی بیری نەوت!.
کوڵەجۆمان تێپەڕاند و 31ی ئابمان لە پێشە
ئەوەی لەهەمووی زیاتر جێی سەرنجە بۆ ئێمە لە میدیای  یەکێتی، قسەکردنە لە کوڵەجۆ، لەکاتێکدا کۆتایی ساڵی 1991 سوپای عیراق بە بیانووی بردنەوەی تەرمی سەرباز و کەرەستە سەربازییە لەکارکەوتووەکانیان ئیزنیان لە سەرۆکی وەفدی  دانوستانی پارتی وەرگرت پێشمەرگە بۆ چەند سەعاتێک بکشێنەوە تا ئەو کارە دەکەن، بەڵام هەر ئەو هاتنە بوو ئیدی تا 2003 نەگەڕانەوە و کە دواتر دەرکەوت ئەوەش سەفقەیەک بوو بۆ کوڵەجۆی تێدا فرۆشرا.
چەند جارێک بەیت و بالۆرەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرمان روونکردەوە و خەڵکانی بێلایەنیش راستییەکان دەزانن و لەهەموو خەڵکیش زیاتر دانیشتوانی کوردی کەرکوک دەزانن، هەربۆیەشە لە هەرسێ هەڵبژاردنی 2018 و 2021 و 2023دا بە دەنگەکانیان بۆ یەکێتی وەڵامی ئەو چەواشەکارییانەیان داوەتەوە و چیتر پێویست بە وەڵامدانەوەی ئێمە ناکات.
دیارە گەرەکیانە میدیای یەکێتی لاپەڕەی کۆن هەڵبداتەوە کە هێندەی نەماوە بۆ 28 -ەمین ساڵیادی 31 ی ئاب، ئەوەش ئەوەیە کە میدیای یەکێتی نایەوێت، کە بشیکات وێنەی راستەقینە و ئابڕووبەری ئەوانیتر زۆر بەوردی رووت دەکاتەوە.


وتارەکانی نوسەر