رۆزا دڵشاد مەریوانی
ئەو رێوشوێنە ژینگەییانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتانی ئەندامیان وەک چارەسەر بۆ ژینگە داناوە، تا گەیشتن بە ساڵی (2030) بەداخەوە هێشتا بەشێکی زۆری جێبەجێ نەکراوە
لەم سەردەمەدا یەکێک لە پرسە گرنگەکانی رۆژ لە هەموو دنیادا پرسی ژینگەیە، چونکە دۆخی ژینگەی جیهان تا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات و ئەو رێوشوێنە ژینگەییانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتانی ئەندامیان وەک چارەسەر بۆ ژینگەی وڵاتەکانیان داناوە، تا گەیشتن بە ساڵی (2030) بەداخەوە هێشتا بەشێکی زۆری جێبەجێ نەکراوە، وەک کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی کە کاریگەری هەیە بۆ زیادبوونی گازی ژەهراوی و دیاردەی گەرمبوونی جیهانیی، لەبری ئەوە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە..هتد، بەڵام کاتێک وەک تاکێک دەڵێیت دەمەوێت ژینگەدۆست بم، رەنگە زۆربەمان نەزانین چۆن دەتوانین ژینگە دۆست بین؟ ئایا ژینگە دۆستیی مانای چییە و دەبێت چیبکەین تا وەک مرۆڤێک کەمتر بەشدار بین لە پیسکردنی ژینگەدا؟ هەر یەکێک لە ئێمە چۆن پارێزگاری لە ژینگە بکات، واتا ئەو بابەتانەی لە دەسەڵاتی ئێمەدایە بیکەین یان نەیکەین چییە؟
بێگومان رێوشوێن زۆرە بۆئەوەی ببیت بە ژینگە دۆست، رەنگە هەندێکیان کەمێک تێچووی ماددی بوێت، وەک چاندنی دارودرەخت بەپێی ئەندامانی خێزان لە نێو ماڵ یان بەردەرگای ماڵەکانمان و خزمەتکردنیان، هاوکات بەپێی ستانداردی جیهانی، هەر مرۆڤێک بۆ ئەستۆپاکیی خۆی بەرامبەر ژینگە، پێویستە (7-16) درەخت لە ژیانیدا بچێنێت، جگەلەوە هەندێ خووی رۆژانە هەیە وادەکات کەمتر ژینگە پیس بکەین و تێچوویەکی ئەوتۆشی نییە، لەوانە تا دەتوانین پلاستیک نەخەینە ژینگەوە، وەک قاپ و کەرەستە پلاستیکییەکانی یەکجار بەکاردەهێنرێن و فڕێدەدرێن، کەمتر بەکارهێنانی ئاوی دەبە لە ماڵەکانماندا وەک بەستنی فلتەر لەبری کڕینی ئاوی دەبەی پلاستیک، کەمتر بەفیڕۆدان و فڕێدانی پاشماوەی خۆراک، هەر خێزانە و بەپێی پێویستی خۆی بکڕێت و بخوات و کەمتر پاشماوەی خۆراک فڕێ بدات، چونکە یەکێک لە گازە ژەهراوییەکانی بۆ ژینگە خراپە، بەهۆی پاشماوەی خۆراکەوە دروست دەبێت، هەروەها هەوڵدان بۆ کڕینی زیاتری بەرهەمە خۆماڵییەکان نەک ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن و لە قاپ و لە قوتونراون، لەبری فڕێدانی ئەو جلوبەرگ و بابەتانەی چیتر بەکاریان ناهێنین بیانبەخشین بە کەسانی تر یان رێکخراوە خێرخوازییەکان.
بۆیە دەبینین بوون بە کەسێکی ژینگەدۆست ئەوەندە قورس نییە، یان وابزانین هەموو کەسێک ناتوانێت ببێت بە ژینگە دۆست، ئەوەندە بەسە لەبیرمان بێت ئەم خاکە تەنیا هی ئێمە نییە و بەجۆرێک جێینەهێڵین، نەوەکانی داهاتوو نەفرەتمان لێبکەن لەوەی دنیایەکی ژەهراویمان بۆ بەجێهێشتوون.