ئێرانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ

10:50 - 2024-06-30
هیوا محەمەد
194 خوێندراوەتەوە

لەدوای نەمانی رژێمی شاهەنشای ئێران و هەڵاتنی محەمەد رەزا شا بۆ تاراوگە و ئەم وڵات و ئەو وڵاتکردن، دواجار لە میسر کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێ نێژرا.
 بە هاتنی حکومڕانییەکی نوێ و گۆڕینی ناوی ئەم وڵاتە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆخێکی نوێ کەوتە ناوچەکە و زۆرێک لە وڵاتانی تووشی شۆک کرد و سیاسەتی دەرەوەی هەریەک لە دوو لووتکەی جیهان، یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکای بە ئاراستەی جیاواز لە ناوچەکەدا گۆڕی، بەتایبەتی کە دروشمی سەرەکییی ئێران بووە نە شەرقی و نە غەربی، جمهوری ئیسلامی.

رێگریی لە گەشەسەندنی ئەو وڵاتە دەکەن
تا ئەمڕۆش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپییەوە رێگریی لە گەشەسەندن و پەرەسەندنی ئێران دەکرێت، ئەوان ئێران تۆمەتبار دەکەن لەلایەک بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و لەلایەکی دیکەشەوە بە فراوانخوازیی و پاڵپشتی بزووتنەوە شیعەمەزهەبەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی ئەم کێشانەوە هەر لە دوای هاتنە سەرکارییەوە، لە رێگەی هاندانی عیراق و خزاندنی بۆ ناو جەنگێکی 8 ساڵەوە لەگەڵ ئێران بە هەموو شێوەیەک دژایەتی کراو تا ئێستاش ئابڵوقەیەکی نیمچە جیهانیی دراوە و زۆرێک لە کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبەسترێتەوە بەو وڵاتەوە.

سیاسەتی نەگۆڕی وڵاتەکە
گۆڕینی چەندین سەرۆک کۆمار و حکومەت، کاریگەریی نەبووە لەسەر کۆی رەوتە سیاسییەکەی، چونکە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر هەندێک شت نەگۆڕە، لەسەروویانەوە ئیسرائیل و کێشەی فەلەستین، هەر بەم هۆکارەش هەوڵدەدرێت کە زیاتر لە کێشەوە بگلێنرێت و سەرقاڵ بکرێت تا نەیپەرژێتە سەر وەستانەوە بەرامبەر بە دوژمنەکانی.
ئەوەی گرنگە بۆ ئێران و سەرۆکە نوێیەکەی، مامەڵەکردنە لەگەڵ هەموو ئەو کێشە دەرەکییانەی کە هەیەتی، بەجۆرێک کە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی و خەڵكەکەی خۆی لەسەرووی هەر لایەنێکی دیکەوە بێت. 

جوگرافیایەکی فراوان
ئێران وڵاتێکی خاوەن جوگرافیایەکی فراوانە، لە باکوور و باشوورەوە لەسەر دەریایە، وا هەڵکەوتووە کە چوار وەرزە بەروبوومی کشتوکاڵیی هەیە، خاوەنی نەوتە، خاوەنی پیشەسازیی فراوانە، هەزاران کارگەی جۆراوجۆری هەیە، هەر لە ئۆتۆمبیل دروستکردنەوە تا سەدان جۆر مەکینە و ماتۆڕ و دەزگای تر، وەک خۆیان دەڵێن سیاسەتی پشتبەستن بە خۆیان (خود کفائی) گرتۆتە بەر، بۆیەش تا ئێستا سەرەڕای ئەو هەموو ئابڵوقەیەی لەسەریەتی، هێشتا لەسەر پێی خۆی وەستاوە و لە رەوتی پێشکەوتن پاشەکشەی نەکردووە.
مانەوەی ئەمە و زیاتر پێشخستنی، بە گرتنەبەری سیاسەتی نوێی سەرۆک کۆماری نوێ و حکومڕانیی نوێ کە زیاتر لە بیری وڵاتەکەیاندا بێت و گرنگیی زیاتر بە کۆمەڵگەی ئێرانی بدات، مسۆگەر دەبێت.
خەڵکی ئێران کە بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆک دەکەن، بۆ ئەوەیە ئەو کەسە باشتر خزمەتی وڵاتەکەیان بکات و بە ئاقاری ئاشتی و ئارامیدا بەرێت، چونکە ئەو وڵاتە لەچاو وڵاتانی دەوروبەری لە ئاستێکی باڵای پێشکەوتندایە، کۆمەڵگەکەشی پێشکەوتوو ترە، ماوە بەڕێوەبردنی وڵاتەکە گونجاو بێت لەگەڵ سیاسەتی جیهانی و هەموو شتێک لە خزمەتی خەڵکەکەیدا بێت.

سنوور لەگەڵ هەرێمی کورستان
بۆ ئێمەش لە هەرێمی کوردستان کە سنوورێکی درێژمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، وا چاوەڕوان دەکەین کە سەرۆک کۆماری نوێ، زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان بدات لە هەموو بوارەکانەوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش لە سوودی هەردوو لامانە.

 

هەڵبژاردن بۆ دیاری کردنی سەرۆکی نوێ

وتارەکانی نوسەر