خۆمانە و خێزانیی

مرۆڤبوون رێزگرتنە لە ژن

12:00 - 2024-06-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
177 خوێندراوەتەوە

(8)
نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوینە، گەرمیی تەنوری نانەکە ئەوەندەی تر بێحەوسەڵەی کردووین، هەرسێکمان چاوەڕێی نانین، خانمێک خەریکی وەرگرتن و بژاردنی نانەکانێتی، بەڵام پیاوێکی کەشخە و رێکپۆش لە جلوبەرگ و پیس و پۆخڵ لە رەفتاردا پەلەیەتی و دەست دەداتە نانەکان و بەحیسابی خۆی بۆی دەبژێرێت و بەڕێی دەکات، ئەو خانمەش دیارە کەسێکی عەمەلییە، بەئاستەم دەڵێت کاکە گیان دەستیان لێمەدە خۆم کۆیان دەکەمەوە، بەڵام هەر ئەوەندە دەزانی پیاوە دەتەقێتەوە و هەرچی قسەی ناشیرین هەیە بە جلوبەرگ و کەسایەتی ژنەکە دەدات، ژنەش وەڵامی ناداتەوە و بە بێدەنگیی نانەکانی کۆدەکاتەوە و دەڕوات. من کە ژنێک بووم لەوێدا ویستم وەڵامی بدەمەوە کە هەر کەسێک بێت بۆی نییە بەو جۆرە سووکایەتی ناڵێم بە ژنێک، بەڵکو بە مرۆڤێک بکات، بەڵام بێگومان لەبەرئەوەی ئەو مرۆڤە ژنە ئەوە زیاتر هانیدا ئەو کاردانەوە توندەی هەبێت، رەنگە ئەگەر پیاوێک بوایە نەیوێرایە هیچ بڵێت، ئەوەی زیاتر تووشی شۆکی کردم بینیم کارمەندەکانی ئەوێ پشتی پیاوەکەیان گرت و دەستخۆشی ئەو بێڕێزیی و سووکایەتییەیان لێ کرد، بۆیە ئەوە وایکرد منیش بێدەنگ بم، ئیگۆی پیاوەکەش بەوە زیاتر ئەوەندەی تر گەورە بوو، بەجۆرێک وایلێبکات لە داهاتوودا چەند بارەی بکاتەوە، هاوکات خەمبار بووم لەوەی نەمتوانی بەرگری لەو ژنە بکەم، ئەوەش لەبەرئەوەی رەنگ بوو خراپتر لەو ژنە بێڕێزییم بەرامبەر بکات، منیش کەسێکم لە مافی خۆم خۆش نابم و کێشەکە گەورەتر دەبوو.

کەسێک نەزانێت رێز چییە بەتایبەتی بەرامبەر بە ژن، پلەیەک لە مرۆڤ کەمترە، چونکە رێزگرتنی بەرامبەر رەوشتێکە هەر لە منداڵییەوە لە خێزانەوە فێری دەبیت

بە رای من کەسێک نەزانێت رێز چییە بەتایبەتی بەرامبەر بە ژن، لە نزمترین پلەی مرۆییدایە و پلەیەک لە مرۆڤ کەمترە، چونکە رێزگرتنی بەرامبەر رەوشتێکە هەر لە منداڵییەوە لە خێزانەوە فێری دەبیت و کەسێکی بێڕێز واتای وایە لە خێزانێکی بێڕێزەوە هاتووە، بۆیە تا بتوانیت خۆتیان لێ لابدەیت باشترە، چونکە لەم کۆمەڵگە پیاوسالارەی ئێمەدا وەک نموونەی ئەو نانەوخانەیە هەمیشە دەستخۆشی و پشتگیریی پیاوێکی بێڕێز لەبەرامبەر ژنێکی بەڕێزدا دەکرێت و بەگشتی بێڕێزەکان دەنگیان لە بەڕێزەکان بەرزترە و لە پێشەوەن، زۆربەی کاتیش مافی ئەوانەی لە خێزانی بەڕەوشت و خاوەن بەهاوە هاتوون دەخۆن، دواجار تائێستا لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان بە گشتی و کۆمەڵگەی ئێمە بەتایبەتی فێری ئەوە نەبووین پیاوەتی دەنگی بەرز و خۆزاڵکردن نییە و مرۆڤبوون رێزگرتنە لەوانی دیکە جا ژن بێت یان پیاو. 

وتارەکانی نوسەر